چوونەدەرەوەی دۆلار لە عێراق بە زیانی ئابووری بەسەر عێراقدا شکاوەتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

عێراق لە پێناو ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە، ساختەکاری و کاری نایاسایی، مامەڵەکردن بە دۆلاری لە هەشت بانکی عێراقی قەدەغە کرد. پێشتریش کۆمەڵێک بانک سزا دراون و گومان دەکرێ لە عێراقەوە دۆلار خرابێتە خزمەتی گرووپە میلیشیاکان کە بەهۆیەوە لە لایەک زیان بە ئابووریی عێراق کەوتووە و لە لایەکی تر دەستی گرووپە میلیشیاکان لە ئاڵۆزی و نانەوەی پشێوی، کراوەتر بووە.

چەند ڕۆژێک دوای سەردانی بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا بۆ بەغدا، حکوومەتی عێراق لە پێناو پاراستنی دۆلار و ڕێگریکردن لە بردنە دەرەوەی ئەو جۆرە دراوە و سپیکردنەوەی پارە سزای بەسەر کۆمەڵێک بانکدا سەپاندووە و هەشت بانک دەستنیشان کراون کە بۆیان نییە مامەڵە بە دۆلار بکەن و لەو دۆلارانەی ڕۆژانە بانکی ناوەندی دەیانخاتە بازاڕەوە ئەو هەشت بانکە بێبەش کراون.
ئەمەریکا لەم دواییانەدا هەموو هەوڵێکی خۆی بەگەڕ خستووە بۆ ئەوەی ڕێ لە گواستنەوەی دۆلار بۆ ئێران بگرێت. عێراق کە هاوکات هاوپەیمانی ئەمەریکا و ئێرانە، بووەتە شوێنی بەریەککەوتنی ئەو دوو لایەنە ڕەکابەرە و هەر دوو لایەن لە عێراق پلانەکانیان لە دژی یەکتر جێبەجێ دەکەن.
وەک ئاشکرایە ئێران لە ساڵی ٢٠١٨ەوە بە تایبەتی لە دوای کشانەوەی حکوومەتی ئەوکاتی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ناوەکی، سزای قورسی بەسەر ئێراندا سەپاندووە و لەدوای بەدەسەڵاتگەیشتنی جۆ باین لە ساڵی ٢٠٢١ سزاکان لە دژی ئێران کەمێک سووک کراون .
لەم دواییانەدا ئەمەریکا بە بەڵگە بۆی سەلمێنرا کە ئێران بەشێک لە دۆلارەکانی لە بازاڕەکانی عێراقەوە دابین دەکات و بەهۆی ئەو پێوەندییە گەرم و گوڕییەی لەگەڵ حکوومەتی عێراق هەیەتی و بە تایبەتی لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەی نزیک لە ئێران جومگەکانی دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە، گواستنەوەی دۆلاریش بۆ ئێران خێراتر و ئاسانتر بووە.
چوونەدەرەوەی پارەی دۆلار لە عێراق بە زیانی ئابووری عێراق بووە و هۆکار بووە لەوەی بەهای دیناری عێراقی ڕوو لە دابەزین بکات. سەرەڕای ئەوەی کە بانکی ناوەندی بەهای هەر دۆلارێکی بە هەزار و سێسەد و بیست دینار دەستنیشان کردووە کەچی نرخەکەی لە بازاڕەکانی عێراق لە نێوان هەزار و پێنجسەد تا هەزار و پێنجسەد و پەنجا دینار دەفرۆشرێت و هەندێک جار گەیشتووەتە سەرووی هەزار و شەشسەد دینار، ڕووداوێک هەڵاوسان و گرانی بەدواوە بووە و خەڵکی کەمدەرامەت تێیدا زەرەرمەند بوون.
عێراق لە ئەمەریکا خاوەنی یەدەگێکی زۆری دراوی دۆلارە کە قەبارەکەی دەگاتە سەرووی سەد ملیار دۆلار و حکوومەتی ئەمەریکا ئەگەر دڵنیا نەبێ لەوەی ئەو دۆلارانەی بۆ عێراق دەگوازرێنەوە لە ڕێیەکی یاسایی سوودیان لێ وەرناگیرێت و بۆ ولاتانی دیکە ناگوازرێنەوە، ئەوا ئامادە نییە بیخاتە خزمەتی عێراق.
پێشتر ئەمەریکا خۆی کۆمەڵێک بانک و دامەزراوەی دارایی عێراقدا سەپاندووە و ئەو هەشت بانکە نوێیەش کە حکوومەتی عێراق خۆی سزای داون بریتین لە بانکی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتیی ئاشوور، بانکی وەبەرهێنانی عێراق، بانکی ئیتحاد، بانکی ئیسلامیی نێودەوڵەتیی کوردستان بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدان، بانکی هودا، بانکی ئیسلامیی جنوب بۆ وەبەرهێنان، بانکی ئیسلامیی عەرەبیە و بانکی بازرگانیی حەمورابی.
گوتەبێژی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئەو هەنگاوەی حکوومەتی عێراقی بەرز نرخاند و دەستخۆشیی لێی کرد.
برایان نێلسۆن، یاریدەدەری وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا بۆ کاروباری دژە تیرۆر و هەواڵگریی دارایی، هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ بەرپرسانی دارایی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی چۆنیەتی ڕێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە و ڕووبەڕووبوونەوەی باندە نایاساییەکانی کرد. بەرپرسەکەی ئەمەریکا هەر ئەو کات ڕایگەیاند کە هەندێک ڕێوشوێنی توندیان بەرانبەر بانکی هودا گرتووەتە بەر کە ملیاران دۆلاری خستووەتە خزمەتی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
لە لایەکی تر ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئەمەریکا چاوەڕوانی ئەوەیان لە حکوومەتی عێراق هەیە لە ڕوبەرووبوونەوەی ئەو لایەنە سەرپێچکارانە هاوکاریی بکات و دەستی گرووپەکانی نزیک لە ئێران لە مامەڵە بانکییەکان ببڕێت.

ھەواڵی زیاتر