بڕیارە ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی بڕیار لە بارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بدات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی بڕیار لە سکاڵاکەی پەرلەمانی کوردستان و کورسی کۆتا و سیستەمی ھەڵبژاردن دەدات، کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیازی کردووە چوار کورسی کریستیان و تورکمان بۆ ھەولێر و چواری دیکەش بۆ سلێمانی و سێی دیکەش کە کورسی تورکمان و ئەرمەن و کریستیانەکانن بەر دھۆک دەکەون. پێکھاتەکان، دەڵێن، کۆمیسیۆن بە چ مافێک لەخۆیەوە کورسییەکان دابەشدەکات. وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، دەڵێت: ئەگەر دادگە جارێکی دیکە دانیشتنەکە دوابخات، ئامانجی ئەوەیە ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان نەکرێت. دەشڵێ: پرسی کورسیی کۆتاکان کراوەتە بابەتێکی سیاسی.

ھەوڵەکانی ھەندێک لایەنی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی کورسی کۆتاکان بەسەر پارێزگاکانی سلێمانی، ھەولێر و دھۆک سکاڵایان لە دادگەی فیدراڵی دواکەوتنی ھەڵبژاردنی دواخراوی پەرلەمانی کوردستانی بۆ کاتێکی نادیار لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی پێشنیازی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بێت لەمەودوا چوار کورسی کریستیان و تورکمان لە ھەولێر، چوار کورسی تورکمان و کریستیان لە سلێمانی و سێ کورسی کریستیان، تورکمان و ئەرمەن لە دھۆک دەبن، ھەوڵەکەی کۆمیسیۆنی عێراق لە کاتێکدایە پێکھاتەکان بەپێی دابەشبوونیان لە شاروشارۆچکەکانی ھەرێم ئەم پێشنیازە بە نالۆژیکی دەبینن، بەگوێرەی ئەو دەنگەی لایەنە تورکمانی و کریستیانەکان لە ھەڵبژاردنی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان بەدەستیان ھێناوە، لە پارێزگای سلێمانی ھیچ کورسییەکی کۆتایان بەرناکەوێت.
لە ھەڵبژاردنی پێنج خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان ھەمیشە کورسی کۆتاکان بە یەک بازنە ھەڵبژێردراون، بەڵام ئێستە پێشنیازی ھەڵبژاردنی کورسی کۆتاکان بۆ فرە بازنەیی وای لە لایەنە تورکمان و کریستیانەکان کردووە، بڵێن خەریکە ململانێی سیاسیی لایەنە کوردستانییەکان ئەو میکانیزمە دەگۆڕێت و کێشە سیاسییەکان لەسەر حسابی نەتەوە و پێکھاتەکان یەکلای دەکرێنەوە.
پێکھاتەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەوان وەکو پێکھاتەکان بە گشتی نابنە بەرە لە ھیچ ململانێیەکی سیاسییدا، بەڵکو لایەنە سیاسییەکان خۆیان دەبێ گرفتەکان لەنێوان خۆیاندا چارە بکەن و پێکھاتەکانیش بەپێی یاسای دیاریکراو و یاسا بەرکارەکان لە ھەرێمی کوردستاندا نوێنەریان لە پەرلەمانی کوردستاندا ھەبێت.
جارێکی دیکە پێکھاتەکانی کوردستان کۆبوونەتەوە و دەیانەوێت دادگەی فیدراڵی بڕیاری دەستووری بدات ئەگەر ھەر بڕیارێک بەدەر لە ڕێزگرتن لە مافی پێکھاتەکان دەربچێت ئەوە کاریگەری لەسەر ئاشتی و بەیەکەوەژیانی ھەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە لە ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ساڵی ٢٠٠٨ کە دەرچووە تایبەت بۆ ھەڵبژاردن کورسیی کۆتاکان دیاری کراوە.
ڕۆمیۆ ھەکاری، سکرتێری پارتی دیموکراتی بێت نەھرێن، ڕایگەیاند، تێڕوانینی پێکھاتەکان ئەوەیە، بۆ ھەر پرسێک کە پەیوەندی بە داھاتوو و مافی پێکھاتەکانەوە ھەبێت، دەبێت پرسیان پێ بکرێت، نەک بەو شێوەیە کە دادگەی فیدراڵی عێراق بڕیارێک دەربکات، لە بەرژەوەندیی پێکھاتەکان نەبێت، دەبێت ھەڵبژاردن بەیەک بازنە بێت، چونکە پێنج خولی ڕابردوو ھەڵبژاردن بەیەک بازنە بووە.
سکرتێری پارتی دیموکراتی بێت نەھرێن، گوتیشی: کۆمیسیۆن بە چ مافێک لە خۆیەوە کورسییەکان دابەشدەکات، بەڕاستی ئێمە پێمانوایە ئەمە ناعەداڵەتییە، شوێنێک مەسیحی زۆر کەمی تێدایە کورسییەک، یان دوو کورسی بۆ دابنرێت، بەڵام دھۆک زۆرینە و ناوچە دێرینەکانی گەلی کلدانی و سریانی و ئاشوورییەکانە کورسی کەمی بۆ دانراوە.
لەلایەکی دیکەوە ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ڕایگەیاند: زۆربەی زۆری تورکمانەکان لە سنووری ھەولێر ھەن، ھەر گۆڕانکارییەک لە کورسی کۆتاکان بکرێت ڕەت دەکەینەوە. دەشڵێ: کورسیی کۆتا لە ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسا ڕێکخراوە و مافێکی شەرعیی پێکھاتەکانە بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنەکان و پرۆسەی سیاسیی ھەرێمی کوردستان.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، گوتیشی: دۆخی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان زۆر باشە و لەلایەن حکوومەتەوە پاڵپشتییەکی بەھێز ھەیە بۆ بەرەوپێشچوونی پێکەوەژیان و مافی پێکھاتە و ئایینەکان، بەڵام ماوەیەکە پرسی کۆتا دراوەتە دادگە و کراوەتە بابەتێکی سیاسی و کاریگەری خراپی لەسەر ڕەوشەکە دروستکردووە، چونکە ئەمە دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆیە لە کاروباری کۆتاکان.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، ئاماژەی بەوەدا: وەکو کۆتاکان لایەنێکی ئەو کێشە سیاسییانە نین و ناشمانەوێت ببینە بەشێک یان لایەنێکی ئەم کێشەیە، داوا لە دادگەی فیدراڵیش دەکەین پێش بڕیاردان لەسەر پرسی کۆتا، ڕەچاوی ڕەوشی پێکھاتەکان بکات و ئەو سکاڵایە ڕەتبکرێتەوە، لەبەر ئەوەی کۆتاکان لە ھەرێمی کوردستان بارودۆخێکی تایبەتیان ھەیە و پێویستە ھەموو لایەنێک ڕەچاوی بارودۆخیان بکات.
ئایدن مەعرووف، بە ناوی پێکھاتەی تورکمان، کلدان، سریان و ئاشووری لە ھەرێمی کوردستان داوایکرد ئەمڕۆ یەک شەممە دادگەی فیدراڵی کۆتا بڕیار لەبارەی پرسی کۆتا لە ھەرێمی کوردستان بدات و سکاڵاکە ڕەتبکاتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کورسی کۆتاکان لەسەر بنەمای پارێزگاکان دابەشبکرێت، لەبەر ئەوەی کاریگەری خراپ لەسەر ڕەوشی پێکھاتەکان و بەیەکەوەژیانی نەتەوە و ئایینەکان دروستدەکات، داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانیش دەکەم دەستوەردان لە کاروباری پێکھاتەکاندا نەکەن.
وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، باس لە ئامادەکردنی یاداشتێکی ھاوبەش لە نێوان پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە لە ئەنجامی چەندین کۆبوونەوە ئامادەیانکردووە و گوتی: یاداشتەکەمان داوەتە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان، عێراق و دادگەی فیدراڵی، تێیدا ویست و داواکارییەکانی خۆمان لەبارەی پرسی کۆتا خستووەتەڕوو.
ئایدن مەعرووف، زیاتر گوتی: ئەگەر ئەمڕۆ یەک شەممە، دادگەی فیدراڵی دانیشتنەکە دوانەخات و بڕیاری لە دژی کۆتاکان دەرکرد، ئێمە ھەڵوێستی خۆمان دەبێت، ئەگەر دانیشتنەکەش دواخرا، دەردەکەوێت مەبەستیان ئەوەیە ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان نەکرێت.

ھەواڵی زیاتر