چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

مێرگەسۆر ناوچەیەکی شاخاوی بەناوبانگی ترێ

شەوناز فاتح

قەزای مێرگەسۆر یەکێک لە قەزاکانی پارێزگای ھەولێر، کە لە پێنج ناحیە پێک هاتووە (بلێ، گۆرەتوو، مەزنێ، پیران، شێروان مەزن)، وە (٢٥٢) گوندە کە (١٧٢) گوندی ئاوەدانە و (٨٠) گوندی ئاوەدان نەکراونەتەوە، خەڵکی قەزاکە بە شێوەزاراوەی بادینی قسەدەکەن. قەزاکە دەکەوێتە ناوچەیەکی شاخاوی لە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی عێراق کە چیای بەناوبانگی وەک شیرن، پیران، قەلەندەر و برادۆستی ھەیە. لەو قەزایەدا سێ ڕووباری گرنگ هەن وەک (زێی سەروو، چامە، باڵندە).

لە ڕووی جوگرافیەوە/
لە باشوور ھاوسنوورە لە گەڵ سنووری قەزای ئاکرێ، لە باکوور دەکەوێتە سنووری قەزای شەمزینانی کوردستانی باکوور، لە خۆرھەڵات بە سنوری قەزای سۆران دەور دراوە، لە خۆرئاوا دەکەوێتە سەر سنوری قەزای ئامێدی. (١١٨٠م) سەر ئاستی دەریا بەرزە.
شوێنی ئەسترۆنۆمی دەکەوێتە بازنەی پانی (٣٥) پلەی باکووری گۆی زەوی، هێڵی درێژی (٤٥) پلەی ڕۆژهەڵاتی گۆی زەوی.
دوو ڕووباری سەرەکی بە ناوسنووری ئەم قەزایە دا تێپەڕ دەبن (ڕووباری ڕوو کچک، ڕووباری زێی مەزن)، مێرگەسۆر ناوچەیەکی شاخاوی سەختە بویە ڕوبەرێکی کەمی زەوی تەخت (دەشت)ی ھەیە وەک (دەشتی بەری نزار، دەشتی بیرسیاو، دلی بیاو، دەشتی باڵندا)، چەند چیایەکی بەناوبانگ دەکەونە ئەم سنوری ئەم قەزایە چیاکانی (شیرین لە ناوچەی بەڕوژ – پیران و برادۆست لە ناوچەی شێروانی – قەلەندەر لە ناوچەی دولەمەری – ھورێ لە ناوچەی مزوری – چارچەل لە ناوچەی ھەرکی) بەرزترین لوتکە لوتکە چیای چارچەلە.
بە شێوەیەکی گشتی مێرگەسۆر لە ڕووی کومەڵایەتی و جوگرافی دابەش دەێتە سەر چەند ناوچەیەک:
(بەری بەڕوژ لە سنووری عەشیرەتی بەڕوژی، بەری نزار لە سنوری عەشیرەتی نزار، دۆڵی بیاو و سەرێت مەزناو و دولا مامژدی و پاش کێری لە سنووری عەشیرەتی شێروانی، دولەمەر لە سنوری عەشیرتی دولەمەری، گەردیاتی لە سنوری گەردی، ولاتی ژوری و ولاتی ژێری و مزوری بالا لە سنوری عەشیرەتی مزوری، ھەرکی بنەجی لە سنوری عەشیرەتی ھەرکی).
لە ساڵی (١٩٥٦) قایمقامیەتی قەزای مێرگەسۆر دامەزراوە، وە دامەزراندنی یەکە کارگێرییەکان و دامەزراوەی قایمقامیەت کە قەزا زێبار بووە لە شارۆچکەی بلێی ئێستا بە ھۆی نەگونجانی قەزا لەو ناوچەیە و گرنگی بوونی لە مێرگەسۆر کە گەلێک ھۆکار بۆ ئەم گواستنەوەیە ھەبوون بۆیە گواسترایەوە بۆ مێرگەسۆر، وە یەکەم قائیمقام بە ناوی (کانەبی) کە خەڵکی ھەولێر بوو ھێنرایە مێرگەسۆر و دەست بەکاربوو بۆ ئەوەی لەگەڵ پێکھاتەکانی ناوچەکە پەیوەندی بەرێوەبردنی سەرکەوتوو بێت و بە ھۆی ئەو مەترسیانەی کە ھەمیشە ڕژێمەکان لەگەل بزاڤی شۆڕش لە ناوچەی بارزان ھەیبووە ویسترا کەسانێک کارەکان بەرێوەبەرن کە خزمەت بە خەڵکی دەڤەرەکە بکەن بەڵام ھەمیشە کێشە دروست بووە بە ھۆی پابەند نەبونیان بە داواکارییە ھەڵەکانی دەسەڵاتی ناوەندی، وە شورتەی عێراق بە تەنھا بۆ پاراستنی ئەمنیەت دانرا، بۆ ئەوەی باری ئەمنی ناوچەکە تێک نەچێ شورتە دامەزرا لە کاتی ھێنانی دامەزراوەی کارگێری قەزای مێرگەسۆر و ھەر ئەمەش یەکێک بووە لە ھۆکارەکان لە ھێنانی یەکە کارگێرییەکان بۆ ناوەندی مێرگەسۆر، دواتر بە ھۆکاری گۆرانی ھاوکێشەکان بە ھۆی پەیماننامەی جەزائیر و بزاڤی شۆڕش لەو ناوچەیە ڕژێم ھەستا بە ڕاگواستنی خەڵکی سنوری مێرگەسۆر لە دەڤەری درێ و ستوون بۆ ناوەندی مێرگەسۆر بۆ ئەوەی پاڵپشتی شۆرش نەکەن و ڕێگە لەم ھۆکارە بگرن و لە مێرگەسۆر چاودێری لەسەر بکەن بە ھۆکاری ئەوەی باری ژیانی ڕۆژانەیان باش نەبووە کەسایەتییە دیارەکانی مێرگەسۆر ھاوکاری و خێریان پێشکەش دەکرد لە ناویاندا حەسەن مینۆ کە خواردنی لە ماڵی خۆی ئامادە دەکرد بۆ ئەو خانەوادانە دەبرد بەڵام مدیر ناحیە لە بەر چاوی خەڵک نارازییەتی خۆی پێ گووت کە داوای کرد ئەم کارە نەکاتت بەڵام ئەو پێی گووت کە ئەمە خێرە و خانەوادەکان پێویستیان پێیەتی بۆیە دواجار داوا لە حەسەن مینۆ کرا ببێتە موختاری مێرگەسۆر بۆ ئەوەی کاری ھاوڵاتیانی دەڤەری مێرگەسۆر ڕاپەرێنێت لە ساڵی (١٩٧٥) وەک یەکەم موختاری مێرگەسۆر دەست بە کار بوو، بەڵام دواتر داوا لە حەسەن مینۆ کرا کە زانیاری شۆڕش بدات بە ڕژێم بەڵام ئەو پابەند نەبوو وە ئەمەش بووە ھۆی تورەبوون و مۆری موختاری لە حەسەن مینۆ وەرگیرایەوە و درا بە کەسانی تر بەڵام بە ھەمان شێوە ئەوانیش پابەند نەبوون کە کاری ھەواڵگری بکەن بۆیە ھەمیشە ئەم ناوچەیە ناوەندی بزاڤی شۆڕشەکان بووە خەڵکی ئەم ناوچەیە بیری ڕزگاری خوازی یان لەلا زیندوو بووە، وە پاڵپشتی شۆرشەکانیان کردووە و گەڵێک شەھیدیان لەو ڕێگەیە داوە لەو کاتەو لە مێژووی کۆنترو تا ئەم ڕۆژگارە.

پیشەی دانیشتوان/
پێش ساڵەکانی ھەشتاکان کاری سەرەکی دانیشتووانی ئەم ناوچەیە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بووە لەبەرئەوەی سەرچاوەی ئاوی کەم بووە، بۆیە ناچاربوونە پشت بە زەوی ببەستن، بۆ ئاودانیش پشتیان بە ئاوی باران بەستووە. ھەرچەندە ڕووباری ڕووکچک و زێی گەورە بەسنوری ئەم قەزایە تێپەر دەبێت، بەڵام نەتوانراوە وەک پێویست بۆ بواری کشتوکاڵی سودی لێ وەربگیرنێت. لەگرینگترین بەرھەمەکانی کشتوکاڵی لە میوە (ترێ)یە، لە دانەوێڵە (گەنم، جۆ، نیسک، نۆک، ماش) بووە کە ئێستا زۆر بەکەمی دەچێنرێت. ئێستا زۆر کەمتر لە جاران خەڵک خەریکی کشتوکاڵە بۆ زۆر ھۆ دەگەرێتەوە لەوانە پەیدابوونی سەرچاوەی تری داھات و بژێوی وەک (موچە، بازرگانی، نەبوونی ھاوکاری کشتوکاڵی سەردەمیانە، کەمی سەرچاوەکانی ئاو، نەبوونی پرۆژەی ئاودێری، بەنداو، بیری ئیرتوازی کشتوکاڵی، ھەروەھا بەخێوکردنی ئاژەڵ گرینگیدان بەم سامانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە کەمی دەکات)..