لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ٪٨٠ی خەڵکی پێوەری ئاویان بەستووە

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر و دەورووبەری، ڕایگەیاند: ٪٨٠ی خەڵكی سنووری قەزای مێرگەسۆر پێوەری ئاویان بەستووە و لەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت خەڵكێكی زۆری سنوورەكە سوودمەند بوونە.

مەجروم دینۆ میرزا، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر و دەورووبەری دەڵێ: ٪٨٠ ی خەڵكی سنووری قەزای مێرگەسۆر پێوەری ئاویان بەستووە، ئەوانەشی كە ماون، فەرمانگەكانی حكوومینە، هێشتا هیچ بەرنامەیەك نییە بۆ ئەوەی ئەوانیش پێوەر ببەستن. زۆرێك لە هاووڵاتییان مانگانە پارەی ئاو كە قەرزدارن دەدەن، ئەوانەشی كە نادەن، زۆرجار بە ڕێگەی جۆراوجۆ ئاگادارمان كردوونەتەوە، بۆ ئەوەی لەو دەرفەتە سوودمەند بن كە سەرۆكی حكوومەت ڕایگەیاندبوو كە هەر هاووڵاتییەك پارەی كرێی ئاو بگەڕێنێتەوە ٪١٥ لێی خۆش بن، كە خەڵكێكی زۆر لەو دەرفەتە سوودمەند بوونە.
دەشڵێت: گوندەكانی بێشون، گۆڕێ، شێخان، شێتنێ، تاوەكو ئێستا پێوەری ئاویان بۆ نە بەستراوە، بۆیە ئەوانە كاتێك هیج كێشەیەكیان نەما، ئەوكات پێوەریان بۆ دەبەسترێت، ئەو شوێنانەی پێوەرشیان بۆ بەستراوە، پابەندن بە گەڕاندنەوەی پارەی ئاو. لە سنووری قەزای مێرگەسۆر، پێوەری ئاو سەركەوتوو نەبووە، تاوەكو ئێستا سێ جۆر پێوەرمان گۆڕیوون، یەكەمجار پێوەری ئەڵمانی هێنرا نزیكەی ٤٠٠ پێوەرمان بەهۆی سەرماوە تەقیون و تێكچوون، دواتر كردمان بە پێوەری توركی، ئەوانیش دەرنەچوون و كێشەیان هەبوو لە وەرزی زستاندا، لە ئێستادا جۆرە پێوەرێكی دیكەی ئیتاڵیمان هێناوە ئەوانیش ڕێژەیان كەمە لە بازاڕدا و ناچارین لە دەرەوە داوا بكەین.
لە ماوەی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان و بەتایبەتی ئەو هاوبەشانەی ئاو كە قەرزی حكوومەتیان لایە، بریاریدا بە ڕێژەی ٪١٥ داشكاندن بۆ قەرزی كرێی ئاو بكات، بەهۆی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو، هاووڵاتییان بە جۆش و خرۆشێكی زۆرەوە پێشوازیان لەو بڕیارە كرد و لە ئێستادا بە بەردەوامی هاوبەشانی ئاو سەردانی فەرمانگەی ئاو دەكەن بە مەبەستی دانەوەی قەرزی ئاو.