ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
لێكۆڵینەوەیەكی تەلەسكۆپی جێمس وێب پێمان دەڵێت گەردوون زۆر زووتر پاڵپشتی لە دروستبوونی ژیان كردوە وەك لەوەی پێشتر دەمانزانی.
لە لێكۆڵینەوەیەكدا تیمێكی گەردوونناسان بە سود وەرگرتن لە چاودێریەكان و داتاكانی تەلەسكۆپی جێمس وێب بۆیان دەركەوت كە توخمی ئۆكسجین زۆر زووتر بەبڕێكی زۆر باش هەبووە لە گەردوون وەك لەوەی پێشتر دەزانرا. توخمی ئۆكسجین یەكێك لە توخمە سەرەكیيەكانە كە پێویستە بۆ دروستبوونی ژیان، توخمی ئۆكسجین لەهەموو ئاوێته ئۆرگانیكەكان و ئاوێتە ئاڵۆزەكان هەیە و پێویستە . هەبێت بۆ ئەوەی ژیان دروست بێت و بەڕێوە بچێت.
لوقمان حەوێز كە توێژەرێكی فەلەكناسە بابەتێكی لەم بارەیەوە نووسیویەتی دەڵێت” پێشتر وادەزانرا توخمی ئۆكسجین ڕێژە و بڕەكەی بەو ئاستە زۆر نەبووە لە گەردوون تاوەكو بەشێوەیەكی بەربڵاو پاڵپشتی لە دروستبوونی ژیان بكات تاوەكو دوو بۆ سێ ملیار ساڵ دوای دروستبوونی گەردوون یان بیگ بانگ، بەڵام لە لێكدانەوەی داتاكان دوای چاودێریكردنی 138 گەلەئەستێرە لە قوڵایی گەردوون كە هەموویان لەنێوان 500 ملیۆن ساڵ بۆ 2 ملیار ساڵ دوای بیگ بانگ دروستبوون دەركەوت كە لە دوای ئەوەی تەمەنی گەردوون تێپەڕیوە لە 700 ملیۆن ساڵ ڕێژەی توخمی ئۆكسجین لەنێو گەلەئەستێرەكان بە خێرایی دەستی بە زۆربوون كردوە، ئەمەش هی ئەوە بووە ژمارەی سوپەر نۆڤاكان زیاتر بوون و لە ئەنجامی ئەو تەقینەوانە توخمی ئۆكسجین بە نێو گەلەئەستێرەكاندا بڵاوبۆتەوە لە گەردووندا.
لەو كۆمەڵە گەلەئەستێرەی چاودێریكراون تەنیا 7 لەوانە تەمەنیان لە نێوان 500 ملیۆن ساڵ بۆ 700 ملیۆن ساڵ بووە دوای بیگ باگ و لە نێویاندا 6 لەوانە ڕێژەی توخمی ئۆكسجین كەمبووە تیایاندا، بەڵام ئەوانەی لە نێوان 700 ملیۆن ساڵ بۆ 2 ملیار ساڵ دوای بیگ بنگ دروستبوون ڕێژەی توخمی ئۆكسجین گەلێك زۆرتر بووە لەوانەی پێشتر هەبوون، بێ گومان ئێستا ڕێژەكە زۆرە لەهەموو گەلەئەستێرەكان بۆیە وای بۆ دەچین ژیانیش بە بەربڵاوی لەنێو گەردووندا بەتایبەتی ژیانی سەرەتایی و مایكڕۆبی هەبێت.