سەدان خێزانی کورد لە کەرکووک ھەڕەشەی دەرکردنیان لەسەرە

دانیشتووانی گەڕەکی عەرەفە لە کەرکووک نزیکەی دوو مانگە لە مانگرتن بەردەوامن، دەڵێن، تا ئێستە کەس بەدەم داواکارییەکانمانەوە نەھاتووە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکانمان نەدرێتەوە ھەڵوێستی دیکەمان دەبێت.

ھاووڵاتییانی گەڕەکی عەرەفە لە کەرکووک، دەڵێن: ئەوەی سوپا و بەرپرسانی ئەو شارە دەیکەن دوژمنکارییە بەرانبەر بە کورد، دەیانەوێت کورد لەو شارە ھەراسان بکەن و دەربەدەریان بکەن، ھەر ڕۆژە و بە بیانویەک دێنە گەڕەکە کوردنشینەکان و دەستگیرمان دەکەن، داوا دەکەین سەرکردایەتیی کورد بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێن و کێشەکەمان چارە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانین بە ئازادانە لە خانووەکانی خۆمان بژین، چونکە ئەگەر کێشەی گەڕەکەکەمان چارە نەبێت، زۆربەی گەڕەکە کوردییەکانی دیکە لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و کورد لەو گەڕەکانە دەبێتە کەمینە و ھەموو ئاوارە دەبن.
چەندین کێشە و نەبوونی خزمەتگوزاری یەخەی خەڵکی کەرکووکیان گرتووە، تابەرەو قوڵایی گەڕەکە کوردییەکان بڕۆی کێشەکان زیاتر دەبن، کۆبوونەوەی زبڵ و خاشاک و نەبوونی ئاو و کارەبا و خراپی ڕێگاوبانەکان و چەندین کێشەی دیکە خەڵکەکەی ھەراسان و بێزار کردووە. بەرپرسانی کوردیش لە شارەکە، دەڵێن: فشارەکانی سەر کورد لە کاتێکدایە کەرکووک بە بۆشاییەکی ئیداری تێپەڕ دەبێت و لە چاوەڕوانی کردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاداین بۆ گۆڕانکارییە ئیدارییەکان.
لایەنە براوەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تا ئێستە نەگەیشتوونەتە ھیچ ڕێککەوتنێک ھەر یەکە و مەرجی خۆی ھەیە، پارتی سوورە لەسەر مەرجەکانی و دەیەوێت پارێزگارێکی کوردی بێلایەن کە جێگەی ڕەزامەندی ھەموو پێکھاتەکان بێت ئیدارەی شارەکە بدات.
حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ڕایگەیاند: کار دەکەین بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی کەرکووکمان داوە، ھەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی دۆخی کارگێڕی کەرکووک بۆ سەردەمی پێش ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر و سەپاندنی پارێزگایەکی خۆسەپێن بگەڕێنینەوە و کار دەکەین بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی کاریگەرییەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی شارەکە.
سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، گوتیشی: لەسەر ئەو بەرنامەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دایناوە، بەشێوەیەکی ھاوسەنگ خزمەت دەکەین و ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکانی کەرکووک بە یەک چاو دەبینین و ھیچ جیاوازییەک ناکەین لە خزمەتکردنیان، بەتایبەتی کە پێشتر ئەو ھاوسەنگییە ڕانەگیرابوو لە خزمەتکردنی شارەکە و خەڵکەکەی.