دووەم ڕۆژی پرسەی “زەکیا مستەفا بارزانی” بەڕێوەچوو

دوێنێ، دووەم ڕۆژی پرسەی خوالێخۆشبوو”زەکیا مستەفا بارزانی” خوشکی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە پیرمام بەڕێوەچوو، کەسایەتی و سەرۆکی حزب و ڕێکخراو و نوێنەری لایەنە سیاسییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە و هاووڵاتیانی کوردستان سەردانی پرسەکەیان کرد.

مەحموود عەباس سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی کرد
مەحموود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین، لە پێوەندییەكی تەلەفۆنیدا بەبۆنەی كۆچی دوایی (زەكیا مستەفا بارزانی)، پرسە و سەرەخۆشی بە سەرۆك بارزانی گەیاند.

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌ره‌خۆشی له‌ سه‌رۆك بارزانی کرد
به‌هۆی كۆچی دوایی زەکیا مستەفا بارزانی، نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق په‌یامێكی سه‌ره‌خۆشی بڵاوكرده‌وه‌.
له‌ به‌شێكی په‌یامه‌كه‌ی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراقدا هاتووه‌: به‌هۆی كۆچی دوایی زەکیا مستەفا بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیران محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی سه‌رۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ده‌كات.
له‌ په‌یامه‌كه‌دا هه‌روه‌ها هاتووه‌، وێڕای ئاراسته‌كردنی په‌یامی سه‌ره‌خۆشی، سوودانی هیوای خواست سه‌برو ئارامی به‌ كه‌سوكاری خوالێخۆشبوو ببه‌خشێت.

سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە وەكالەت بەشداریی لە پرسەکە کرد
موحسین مەندەلاوی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەكالەت، بەیاوەری ژمارەیەك پەرلەمانتار، بەشداری لە پرسەی خوشكی سەرۆك بارزانی كرد كە لە شارۆچكەی پیرمام بەڕێوەچێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە وەكالەت، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كردوو داوای لە خودای مەزن كرد خوالێخۆشبوو (زەكیا مستەفا بارزانی) بە بەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات.

فالح فەیاز سەردانی پرسەکەی کرد
فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، لەکاتی بەشداری لە پرسەی “زەکیا مەلا مستەفا بارزانی”، خوشکی سەرۆک بارزانی رایگەیاند، “هاتین سەرەخۆشی لە سەرۆک بارزانی بکەین، لەو ساتە خەمگینەدا هاوبەشی خەمیانین، ئەمە بەشێکە لە ئەرکی کۆمەڵایەتی بەرانبەر بە کەسایەتییەکی نیشتمانی و هەروەها بەرانبەر بە پارتی و برایانیشمان لە هەرێمی کوردستان”.
هەر دوێنێ، هەریەکە لە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر بەشدارییان لە پرسەکەدا کرد و سەرەخۆشیان لە سەرۆک بارزانی کرد. جگە لە سەرکردەعێراقیەکانیش سەرکردەی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش سەردانی پرسەکەیان کرد و هاوخەمی خۆیان دەربڕی.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی پرسەی خوالێخۆشبوو( زەکیا مستەفا بارزانی) لە هۆڵی تەشریفاتی بارەگای بارزانی لە شارۆچكەی سەلاحەدین بەڕێوە دەچێت.