هەڵوەشاندەنەوەی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمان ستەمێکە لە پێکهاتەکان کراوە

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ڕایگەیاند؛ بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی باش بووە بۆ پێکەوەژیانی نەتەوە و ئاینەکان. دەشڵێت؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمووکات پاڵپشتی پێکهاتەکان و مافەکانی پێکهاتەکانی کردووە و پاڵپشتیش بووە لە بەهێزکردنی پێکەوەژیان.

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی سریان، کلدان و ئاشووری، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، ئەوەی خستەڕوو: دەبێت لەداهاتوودا پێکهاتەکان نوێنەرایەتییان هەبێت، چونکە بەبێ نوێنەرایەتی پێکهاتەکان، لەوانەیە پەرلەمان کەموکوڕی تێدا بێت، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆتاکان هەڵەیەکی مێژوویی بوو.
سەبارەی بە هەڵویستیان دژی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ هەڵوەشانەوەی کۆتاکانی پەرلەمانی کوردستان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، گوتی: ئێمە یاداشتی ناڕەزایەتیمان بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکی عێراق و دەسەڵاتی دادوەری و وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناردووە و پێمان گوتن بڕیارەکە سیاسییە و داپەروەری نییە. یاداشتەکەمان لە دژی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بووە کە دژی پێکهاتەکان دراوە، هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆتاکان هەڵەیەکی مێژوویی بوو.
ئەوەش دەڵێت: داوامان کردووە لایەنە پەیوەندیدارەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، چونکە ئەمە دەستوەردانە لە کاروباری پێکهاتەکان، گوتیشی: ئەو یاداشتەکەمان ناردووە بۆ نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی ڕاگەیاندووە؛ ئەوە ستەمێکە لە پێکهاتەکان کراوە، هەروەها گرنگە لە داهاتوودا پێکهاتەکان بەشێوەیەکی چالاکتر بوونیان هەبێت، ئەگەر لە ڕابردوودا نوێنەرانی پێکهاتەکان بەشێوەیەکی باش نوێنەرایەتی پێکهاتەکانیان نەکردبێت، نابێت بدرێتە دادگا و سیستەمی کۆتا هەڵبوەشێنرێتەوە. بۆیە ئەو بریارە بەمەبەست کرا.
هەر سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، دەڵێت؛ بڕیارەکە پێش کۆتاکان مەبەستییان لاوازکردنی پێگەی سیاسی هەرێمی کورستانە”، لەبەر ئەوە بوونی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی باش بووە بۆ پێکەوە ژیانی نەتەوە و ئاینەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمووکات پاڵپشتی پێکهاتەکان و مافەکانی پێکهاتەکانی کردووە و پاڵپشتیش بووە لە بەهێزکردنی پێکەوەژیان.