حکوومەت بەبێ جیاوازی ئاوەدانی گەیاندووەتە هەموو شوێنێک

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە یەکەم سەردانیدا بۆ پارێزگای ھەڵەبجە وەکو سەرۆکی حکوومەت بە دەستی پڕەوە سەردانی پارێزگاکەی کرد، جیا لە دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی، سەردانی چەند پڕۆژەیەکی کرد. پارێزگاری ھەڵەبجە، دەڵێت: یاداشتەکەمان لە نۆ خاڵ خۆی دەبینیەوە و سەرۆکی حکوومەت ھەمووی بۆ جێبەجێ کردوون ئەمە دەستێکی پڕ خێر و بەرەکەتە بۆ شارەکەمان.

سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دوای سەردانەکەی بۆ پارێزگای ھەڵەبجە پەیامێکی ئاراستەی ھەڵەبجەییەکان کرد و ڕایگەیاند: دڵنیابن ئێمە ھەمیشە دڵمان لەگەڵ ئێوەیە و پشتیوانی داوا ڕەواکانتانین.
ھەروەھا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئاماژەی بەوەشکرد، خزمەتکردنی خەڵکی ھەڵەبجە ئەرکێکی نیشتمانییە و ئێمە زیاتر دەکەین.

پرۆژەکانی هەڵەبجە
ئەو پڕۆژانەی لە پارێزگای ھەڵەبجە کراونەتەوە، ئەوانەشی سەرۆکوەزیران سەردانی کردوون، پڕۆژەی ستراتیژین و لە چوارچێوەی گرنگی پێدانی حکوومەتە، بە بەرھەمی ناوخۆیی و ئاسانکاری بۆ جووڵەی بازرگانی و گەشتوگوزار و وەبەرھێنان لە پارێزگای ھەڵەبجە، جیا لەوەش ھاندان و بووژانەوەی بەرھەمی خۆماڵییە بەسوود وەرگرتن لە توانا و دەستی کاری ناوخۆیی و ھەروەھا ھەنگاونان بە ئاراستەی خۆبژێوی لە ھەموو سێکتەرەکان. ھاووڵاتیانی شارەکە خۆشحاڵی خۆیان بەم سەردانە دەربڕی و دەڵێن: سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کاروانی ئاوەدانی بەدوای خۆیدا دەھێنێت و شانازی پێوە دەکەین.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەدا و دوای بەسەرکردنەوەی مینۆمێنتی ھەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، بەردی بناغەی ڕێگەی ھەڵەبجە – تووەقوت – قلیجە و پردی تووەقوتی دانا، کە یەکێک بوو لە داواکارییە سەرەکییەکانی دانیشتووانی ھەڵەبجە کە دەرچەیەکی گرنگی ئابووری و گەشتیاری دەبێت بۆ سنووری ئەو پارێزگایە. سەرۆکی حکوومەت لە ڕێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە، خەڵکی ئەم دەڤەرە، قوربانییەکی زۆریان داوە و ئازارێکی زۆریان چەشتووە، ھەڵەبجە بووەتە سیما و سیمبولی قوربانیدان و نەھامەتییەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام جێی داخە، کە ھەڵەبجە وەکو پێویست خزمەت نەکراوە و لەم ڕووەوە پێویستە بەرپرسانی ئەم دەڤەرە و ھەموومان، خۆمان بە قەرزاری خەڵکی ھەڵەبجە و کەسوکاری گشت شەھید و ئەنفالکراوانی کوردستان بزانین.

بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران بۆ هەڵەبجە
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری ھەڵەبجە باس لە ناوەڕۆکی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بۆ پارێزگاکە دەکات و دەڵێت: مەسرور بارزانی زۆر بە ڕێزەوە سەیری شەھیدان و مێژووی ھەڵەبجەی کرد، پێنج سەد کەس لە کوڕ و کچی ھەڵەبجە کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگەکانن دادەمەزرێن، کردنەوەی پرد و دانانی بەردی بناغەی ڕێگای تووەقوت بەگوژمەی سی و یەک ملیار دینار کار ئاسانی بۆ ھاووڵاتییان دەکات و ھەلی کار دەڕەخسێنێت، چونکە ئەو ڕێگایە لە بازگەی ھەڵەبجەوە واتە بە درێژایی ٢٧ کیلۆمەتر ھەڵەبجە بە دەربەندیخان، گەرمیان، ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دەبەستێتەوە، ھەروەھا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریدا کۆلێژی پزیشکی لە پارێزگای ھەڵەبجە بکرێتەوە، کە ھەنگاوێکی زانستی گەورەیە بۆ ئەو پارێزگایە، لەگەڵ ئەوەی سەرۆکوەزیران بڕیاریدا ناحیەی خورماڵ بکرێتە قەزا و یەکسەر دەست بە جێبەجێکردنی ڕێککارەکان بکرێت، ھەروەھا زۆر گەڕەک و کۆڵانی ھەڵەبجە و شار و شارۆچکەکانی دیکەی سنوورەکە قیرتاو دەکرێن، سەرۆکی حکوومەت بڕیاری دا ھەر چی زووە بە درێژایی پەنجا کیلۆمەتر ڕێگاوبانی کۆڵانەکان قیرتاو بکرێن، خاڵێکی دیکە دەستی وەبەرھێنان، کە دەستێکی گرنگە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ھەڵەبجە و دەوروبەری، وا دەکات دەستی وەبەرھێنەر و بەڵێندەران بگاتە شارەکە بۆ دروستکردنی کارگە و پڕۆژەی گەورە، یاداشتەکەمان لە نۆ خاڵ خۆی دەبینیەوە و ھەمووی بۆ جێبەجێ کردوون ئەمە دەستێکی پڕ خێر و بەرەکەتە بۆ شارەکەمان.
پارێزگاری ھەڵەبجە، دەشڵێ: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیاریدا بەشێک لە داھاتەکانی سنووری پشتە و بەمۆ، ھەروەھا تەوێڵە بۆ پارێزگای ھەڵەبجە دابینبکرێت.
پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گوتی: من لە نزیکەوە ئاگادارم چەند جارێک بوو لەلایەن سەرۆکوەزیران پلانی چوونە ھەڵەبجە دادەنرا، بەڵام ھەرجارە و بە ھۆکارێک شتێک دروست دەبوو یان دروستدەکرا سەردانەکە دوا دەکەوت.
لەبارەی ناوەڕۆکی فەرمانەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پارێزگای ھەڵەبجە، پێشەوا ھەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پڕۆژەکانی وەبەرھێنان و گەشتیاری و کشتوکاڵ لە ھەڵەبجە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت و ڕێنمایی و مەرجی قورس لەسەر ئەم پارێزگایە دەبێت ھەڵبگیرێن و بازرگان و سەرمایەدارانی ھاندا کە بێنە ھەڵەبجە بۆ کارکردن و حکوومەت ڕێگایان بۆ ئاسان دەکات ھەتا خزمەت بکەن.
پێشەوا ھەورامانی، ڕوونیکردەوە: سەرۆکی حکوومەت گوتی، من نیگەرانیم بینی لەوەی کە بۆچی تا ئێستە ئەوەی بۆ ھەڵەبجە کراوە نە لە ئاست تموحی خەڵکەکەی بووە، نە لە ئاست تموحی ئێمە بووە، ھەڵەبجە دەبوو زیاتر و باشتر خزمەتبکرێت و ئەمەی بۆی کراوە من زیاتر لەمەم دەوێت.
وتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خەمخۆرانە و دڵسۆزانە گوێی لە داواکاری کەسوکاری قوربانییان دەگرت و لەکاتی ڕوونکردنەوەکانی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە، حەسرەت و خەمی کوردێکی خاوێن و ڕەسەن و خەمخۆر بەدیدەکرا کە زۆر خەمخۆرانە پرسیاری دەکرد و داوای وەڵامی دەکرد.
ھاوکات بۆ وەڵامدانەوەی داواکاریی ھەڵەبجەییەکان، پێشەوا ھەورامانی، ئاشکرایکرد: بۆ ھەموو ئەو داواکارییە یاداشتە نۆ خاڵییەکەی پارێزگای ھەڵەبجە، لیژنەیەکی تایبەت لە ھەولێرەوە دەچنە ھەڵەبجە و نووسینگەی سەرۆکوەزیران سەرپەرشتی جێبەجێکردنی خاڵەکان دەکات.

ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنان لە هەڵەبجە دەکرێت
لەلایەن خۆیەوە، محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، گوتی: لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و پێشتریش لەسەر پێشنیازی پارێزگاری ھەڵەبجە و یەکێتی وەبەرھێنەران لە ھەڵەبجە داوا کرابوو کۆمەڵێک ئاسانکاری بۆ وەبەرھێنەران بکرێت و لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ھەڵەبجە وەک ناوچەیەکی تایبەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرھێناندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، ھەفتەی داھاتوو بڕیاری سەرۆکوەزیران لەو بارەیەوە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، وەبەرھێنەران لە سەرتاسەری کوردستان دەتوانن لە ھەڵەبجە پڕۆژە جێبەجێ بکەن بەتایبەتی لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، ھەڵەبجە وەک ناوچەیەکی تایبەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری وەبەرھێناندا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.