مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان : پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکان و یاسا و دەستوور لەلایەن هەر کەس و لایەنێکەوەبێ، ئایندەی گەش نابێت

بەبۆنەی ٥٤ەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:

(٥٤)ەمین ساڵیادی ڕێککەوتننامەی(١١ی ئادار)، ئەو ڕێککەوتننامەیەی لە نێوان سەرکردایەتیی سیاسیی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و حکوومەتی ئەوسای عێراق واژۆکرا، ئەو دەستکەوتەش بەرھەم و ئەنجامی خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی ڕۆڵەکانی کوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو.
ڕێککەوتننامەی ١١ـی ئادار، وەک بەڵگەنامەیەکی سیاسیی و یاسایی کاریگەری زۆری ھەبوو بەسەر بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان، یەکەمجار بوو حکوومەتی عێراق ناچار بکرێت دان بنێت بە مافە سیاسی و نەتەوەیی و ئیدارییەکانی گەلەکەمان، ھەروەھا ڕێگای گفتوگۆ بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە عێراقدا، بگرێتەبەر.
تایبەتمەندی ئەو دەسکەوتە مەزنە لەوەدایە وێڕای ڕەخساندنی زەمینەی بارودۆخێکی نوێی دانوستان و ئاشتەوایی، تا ماوەیەکیش کۆتایی بە شەڕ و کوشتار و ماڵوێرانی ھێنا، ھەروەھا چەند بڕیارێکی مەبدەئی و ڕاستیش درا سەبارەت بە مەسەلەی نەتەوایەتی لە عێراق و، ھەنگاوی بەرچاو نرا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانمان لەوانە: بڕیاردان لەسەر حوکمی زاتی لە کوردستانی عێراق و زمانی کوردی کرا بە دووەم زمانی فەرمی و چەندین دەستکەوتی تر.
ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار)لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا دەنگدانەوەیەکی سیاسی ھەبوو، بۆیە دەرفەتێکی تری ڕەخساند بۆ ناساندنی شوناسی نەتەوەییمان و ڕەوایی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان و پتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی و پێکەوەژیان، ھەر بۆیەش ئەو ڕێککەوتننامەیە ھەنگاوێکی بەسوود بوو بۆ سەرجەم گەلان و پێکھاتەکانی ئەو وڵاتە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو ڕووداوە گرنگە ڕۆڵ و سەنگ و قورسایی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی بۆ قۆناغێکی سیاسی پێشکەوتووتر گواستەوە بە جۆرێک لەسەر گۆڕەپانی سیاسی نێوخۆیی و جیھانیدا وەک ھێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێ.
ڕۆڵ و پلان و حیکمەتی بارزانیی نەمر لە مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار) ئەو ئاواتەی ھێنایە دی و ئەو بەڵێنەی بردەسەر بۆ کردنەوەی دەروازەیەکی نوێی ئازادی و سەرفرازی و ملکەچپێکردنی حکوومەتی عێراق بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە.
ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار)کە پاش زنجیرەیەک شۆڕش و بەرخۆدان و دەردەسەریی ھاتە ئاراوە و لەو قۆناغەیدا بناغەیەکی ڕاست و دروستیشی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و پتەوکردنەوەی یەکڕیزی و رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد داڕشت، ھەروەھا باشترکردنی ژیانی ھاووڵاتیان و بژێوی ژیانیان و ئاوەدانی و بونیاتنانەوە.
ئامانجی سەرەکی و ستراتیژی سەرکردایەتیی پارتیمان ئەوسا جێبەجێکردنی یەک بە یەکی بڕگەکانی ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ و ئایندەیەکی گەش و بەرھەمدار بۆ گەلەکەمان، بەڵام حکوومەتی ناوەندی ئەوسای عێراق بە پێچەوانەوە تا دەھات لە جێبەجێکردنی بەندەکانی پاشگەز دەبۆوە، بە ھەموو شێوەیەک نەیدەویست ڕێککەوتننامەکە بە ئاکام بگات، بۆیە بەردەوام بوو لە نکۆڵیکردن لە شوناسی نەتەوەیی کوردستانی بوونی کەرکووک و ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتوان لەو ناوچانەی زۆرینەیان کوردبوون، ھەروەھا گۆڕینی دیموگرافی خاک و شێواندنی واقیعی جیۆگرافی و نەتەوەیی و دابڕینیان لە خاکی کوردستان، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ڕێککەوتننامەیە بوو بە بناغەیەکی ڕاست و دروستی پرۆسەکانی دیالۆگ و گفتوگۆ، کە شۆڕشی کورد لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی عێراق ئەنجامی داوە.

ھاووڵاتیانی ئازیز و خۆڕاگر
کوردستانیانی بەڕێز
لەو دەرفەتەدا جێی خۆیەتی جارێکی دیکە ئاماژە بە ھەلومەرجی ھەستیار و مەترسیداری سیاسیی عێراق بدەین، ئاماژە بدەین بەو بەربەست و کۆسپانەی دێنە بەردەم جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە سیاسییانەی ھێزە سیاسییەکان لەسەریان رێککەوتوون بۆ بەڕێوەبردنی عێراقێکی فیدراڵ، ھەروەھا پاشگەزبوونەوە لە بنەما یاسایی و دەستوورییەکانی فیدڕاڵیەت و (ھاوبەشی، سازان و ھاوسەنگی)، کە ئەمەش لە بەرژەوەندی عێراق و پرۆسەی دیموکراسی و پێکەوەژیاندا نییە و، مێژوو سەلماندویەتی پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکان و یاسا و دەستوور لەلایەن ھەر کەس و لایەنێکەوەبێ، ئایندەی گەش نابێت.
لەم یادە شکۆمەندە مێژووییەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ھەمیشە جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکەینەوە بەجۆرێک بە ھەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەکانی کوردستان، لە داکۆکیکردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانمان و لە خاکەکەمان و لە دەستکەوت و قەوارە نیشتیمانییەکەمان، ھاوئاراستە و یەکگوتار بین و ھەموو ھەوڵێکی ڕژد و دڵسۆزانە بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەموولایەکمان بەرپرسانە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستان ڕەچاو بکەین و ئەرکی لەپێشینەمان پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان و ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانمان بێت.
ھەر لە بیرەوەری ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار)دا کە ھاوکاتە لەگەڵ ڕۆژژمێری ئازادکردنی شاری ھەولێری ئازیز لە(١١ی ئاداری ١٩٩١) بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییەکی گەرم و تایبەت لە ڕۆڵە خۆڕاگرەکانی شاری دێرین و پایتەختی ھەرێمی کوردستان دەکەین، ھیوادارین ھەمیشە ئاسوودە و ئارام و لە پێشکەوتندا بن.
لە بیرەوەری ڕێککەوتننامەی (١١ی ئادار) پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان دەکەین، سەری رێز و نەوازش بۆ شەھیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەھیدە نەمرەکانمان..

سڵاو لە بیرەوەری (٥٤) ساڵەی ڕێککەوتننامەی (١١ی ئاداری ١٩٧٠)
سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندوو
بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان
ھەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش ھەر ئاوەدان

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان