سه‌رۆك بارزانی دوای كۆتاهاتنی پرسه‌ی زه‌كیا مسته‌فا بارزانی په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانییه‌:-

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بە ناوی خۆم و هەموو ئەندامانی خانەوادەی بارزانی، سوپاسی بێ پایانی خۆمان ئاراستەی بەرپرسانی فەرمی و حكوومی و حزبیەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و باڵیۆز و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هێزی هاوپەیمانان و پیاوانی ئایینی و نوێنەری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان و سەرۆك و نوێنەری هۆزەكانی باشوور و ناوەڕاست و ڕۆژئاوای عێراق و نوێنەرانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و كەسایەتییە سیاسی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئاكادیمی و وەرزشی و فەرماندە و هێزە قارەمانەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆ و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی و ڕاگەیاندنكاران و هەموو چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و سەرجەم کوردستانییانی ئازیز لە هەر چوارپارچە و دەرەوەی وڵات دەكەم كە تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لە پرسەی خوشكی خوالێخۆشبوومان (زەكیا مستەفا بارزانی) و هاوسۆزی و هاوخەمیان دەربڕی و لە خەمی ئێمەیان كەم كردەوە.

هەروەها سوپاسی هەموو ئەو سەرۆك و بەرپرس و كەسایەتیی وڵاتان و دۆستانی بیانی و هەموو ئەو بەڕێزانەی دەرەوە و ناوخۆی كوردستان و عێراق دەكەم كە لە ڕێگەی تەلەفۆن و بروسكە و پەیامی سەرەخۆشی لە خەمی ئێمەدا شەریك بوونە.

هاوبەشیی خەڵكی ئازیزی كوردستان و دۆستانمان، لە خەم و پرسە و كۆستەكاندا هەردەم جێگەی ڕێز و تەقدیرمانە. پێزانینم هەیە بۆ هەموو ئەو خەڵكەی لە دوور و نزیكەوە هاتبوون و ئەركیان كێشا و لە خەمی ئێمە بەشدار بوون. لێرەدا سوپاسی هاووڵاتییانی خۆشەویستی شارۆچكەی سەلاحەددین دەكەم كە لەو چەند ڕۆژەدا تەحەمولی زەحمەتی و قەرەباڵخیی پرسەكەیان كردووە، و میوانداریی خەڵكیان كردووە. هەروەها سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی هێزەكانی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی ناوخۆ و تیمە تەندروستییەكان دەكەم كە ئەركی ڕێكخستنی ڕێگەوبان و ئاسایش و ئاسانكاریان بۆ میوانان لەسەر شان بوو.

لە خودای مەزن داواكارم خێری هەمووان بنووسێت و لە بەڵا و ناخۆشی دوور بن، ڕەحمەتی خودا لە كۆچكردووی هەموو لایەك بێت.

مسعود بارزانی

26ی شوباتی 2024