وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق: به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ چاودێری پلانی ئیسرائیل ده‌كه‌ین بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر شاری ره‌فه‌ح

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆره‌وه‌ چاودێری پلانی ئیسرائیل ده‌كات بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر شاری ره‌فه‌ح له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌دا.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 10ـی شوباتی 2024) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ راگه‌یاندراوێكدا رایگه‌یاند، به‌ نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێیه‌كی زۆره‌وه‌ چاودێری ئه‌و هه‌واڵانه‌ ده‌كات كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئیسرائیل پلانی هه‌یه‌ له‌میانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ سه‌ر شاری ره‌فه‌ح له‌ باشووری كه‌رتی غه‌ززه‌دا، كاره‌سات و كۆمه‌ڵكوژییه‌كی نوێی مرۆیی ئه‌نجام بدات.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ پێویستی ده‌زانێت كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێگری له‌ پلانی كۆچپێكردنی به‌زۆری فه‌ڵه‌ستینییه‌كان بگرێت له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق دووپاتیشیكرده‌وه‌ پێویست ده‌كات ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئیسرائیل له‌ دژی فه‌ڵه‌ستنییه‌كان كۆتاییپێبهێنریت و هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بگاته‌ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین.

رۆژی هه‌ینی 9ـی شوباتی 2024، ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ په‌یامێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس، تویته‌ری پێشوو، رایگه‌یاند،  نیوه‌ی دانیشتوانی غه‌ززه‌ له‌ ئێستادا نیشته‌جێی ره‌فه‌حن، هیچ شوێنێكی دیكه‌یان نییه‌ رووی تێبكه‌ن.

گۆتێرێس ده‌ڵێت، ئه‌و راپۆرتانه‌ی ئاماژه‌ به‌ نیازی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنه‌سه‌ر ره‌فه‌ح ده‌كه‌ن، مایه‌ی نیگه‌رانیین.

سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌شڵێت، هێرشكردنه‌سه‌ر ره‌فه‌ح له‌لایه‌ن سوپای ئیسرائیله‌وه‌، دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخی مرۆیی و ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌كی نادیار ده‌بات.

هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، ستێفن دوژاریک گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، لە ئەگەری ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل بۆ سەر شاری رەفەحی باشووری کەرتی غەززە ئەستەمە بتوانرێت گیان و سەلامەتی خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچەیە بپارێزرێت.

راشیگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان بەتوندی دژی راگواستنی زۆرەملێی خەڵکی غەززەیە، بەڵام ئەگەر سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی بکاتە سەر رەفەح، دەبێت میسر سنوورەکانی بەڕووی خەڵکی بکاتەوە بۆ ئەوەی کارەساتێکی مرۆیی روو نەدات، چونکە تەنانەت رێگە ئاساییەکانیش لە رەفەح بە خێمەی ئاوارەکان تەندراوە.

پێشتریش یواف گالانت وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل رایگه‌یاندبوو، خه‌ریكی پلاندانانن بۆ فراوانكردنی شه‌ڕی غه‌ززه‌ و گوتی: “شه‌ڕ ده‌به‌ینه‌ ئه‌و شوێنانه‌ كه‌ هێشتا ئارامن و ستراتیژین، هاوشێوه‌ی ره‌فه‌ح و ده‌روازه‌كه‌ بۆ ناوچه‌ی كه‌ره‌م ئه‌بو سالم ده‌گوازینه‌وه‌”.