ئەمڕۆ ٧١ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی کوردستاندا تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ ١٨ی شوبات ٧١ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دامەزراندنی ھەر دوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ئەو دوو ڕێکخراوە لە ساڵی ١٩٥٣ لەسەر بنەمای خزمەتی قوتابییان و لاوان دامەزران، ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاویشیان ھەبووە لە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیاری و نەتەوەیی لای چینی قوتابییان و لاوان، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گرنگییەی بارزانیی نەمر بە چینی قوتابییان و لاوانی داوە.

لە کۆنگرەی سێیەمی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کە لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە کەرکووک بەسترا، لەسەر دەستی باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد، بارزانیی نەمر بریاری دامەزراندنی ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان درا، دواتریش لە ١٨ی ٢ی ھەمان ساڵ ھەردوو ڕێکخراوەکە دامەزران و بوونە بەشێکی گرنگ لە خەباتی پیشەیی و جەماوەریی کوردستان و تا ئێستە لەگەڵ ڕەوت و سەردەمە جیاوازەکان درێژەیان بە خەباتی خۆیان داوە و دەیان کادیر و سەرکردەیان پێگەیاندووە.
ئەو دوو ڕێکخراوە لە مێژووی تێکۆشانیاندا وەکو دوو ڕێکخراوی کاریگەری ناو بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد ئەژمار دەکرێن و ڕۆڵێکی کاریگەریان لە خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستاندا گێڕاوە و لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا، بەتایبەتی لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا دەوری بەرچاویان ھەبووە.
لە دوای ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥ ئەرکی ئەم دوو ڕێکخراوە قورس بوو و لە کاتی ئاوارەیی و دەربەدەری و قۆناغە سەختەکانی خەباتدا ڕۆڵی کارایان گێڕاوە.
لە ٢٦ی گوڵانی ساڵی ١٩٧٦ کاتێک مژدەی درێژەپێدانی شۆڕش ڕاگەیەندرا، لقی ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بە چڕی دەستیان بە چالاکی کردەوە و لە کاتی ئاوارەییدا لە شاری کەرەجی نزیکی تاران جارێکی تر یەکێتیی قوتابییان دەستبەکار بووەوە.
لە دوای ساڵی ١٩٧٩ ھەلێکی نوێ بۆ ھەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان ڕەخسا و لە ٢٣ی ئازاری ھەمان ساڵ کۆنفرانسی خۆیان لە شاری کەرەج بەست. بە درێژایی مێژوو ھیچکامیان لە خەبات و بزاڤی نەتەوەیی کورد دانەبڕاون و لەناو توێژی قوتابییان و لەناو زانکۆ و خوێندنگەکانی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش لە ڕێکخستنی لاوانی کورددا دەوری کارایان گێڕاوە.
پاش ساڵی ١٩٩١ و دامەزراندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەم دوو ڕێکخراوە لەناو لاوان و قوتابییانی زانکۆکانی ھەرێمی کوردستاندا بەشێوەیەکی ڕژد و چالاک کاریان کردووە و گەلێک لاوی بە ئەزموون و کاریگەر و سیاسەتمەداری بەرچاو لەناو ئەو دوو ڕێکخراوە پێ گەیشتوون.
لە ساڵی ١٩٩٩ پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی ١٨ی شوباتی بە ڕۆژی لاوان و قوتابییانی کوردستان دەستنیشان کردووە. بە‌بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی ھەردوو ڕێکخراوەکە ئەمڕۆ ھەر دوو سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەتی ھەردوو ڕێکخراو، پێشوازی لەو میوانانە دەکەن کە دەیانەوێ لە نزیکەوە پیرۆزبایی ساڵوەگەڕی دامەزراندنیان لێ بکەن، لە شار و شارۆچکەکانی کوردستانیش بە چەندین چالاکی جۆراوجۆر ساڵیادی دامەزراندنی ئەو دوو ڕێکخراوە بەرز ڕادەگیرێت.
یەکێتیی قوتابییان بەرنامەی نوێی دەبێت بۆ پاڵپشتی پرۆسەی پەروەردە
یەکێتی قوتابییانی کوردستان خاوەن کاروان و مێژووییەکی دوور و درێژە و بووەتە ناوەندی پێگەیاندنی دەیان کەسایەتی و کادیری بەتوانا و بەھرەمەند و ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە لە خزمەتکردنی توێژی قوتابییان. نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، دەڵێت: پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابییان و کادیران و ئەندامانی یەکەتییەکەمان دەکەم، وەکو مەکتەبی سکرتاریەت بە ھاوبەشی لەگەڵ مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە بارەگای مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابییان ئەمڕۆ لە بەیانییەو تا ئێوارە لە پێشوازی میوانان دەبین، کە بە مەبەستی پیرۆزبایی سەردانی مەکتەبی سکرتاریەت دەکەن.
سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، دەشڵێ: لە سەرەتای مانگی دوو ھەتا کۆتایی ئەم مانگە لەسەر ئاستی سەرجەم لق و نووسینگەکان لە ھەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان کار و چالاکییمان کردووە و بەردەوامیش دەبین، مانگی داھاتووش یادی بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانە یەکێتیی قوتابییان بەشدارییەکی کارای دەبێت لە بەزرکردنەوەی ئەو یادانە، بۆ مانگی ڕەمەزانیش بەرنامەمان ھەیە بەتایبەتی بۆ بەشە ناوخۆیەکان و قوتابییانی کەمدەرامەت بەشەخۆراک و ھەر پاڵپشتییەکی دیکە پێویست بێت بۆیان دابین دەکەین، لە داھاتووشدا بەرنامەی دیکەمان دەبێت بۆ زیاتر پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستان، ئاشکراشی کرد: لە ھەموو ئەو ھەڵوێست و بڕیارانەی کە پێویست بوونە، یەکێتی قوتابییان درێغی نەکردووە لە پاڵپشتی کردن و داکۆکی کردن لە مافی قوتابییان، باشترین بەڵگەش ئەوەیە ژمارەی زۆری ئەندامانی یەکێتی قوتابییانە کە ھەتا ئێستەش یەکێتی قوتابییان ڕێکخراوی پێشەنگە لەسەر ئاستی ھەموو کوردستان، ساڵانە دەیان ھەزار قوتابی دەبنە ئەندام لە یەکێتیەکەمان، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە قوتابییان ئەو ڕێکخراوە بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیان دەزانن، بەڵێنیش بە قوتابییانی کوردستان دەدەین کە بەردەوام داکۆکی لە مافەکانیان بکەین، وەکو چۆن لە ٧١ ساڵی ڕابردوودا یەکێتیی قوتابییان پێشەنگی کاری ڕێکخراوەیی بووە، ھەمیشەش داکۆکیکاری مافەکانی توێژی قوتابییان بووە، ھەروەھا لە خزمەت پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکانیشدا بووە، لە داھاتووشدا بە گەرموگوڕییەکی زیاتر بەردەوام دەبین و بەردەوامیش پڕۆژە و کاری نوێمان بۆ خزمەتی قوتابییان پێیە.
یەکێتیی لاوان نوێنەری ڕاستەقینەی سەرجەم لاوانی کوردستانە بێ جیاوازی
یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان خاوەن پێگە و ڕۆڵی دیار و بەرچاوە لە پێگەیاندنی لاوان و برەودان بە توانا و بەھرەی گەنجان و مێژوو و ئەزموونەکانیش گەواھیدەری ئەم ڕاستییەن. مەیسەر عوبێد، سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، گوتی: ١٨ی شوبات لە ھەموو لاوانی کوردستان پیرۆز دەکەم، وەکو یەکێتی لاوان ئەوە زیاتر لە ھەفتەیەکە لەژێر دروشمی من خاوەنی ئەم نیشتمانەم کاروچالاکییەکانی ئێمە لە زاخۆ تا خانەقین بەردەوامن، کاروچالاکییەکانیش جۆراوجۆرن، وەرزشی، ھونەری، ڕۆشنبیری، چارەکردنی کێشەی لاوان، بەتایبەتی ماددەی ھۆشبەر، ئەو بەرنامانەش بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی لاوان بکەین.
سکرتێری یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، دەشڵێ: بەردەوام فشارمان لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان دروست کردووە و خۆمان لە لاوان کردووەتە خاوەن و ھەر کێشەیەکیش ھەبێت بەدواداچوونمان کردووە و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدارمان کردووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکرێت و کێشەکانیان چارە بکرێت، ھەروەھا کارمان لەسەر ئەوە کردووە دیاردەی بێ کاری کەم بکەینەوە.

ھەواڵی زیاتر