دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

نێچیرڤان بارزانی و هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا رۆڵی هاوپه‌يمانان تاوتوێ دەکەن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا لە عێراق، ڕۆڵى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن.

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 14-02-2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌ولێر له‌گه‌ڵ‌ ده‌يڤد بێرگه‌ر، هه‌ڵسووڕێنه‌رى كاروبارى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان، ڕۆڵ و پێگه‌ى عێراق له‌ ناوچه‌كه‌ و له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى، به‌ئامانجگرتنى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و دۆخى هه‌رێمى كوردستان، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا ده‌رباره‌ى دۆخى ئه‌منى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ و ڕۆڵى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان، بيروڕايان ئاڵوگۆڕ كرد و “جه‌ختيان له‌ گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ كرده‌وه، هه‌روه‌ها چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى ‌جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان، باس كرد”.