لە میونشن تاوتوێی ئاساییش و سەقامگیری جیهان کرا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەکێک لە کاراترین کارەکتەرەکانی کۆنفرانسەکە بوو

ڕۆژی ھەینی ٦٠ـەمین کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن لە ئەڵمانیا دەستی بە کارەکانی کرد و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، بەشدارییە کاریگەرەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسەکە و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی جیھان ئەوە دەسەلمێنێت کە ھەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی حیساب بۆ کراوە و پێگەی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگە، ئەوەش بەھێزی پێگەی دیبلۆماسی ھەرێمی کوردستان نیشان دەدات.

ڕۆژی ١٦ تاوەکو ١٨ی ئەم مانگە، کۆنفرانسی ئاساییشی میوشن لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بەردەوام بوو، یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی کۆنفرانسەکە تاوتوێکردنی دۆخی غەززە و پەرەسەندنەکانی جەنگی ئیسرائیل و فەلەستین و کاریگەرییەکانی لەسەر ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست و وڵاتانی ئەوروپا بوو، کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن ھەموو ساڵێک لە پایتەختی ھەرێمی باڤاریای فیدراڵیی ئەڵمانیا دەکرێت، ساڵانە زیاتر لە چوار سەد و پەنجا بڕیاردەری باڵا و سەرکردە لە ھەموو جیھانەوە بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە داوەتنامەیەکی فەرمی بانگھێشتکرا بوو و بەشداری کرد لە کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا بە دەیان دیداری گرنگی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیھان ھەبوو، کە سی و پێنج سەرکردەی وڵاتان و پەنجا وەزیری دەرەوە و سی وەزیری بەرگریی وڵاتان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدار بوون. کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن لە ساڵی ١٩٦٣ لەنێوان ئەندامانی ناتۆ دەستیپێکرد و لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە، دەرگای بۆ ھەموو وڵاتانی جیھان کردەوە تاوەکو پرسە ئەمنی و سیاسییەکانی جیھان بەچڕی و وردی و ڕەخنەگەرانە، بخرێنە بەر باس و لێکۆڵینەوە، کۆنفرانسەکە ساڵانە بە مەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی زیاتری جیھانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشە جیھانییەکان ڕێکدەخرێت و دەرفەتێکیشە بۆ کەسانی بەرپرس لەو بوارە، تاکو بیروڕاکانیان ئاڵۆگۆڕ بکەن و پەیوەندی بەھێزتر دروست بکەن، ھەر چەندە کۆنفرانسەکە شوێنی ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانە لەسەر بابەتە ئەمنییەکان و ھیچ بڕیارێکی تێدا نادرێت، بەڵام لەبەر گرنگییەکەی بە داڤۆسی ئاساییش ناودەبرێت، واتە گرنگی میونشن بۆ ئاساییش وەک گرنگیی داڤۆسە بۆ ئابووری.
د. زکری نەوزاد، شارەزا لە کاروباری نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند: بەشداریکردنی بەرپرسانی ھەرێم لە کۆنفرانسی ساڵانەی میونشن، زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان، چونکە لە پەڕاوێزی ئەو کۆنفرانسن و کۆڕبەندانەدا ھەمیشە کۆبوونەوەی زۆر گرنگ دەکرێن، وەکو بینیشمان لە نێوان سەرۆک و بڕیاربەدەستانی وڵاتان چەندین کۆبوونەوەی گرنگ کران، ھەرێمی کوردستان وەکو کاراکتەرێکی نێودەوڵەتی ئەکتیڤ و کارا لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ڕۆڵێکی گرنگی ھەبوو لە بەرقرارکردنی ئاساییش و تێکشکاندنی داعش، بۆیە یەکێک دەبێت لە داڕێژەرانی پلانی سەقامگیریی جیھان، چونکە بوونی داعش ھەڕەشەیەکی جیددی بوو لەسەر ئاساییشی جیھان، ئێستە ھەندێک شانەی نووستووی داعش ھەر ماون، فکری داعش ھەر ماوە، ھەڕەشە لە ئاساییشی جیھان دەکەن، کە لێرەو لەوێ خەڵکانێک ھەن دەیانەوێت ئاساییشی جیھان تێک بدەن.
گوتیشی: بەشداری سەرۆکی ھەرێم بە دڵنیایەوە لەلایەن وڵاتانەوە بە گرنگی دەخوێندرێتەوە، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەو چاوپێکەوتنانەی لە پەڕاوێزی کۆنفرانسەکە کران، گرنگ بوون بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان بۆ زیاتر ئالوگۆڕکردن و ڕێککەوتن لەسەر بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان، ھەروەھا ھەماھەنگی ھاوبەش، ئەمەش بۆ بەرقرارکردنی ئاشتییە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا.
د. زکری نەوزاد، شارەزا لە کاروباری نێودەوڵەتی، ئاشکراشی کرد: کۆنفرانسی میونشن جگە لەسەر ئاستی جیھان کاریگەری لەسەر ئاستی ھەرێمی و ناوچەیی ھەیە بەتایبەتی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستە کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و عێراق تێدا تێپەڕ دەبێت، کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە کۆنفرانسە گرنگەکان لەسەر ئاستی جیھان لەڕووی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئارامی، ئەمەش بەناوی ئاساییشەوە دەکرێت، کۆنفرانسەکە لە پاڵ ئەوەشدا دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی وڵاتان بتوانن پەیوەندییە دیبلۆماسییەکان فراوانتر بکەن، ساڵانە کە ھەرێمی کوردستان بەشدار دەبێت توانیویەتی بە ڕێگای ئەو شاندانەی لەسەر ئاستی باڵا بەشدار دەبن پەرە بە پەیوەندییە دیبلۆماسی، سیاسی، ئابووریی و سەربازییەکانی خۆی بدات.
د. بابەکر حەمید، مامۆستای زانکۆ و شارەزا لە کاروباری وڵاتان، دەڵێت: ئێستە لە ھەموو ڕوویێکەوە دژایەتیی ھەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان توانیویەتی ڕووبەڕووی ھەموو ئاستەنگییەکان ببێتەوە و لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بەشداری نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی میونشن سەلمێنەری زیندوویەتی و کارایی ھەرێمی کوردستانە، جگە لەوەش بەشداری ھەرێمی کوردستان لە بۆنە و لوتکەکاندا ئەزموونێکی نوێ بۆ سیستەمی حوکمڕانی لە ھەرێمی کوردستان دێنێتە ئاراوە.
دەشڵێ: کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگی بینی لە سەقامگیری ئەمن و ئاساییشی جیھان، ئەوەش پێگەی ھەرێمی کوردستانی لەگەڵ وڵاتان بردە قۆناغێکی دیکە، کۆنفرانسی میونشن کە ساڵانە دەکرێت، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەلی کوردستان کە سەرکردایەتی کورد لەو کۆنفرانسەدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی جیھان کۆببێتەوە، بینیشمان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کەمتر لە کاتژمێرێک لەگەڵ دوو سەرۆک و سەرکردەی جیھان کۆدەبوویەوە، ئەوەش گرنگی پێگەی ھەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی جیھان دەردەخات، لە داھاتووشدا کاریگەری بەشداریکردنی شاندی سەرۆکایەتی ھەرێم لە کۆنفرانسی میونشن بۆ ھەرێم زیاتر بەدەر دەکەوێت.
د. پشتیوان سۆفی، چاودێری سیاسی، ڕوونیکردەوە: کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن کە زیاتر لە نیو سەدەیە لە میونشنی ئەڵمانیا ڕێکدەخرێت، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ڕێککەوتنی وڵاتانی زلھێز و ھێزە باوەڕپێکراوەکانی وڵاتان ھەیە، ئەوەی لەو کۆنفرانسە باس کرا بابەتی تەناھی و ئاساییشی ناوچەیی و جیھانی بوو، بەڵام گرنگتر لەوە ئەو کۆبوونەوانە بوون کە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا کران، بێگومان بەشداری ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی خاوەن پێگەی جوگرافی و سەربازی و تەناھی لە ناوچەکە گرنگی خۆی ھەیە.
ئەو چاودێرە، زیاتر دەڵێ: کورد گرنگییەکی حەتمی لە ناوچەکەدا ھەیە، پێشتریش کارەکتەرێکی بنچینەیی بوو لە کۆتاییھێنان بە ئەفسانەی داعش، بۆیە ھەرێمی کوردستان بە بەڵگە لەسەر زەمیندا سەلماندوویەتی ڕۆڵی لە سەقامگیری ئاساییشی ناوچەکە ھەیە و قوربانی زۆری لە جەنگی دژی تیرۆر داوە، ئێستەش خۆشبەختانە کورد بەشێوەیەکی دراماتیکی لە کۆڕبەندە ھەرە گەرمە سیاسییەکان بەشداری دەکات، بە دڵنیاییەوە ھەرێمی کوردستان دەتوانێت ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە.