پاڤین ڕەمەزان – هەولێر
دوای ئەوەی لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکردنی لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەشکرد، میدیا عەرەبی و جیهانییەکان تیشکیان چووە سەر تەوەرەکانی ئەو وتارەی سەرۆکوەزیران و دەنگدانەوەیەکی نایاب و پێشوازییەکی بێ وێنەی لێکرا.
عەرەب نیوز: کوردەکان مافی دیاری کردنی چارەنووسیان هەیە
یەکێک لەو ڕاگەیاندنە عەرەبیانەی کە گرنگییەکی باشی بە بەشداریکردن و وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوە، ڕۆژنامەی”عەرەب نیوز”ی سعودیە، کە ڕۆژنامەکە بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەبێتەوە.
وەک نیشاندانی هاوسۆزی و بە گرنگ زانینی وتارەکەی سەرۆکوەزیران، ڕۆژنامەکە لە مانشێتی سەرەکیدا بە نووسینی گوتەیەکی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی بە ناونیشانی “مەسرور بارزانی: کوردەکان، وەک فەڵەستینییەکان، مافی دیاریکردنی چارەنووسیان هەیە”، بڵاوکردووەتەوە و لە ناوەڕۆکی راپۆرتەکەدا ئاماژەی بەم بەشەی وتارەکەی سەرۆکوەزیران کردووە “ئهگهر بهر له ٨٠ ساڵ، مامهڵه لهگهڵ مافه بنچینهییهكانی فهڵهستینییهكان بكرابایه، ئهوكات دهرفهتی روودانی ئهو نههامهتییانهی کەمتر دەبوو کە ئێستا دهیانبینین. بهڵام لهجیاتی ئهمه، پرسهكه پشتگوێ خرا و ئاڵۆزتر بوو، له كاتێكدا خاوهن بهرژهوهندییهكان، بۆشایی چارەسەرنەکردنی کێشەکەیان وهك دهرفهت بۆ ئهجێندای خۆیان بهكارهێنا.
دهكرێت ههمان پێناسه بۆ گهلی كوردیش بكرێت، ئێمهش داوایهكی رهوامان ههیه بۆ بڕیاردان له مافی چارهنووسی خۆمان، دۆست و هاوپهیمانهكانمان دانیان بهو مافهدا ناوه، بهڵام له ههمانكاتدا پێمان دهڵێن، پێویستە سیاسییهكان، رێگربن لهبهردهم بەدیهێنانی دادپهروهری مێژووییدا”.
ئیمارات وام: گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی ئیمارات و هەرێمی کوردستان
ڕۆژنامەی ئیمارات (وام) کە ڕۆژنامەیەکی فەرمی سەر بە حکوومەتی ئیماراتە، بە گرنگییەوە هەواڵی پێشوازی لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیماراتەوە بڵاوکردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە، ئاماژەی بەوە کردووە، لە میانەی دیداری نێوانیاندا لە کۆشکی شانشینی ئەبوزەبی، جەخت لە سەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە بوارەکانی ئابووری، وەبەرهێنان، گەشەپێدان و مرۆیی نێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان کرایەوە، کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی هەردوولایەن بکات.
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات: پێویستە حکوومەتەکان لە توندوتیژییەکانی ڕابردووەوە فێرببن
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات، بە وردی لە پۆستەر و بڵاو کراوەکانیدا، تیشکی خستووەتە سەر وتارەکەی سوەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و لە چەند بڕوشەر و پۆستەرێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لەوانەش؛ “ئیمارات بووەتە کۆکەرەوەی سەرکردەکانی خاوەن فیکر و بڕیار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە مرۆییەکان لە رێگەی لوتکەی جیهانی حکوومەتەکان”
“جەنگ و قەیرانەکان تاکە سەرچاوەی نەبوونی سەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”
“پێویستە سەرجەم حکوومەتەکان لە توندوتیژییەکانی رابردووەوە فێرببن داهاتووێکی تەواو سەقامیگیر و گەشاوە بۆ گەلەکانیان بنیاد بنێن”
“گۆڕانی کەشوهەوا یەکێكە لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی کە رووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، بەڵام ئیمارات لە رێگەی COP28 سەرکەوتوو بوو لە چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان”.
ماڵپەڕی ئەلبەیانی ئیماراتی: “سەرۆکوەزیرانی کوردستانی عێراق: چوار کۆڵەکەی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی پەرەپێدانێکی گشتگیر”
ماڵپەڕی ڕۆژنامەی ئەلبەیانی عەرەبی، لە مانشێتی ڕاپۆرتێکدا بە ڕوونی سەرنجی خوێنەرانی بۆ گرنگیی وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان ڕاکێشاوە و بە مانشێتێکی سەرنجڕاکێش، دەڵێت: سەرۆکوەزیرانی کوردستانی عێراق: چوار کۆڵەکەی سەرەکی بۆ بەدیهێنانی پەرەپێدانێکی گشتگیر.
لە ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە؛ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا، کە لە لوتکەی جیهانی حکوومەتەکان پێشکەشی کرد جەختی لە سەر (سەقامگیری سیاسی، ئاسایش، بوژانەوەی ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا) وەک چوار بنەمای سەرەکی کردووەتەوە بۆ بە دیهێنانی پەرەپێدانێکی گشتگیر و بەردەوام.
ئاماژەی بەو بەشەی وتارەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران کردووە کە دەڵێت”تێكۆشانی ٢٠ ساڵی رابردوو و بهرگریی و قارەمانێتی چهندین دهیهی كورد، بووە رێگهخۆشكهر بۆ ئهو سهركهوتنه، ئێمه وهك گهلێك، مافی ئهوهمان ههیه خاوهن سهروهری بین و بهشێكی دانهبڕاو بین له رۆژههڵاتی ناوهڕاست.”
ئەمانە جگە لەوەی چەندین میدیای بەناوبانگی جیهانیی ڕووماڵی ڕاستەوخۆی وتارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیان کرد و بە بەربڵاوی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کرایەوە.