جادووگەر و فاڵچی و نووشتەچییەکان کۆمەڵگا بەرەو کارەسات دەبەن

نوشتە و فاڵ و جادوو، مێژوویەكی زۆر كۆنی هەیە و لە هەموو كۆمەڵگەكاندا هەیە، بەڵام بە جۆر و شێوازی جیاواز. جادوو و نووشتە و فاڵ، بەپێی یاسا ڕێگەپێدراو نییە و هەر کەسێکیش جادوو و نووشتە بۆ خەڵکی بکات سزایەکی تووند دەدرێت. لە هەرێمی کوردستان ئەو جۆرە کارانە زۆربوونە و هەر کەسێک هەڵدەستێت جادوو و نوشتە بۆ خەڵکی دەکات و لەبەرامبەردا بڕە پارەیەکی باش وەردەگرێت، کێشەکە لێرەدایە خەڵک بڕوایان پێدەکات و وا هەست دەکەن ئەو جادوو و نووشتەیە کێشەکانیان بۆ چارەسەر دەکات، بەڵام وانییە و تەنیا ئامانج لەو کارەیان فریودانی خەڵک و بەدەستهێنانی پارەیە.

ئاری نوری، تەمەنی ٢٨ ساڵە و دانیشتووی هەولێرە، ماوەی ساڵێک بەڕێگای فاڵچی و ساحیرەكانەوە بوو، پارەیەکی زۆری دەدا تا خۆشەویستە کۆنەکەی بگەڕێتەوە، بەڵام هەمووجارێک بێهیوا دەبوو. ئەو وەک خۆی بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر”دەڵێ”خۆشەویستەكەم بەهۆی كێشەیەكەوە لێم جیابۆتەوە، منیش زۆر هۆگری ببووم، نەمتوانیوە بەبێ هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی دابنیشم، بۆیە لەڕێگای چەند هاوڕێیەکمەوە دەچوومە لای ئەو کەسانەی جادوو و نوشتە دەکەن، پارەیەکی زۆرم دەدا بەڵام هەمووی بێ سوود بوو. لەماوەی ساڵێکدا زۆر سەردانی ساحیر و فاڵچیم کرد هەموو جارێك نووشتە یان كارێكیان بۆ دەكردم بە ٥٠٠ تا ٦٠٠ دۆلارم دەدا. تا ئێستا نزیکەی ٥00٠ دۆلام خەرج کردووە لەڕێگای فاڵ و نووشتەوە بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامی هەبێت.
دەشڵێ” نووشتەم دەكرد و دەمهێنایەوە تا لەژێر گڵدا بیشارمەوە، زۆر چاوەڕێی ڕوودانی گۆڕانكارییەك بووم، بەڵام هیچ سوودی نەبوو..
ئەسمەر تەمەنی ٣٢ ساڵە و یەكێكە لە قوربانیانی فاڵ و نووشتە، دووجار نوشتەی كردووە بە دوو نرخی جیاواز، یەكەمیان بە ١٥٠000 دینار و دووەمیشیان بە ٤٠000٠ دینار، ئەنجامەكەیشی هیچ نەبووە. بەهۆی نەگوونجانی لەگەڵ مێردەكەی جیابۆتەوە، ناڕەحەتی و نەهامەتی زۆری بینیوە و بڕیاریدا نووشتە بكات بۆ ئەوەی جارێكیتر چانسی هەبێت.
تارا کچێکی دانیشتووی هەولێرە ئەو دەربارەی نووشته و جادوو دەڵێ:” من چەندین جار چوومەتە لای ساحیر، ساحیرەكە یان داوای وێنەی ئەو كەسە دەكات یان پارچە قووماشێكی كەسەكە، یاخود داوای مەڕێكی دەكرد تا بە خوێنەكەی لەسەر وەرەقەیەك بنووۆسێت، دواتر دەیگووت نووشتەكە لەژێر گڵدا بشارەوە یان بەدەرزییەك بەخۆتیەوە هەڵواسە. من بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشتم، نەک من بگرە ئەوانەی وەک من بەو ڕێگەیەدابووم نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێک و تەنیا پارەکەیان سەرف کرد.
سیاوەیش تەڵعەت کە پزیشكێکی دەرونییە، ئەو بۆ “ڕۆژنامەی هەولێر” دەڵێ:” ئەو كەسانەی پەنا بۆ ئەو حاڵەتانە دەبەن لە تەنگژەیەكی توونددا دەژین و هاوسەنگی دەروونییان لەدەستدەدەن، هیچ واقیعێك ناگۆڕێت بۆ ئەوەی بە ئامانجەكەی بگات، لەگەڵ ئەوەدا پارەكەشی بە فیڕۆ دەچێت. مەترسی جادوو لەسەر خەڵك، ئەو كەسانەیە پێی هەڵدەخەڵەتێن و بەڵێنی گەورەیان پێدەدرێت، دواتر هیچ دەرناكەوێت و لەوكاتەشدا زیاتر هەست بە ڕوخان دەكەن بەوپێیەی ناگەن بە ئامانج. ڕێگەی چارەسەری ئەو كێشەیە بریتییە لە هۆشیاركردنەوەی خەڵك، بۆ ئەوەش پێویستە دامودەزگاكانی حكوومەت، ڕێكاری گوونجاو بگرنەبەر و هەر جێگایەك ئەو كارانەی تێدا دەكرێت دابخرێت. فاڵ و نووشتە، ئەگەر لای هەندێك بۆ چارەسەری كێشە و ئاشتەوایی بێت، ئەوا زۆرێك لە خەڵكیش بۆ تۆڵەسەندنەوە یان دروستكردنی كاریگەریی خراپ لەسەر كەسێكی تر پەنای بۆ دەبەن.
دەشڵێت:” ئەو كەسانەی سەردانی ساحیرەكان دەكەن بۆ
ماوەی ٤٠ ڕۆژ هیچ ڕۆژو و نوێژێكیان
قبوڵ نییە. تەنیا ئەو دوعایە ڕێگەپێدراوە خۆت بۆ خۆتی بكەی نەك لە ڕێگەی ساحیرو مەلاو فاڵچیەكانەوە داوابكرێت
نووشتە كێشەی كۆمەڵایەتی لێدەكەوێتەوە، هەندێك كەس كە بڕوایان پێی هەیە، وایدەبینن هەر كێشەیەك ڕووبەڕوویان ببێتەوە پەیوەندی هەیە بە فاڵ و جادووەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر دەربارەی ئەو حاڵەتە دەڵێ:” تائێستا نووشتە و جادوو حاڵەتە و نەبوەتە دیاردە، چەند بەناو شێخ و مەلایەكمان دەستگیركردوە بەناوی نووشتەوە خەڵكیان فریوداوە، سەرباری ئەوەش دەستدرێژییان كردوەتە سەر ژنان.
هێزە ئەمنییەكانی هەرێم، لە نێویاندا پۆلیس، هەر سكاڵایەكیان لە داواكاری گشتییەوە ئاڕاستە بكرێت، بەدواداچوونی بۆ دەكەن و داواكراوان دەستگیر دەكەن. ئاگاداری هاوڵاتییان دەکەمەوە لە هەر جێگایەك گومانیان هەبوو، لە فێڵ و هەڵخەڵەتاندن، بەناوی نووشتە و فاڵەوە، ئەوا دەزگاكانی پۆلیس ئاگادار بكەنەوە تا شوێنەكە دابخات.

ھەواڵی زیاتر