باڵیۆزی بەریتانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە سەر هێرشەکەی ئێران بە سەرۆک بارزانی دەگەیەنێت

ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق سەرەخۆشی شەهیدانی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران لە سەرۆک بارزانی دەکات و هەڵوێستی وڵاتەکەشی راگەیاند، کە دژی ئەم جۆرە کردەوانەن بە تایبەت، کە خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بکرێتە ئامانج.

لەو دیدارەدا کە کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی بەریتانیا دووبارە سەرەخۆشی خۆی بە سەرۆک بارزانی راگەیاند، بۆ کارەساتی موشەک بارانە بێ بنەماکەی سەر هەولێر کە لە لایەن سوپاسی پاسدارانی ئێران ئەنجامدرا و بوە هۆی شەهید و بریندار بوونی ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل، لەم بارەیەوە هەڵوێستی فەرمی حکومەتی بەریتانیای بە سەرۆک بارزانی گەیاند، کە دژی ئەم جۆرە کردەوانەن بە تایبەت کە خەڵکی سڤیل و بێ تاوان بکرێتە ئامانج.

هەر لەو دیدارەدا باس لە بارودۆخ و دواپێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و عێراق کرا، هەروەها تیشک خرایە سەر کارەکانی لیژنەی لێکۆلینەوەی ڕاستییەکان کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراق پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و دەرخستنی راستییەکان لەسەر ئەم رووداوە.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی هەڵوێستی باڵیۆز و حکومەتی بەریتانیای کرد، و دووبارە نیگەرانی خۆی دەربڕی بەو کردەوە نا مرۆڤانەی بەرانبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کرا، و پێزانینی هەبوو بۆ هەوڵەکانی محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ وەرگرتنی هەڵوێست و بەدواداچوونی جددی لەسەر ئەم پرسە.

پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و بارودۆخی ئەمنی دەشتی نەینەوا و شنگال و گرنگی جێبەجێکردنی رێکەوتننامەی شنگال  تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.