هێشتا ٧٥%ی شنگالییەکان ئاوارەن

ڕەوشی شنگال زۆر خراپە و ڕۆژ بۆ ڕۆژیش خراپتر دەبێت، ڕۆژانە ئاوارەکان لە یەکدی کۆدەبنەوە و باسی ڕەوشی شارەکە دەکەن، وەکو خۆیان دەڵێن، ناتوانن بۆ زێدی خۆیان بگەڕێنەوە لەبەر ھەبوونی ژمارەیەکی زۆری ھێزی چەکدار و مەترسی لە ناوچەکە، چونکە ئەو ھێزانە نایانەوێت دۆخی شنگال ئارام بێت. ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بازرگانی بە نەھامەتییە مرۆییەکانی شنگالییەکانەوە دەکات و ھیچ ئەرکێکی خۆی جێبەجێ نەکردووە، بوونی پەکەکە لە شنگال نادەستووریی و نایاساییە، مایەی مەترسیشە بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە و تەواوی عێراق.

بۆ نۆ ساڵ دەچێت خەڵکی شنگال ئاوارە و دەربەدەربوونە، ھێشتا بارودۆخی شارەکە ئاسایی نەبووەتەوە، لە جیاتی دامودەزگا حکوومەتییەکان بە دەیان حیزب و ھێزی چەکدار شارەکە بەڕێوەدەبەن، ئەوەش ھۆکارە بۆ ئەوەی خەڵکی شنگال نەگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا بژین، ئاوارەکان داوا لە بەغدا دەکەن، کێشەی مانەوەی ھێزەکانی پەکەکە لە شنگال چارە بکات، چونکە تا ئەو ھێزانە لە شارەکە بن ناگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
دوای ھاتنی حەشدی شەعبی و ھێزەکانی سەر بە پەکەکە بۆ شنگال ڕۆژانە لە شارەکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەو ھێزانە ڕوو دەدات ئەوەش وای کردووە نەک خەڵک بگەڕێتەوە، بەڵکو ئەو خەڵکەی کە گەڕاوەتەوە دووبارە ئاوارە ببنەوە، چەندین جار ئیدارەی ناوچەکە داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە ڕێگە نەدات بە بوونی گرووپی چەکداری نادەستووری و ناشەرعی، کەچی حکوومەتی عێراق جگە لە بەڵێن، ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی لەو بوارە نەناوە.
بەرپرسانی شنگال ھەموو ئەو زێدەڕۆیانەی کە لە شنگال دەکرێن بە بەرپرسانی بەغدایان گەیاندووە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئەرکی دەستووری و یاسایی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال جێبەجێ نەکردووە و قەرەبووی ئەو خەڵکەی نەکردووەتەوە، کە بەھۆی ھەرەسھێنانی سوپای عێراق و داگیرکردنی شارەکە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، زیانی گەورەیان پێ گەیشتووە.
لە ساڵی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش شنگالیان داگیر کرد، ھەزاران کوردی ئێزدی شەھید و زیندەبەچاڵ کران و ھەزارانی دیکەش کەوتنە دەست داعش. دوای زیاتر لە ساڵێک لە داگیرکردنی شنگال، ھێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە بەشداری زیاتر لە حەوت ھەزار پێشمەرگە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک بارزانی سەرپەرشتیی دەکرا، شارەکە لە دەستی داعش ڕزگار کرا، دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر چەند ھێزێکی دەرەکی و میلیشیای حەشدی شەعبی ناوچەکەیان داگیر کرد، نەبوونی سەقامگیری و ئاوەدانی لە شارەکە ھۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی خەڵکی ئەو شارە.
ئاوارەکان داوا لە ھەر دوو حکوومەت دەکەن، بەتایبەتی حکوومەتی عێراق کار بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شنگال بکات، ئەو ھێزە چەکدارانەی کە لە ناوچەکە ھەن دوور بخاتەوە و ھێزێکی ھاوبەش لە پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بکات بۆ ئەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە. حەسەن خەلەف، خەڵکی شنگالە، دەڵێت: ئەوە بۆ نۆ ساڵ دەچێت لە ژێر خێوەتدا دەژین، ڕۆژ بۆ ڕۆژ ژیان و گوزەرانی ئێمە ناخۆشتر دەبێ.
دەشڵێ: ھۆی نەگەڕانەوەمان بۆ شنگال بۆ بوونی چەند ھێزێکی چەکدارە لە شارەکە، ئاسایش و ئارامیی نییە، شنگال بێ خزمەتگوزارییە، تا ئەو ھێزانە لە شارەکە بن و بارودۆخی شنگال ئارام نەبێت ناگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، بۆیە داوا دەکەین ھەرچی زووە ئەو ھێزانە لە شارەکە نەمێنن تا ئێمەش لە ژیانی ژێر خێوەت ڕزگار بین.
خەلیل قاسم، ھاووڵاتییەکی دیکەیە، گوتی: ڕەوشی شنگال زۆر خراپە، لەژێر خێوەتیش ژیان و گوزەرانی ئێمە زۆر ناخۆشە، ھەر ئەوەش وای کرد کە بگەڕێینەوە شنگال، بەڵام کاتێک کە گەڕاینەوە لەبەر ھەبوونی چەند ھێزێکی چەکدار لە ناوچەکە، بەتایبەتی بوونی ھێزەکانی پەکەکە، ناچار بووین دووبارە بگەڕێینەوە کەمپەکان، بڕیارمان داوە تا ئەوان لە شنگال بن نەگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، داواش دەکەین ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە.
ئەو ئاوارەیە، گوتیشی: جگە لە حکوومەتی ھەرێم ھیچ کەس و لایەنێک خۆی لە ئاوارەکان نەکردووەتە خاوەن، ئەوەش ھەم باری حکوومەتی ھەرێمی قورس کردووە، ھەم باری ئێمە داوا دەکەین ڕێکخراوەکان و حکوومەتی عێراق یارمەتیمان بدەن.
ھەبوونی ئەو ھەموو میلیشیانە لە شنگال جا لەژێر ھەر ناوێک بن، ھۆکارە بۆ نەگەڕانەوەی خەڵکەکە، چونکە تا ئێستە دیارنییە ئەوان سەر بە چ لایەنێکن، لەم چەند ساڵەی دوایی ڕێژەی گەڕانەوەی خەڵک بۆ شنگال کەمە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ھێزە ناشەرعییەکان پلانەکانی خۆیان لە شنگال بەھێزتر دەکەن، بەگوتەی بەرپرسانی شارەکە، تا ئێستە یەک داواکاری خەڵکی شنگال جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش ھۆکارە ٧٠% خەڵکی شارەکە لە ئاوارەیدا بژین و نەگەڕێنەوە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ڕێککەوتنی شنگال تاکە چارەیە بۆ ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکە.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بازرگانی بە نەھامەتییەکانی خەڵکی شنگالەوە دەکات، ئەو وەزارەتە کارەکانی خۆی بە تەواوەتی نەکردووە و خزمەتی ئاوارەکانی نەکردووە، ھەروەھا ھیچ پلانێکیشی نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال، ئەمە لە کاتێکدایە ئەرکی ئەوانە خزمەتی ئاوارەکان بکەن و ژیان و گوزەرانی ئەوان خۆش بکەن و ڕێ خۆشکەر بن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵی و حاڵی خۆیان.
ئەو پەرلەمانتارە، ئاشکراشی کرد: شنگال ئارام نییە، زۆر کێشە و گرفت ھەن، حکوومەتی عێراق بەڕوونی ڕایگەیاندووە پەکەکە لە ناوچەکە ھەیە، ئەوەش وای کردووە مەترسی لەسەر خەڵکی شنگال و ھەتا عێراقیش دروست بێت، بوونی پەکەکە و گرووپە چەکدارەکان مەترسین بۆ سەر پێکەوە ژیان و گەڕانەوەی خەڵک و ئاوەدانی شنگال، بارێکی قورسە لەسەر عێراق، بەڵام ھەندێک لایەنی عێراقی دەیانەوێت ئەوان لە شنگال و ناوچەکانی دیکە بمێنەوە، بۆ ئەوەی ناوچەکە ئاوەدان نەبێتەوە و خەڵک نەگەڕێتەوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی ئەواندایە، ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی ھەرێم ھەموو ئەرکێکی خۆی بەرامبەر بە خەڵکی شنگال جێبەجێ کردووە، لە کەمپەکان بەردەوام ھاوکاریی ئەوان دەکات و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دابین دەکات، ڕێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کرد بۆ ئاسایی کردنەوەی بارودۆخی شارەکە، بەڵام حکوومەتی ناوەند پابەند نەبوو بە ڕێککەوتنەکە و تا ئێستە یەک خاڵ لە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، ئەوەش لە بەرژەوەندی پەکەکە و گرووپە چەکدارەکاندایە.

ھەواڵی زیاتر