درۆ و چەواشەکارییەکانی ئێران بۆ هێرشە دوژمنکارییەکەی سەر هەولێر سپی بوونەوە

لە کوردەواریدا قسەیەک هەیە کە دەگوترێ ”پەتی درۆ کورتە” بەڵام پەتی ئەو درۆ و چەواشەکارییەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشە مووشەکییەکە، ئەوەندە کورت بوو هەر زوو ڕاستییەکان بەدەر کەوتن و درۆکانیش سپی بوونەوە. سەیر لەوەدایە کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای نزیکەی دە ڕۆژ، لەو هێرشە دوژمنکارییە کە بەهۆیەوە پێشڕەو دزەیی بازرگانی ناسراوی کورد و منداڵە ساواکەی و میوانێکی و خزمەتگوزارێکی شەهید بوون و ژمارەیەکی تر بریندار بوون، لە چەواشەکارییەکانی بەردەوامە.

لەو کاتەوە بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی چ لە ئاستی وەزیری دەرەوە و چ لە ئاستی گوتەبێژ و فەرماندەکانی سوپای پاسداران چەندین جار پێداگرییان لەوە کردووە کە ئەوەی کردوویانەتە ئامانج بنکەیەکی سیخوڕیی سەر بە ئیسرائیل بووە بەڵام تەنانەت دۆستەکانی خۆشیان باوەڕ بەو قسانە ناکەن و بە بەڵگە ڕەتیان کردووەتەوە.
هەر ڕۆژێک دوای هێرشەکە شاندێک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە بە سەردانێک گەیشتنە شوێنی ڕووداووەکە و لە نزیکەوە دەستیان بە هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە لەم هێرشە کرد کە سوپای پاسداران ئەنجامدەری بوو. هەر ئەو کات قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنەکە بە میدیاکانی گوت کە هیچ نیشانەیەک نییە بیسەلمێنێت ئەو خانووە کاری هەواڵگری تێدا کرابێت.
ئەوان هەر لە زانیارییە سەرەتاییەکانیان ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە ئەو شوێنەی خەڵتانی خوێن کرا، فڕی بە هیچ دامەزراوەیەکی هەواڵگری نەبووە و دواجار لە نەخۆشخانە و لە زمانی هاوسەری پێشڕەو دزەیی کە بریندارە، بە ڕوونی باس لەوە کرا کە ئەو خێزانە خەریکی ژیانی ئاسایی خۆیان بوون کە لە پڕ بە مووشەک کرانە ئامانج.
جگە لە ئەنجوونی ئاسایش، لە ئاستی پەرلەمانی عێراقیش لیژنە پێکهات و بۆ ماوەی چەندین ڕۆژ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیلەو ڕووداوە کراوە و هەر چەندە هێشتا ڕاپۆرتیان بە فەرمی بڵاو نەکراوەتەوە بەڵام ئەوەی ئەندامانی لیژنەکان لەو چەند ڕۆژەدا خستووویانەتە ڕوو هیچ پاساوێک بۆ ئەو هێرشە نییە و سەروەریی خاکی عێراق بەزێنراوە و خەڵکێکی بێتاوانیش کوژراون.
رۆژی دووشەممەش ڕێکخراوی چاودێری نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر کرد و لە ڕاپۆرتەکەدا وێڕای خستنەڕووی ڕووداوەکە و ژمارەی قوربانییان، داوای کرد بکەرانی ئەو هێرشەکە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەو ڕێکخراوە باس لەوە کراوە جگە لەو ماڵەی کرابووە ئامانجی هێرشی مووشەکی، بە درۆنیش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کرایە ئامانج بەڵام لەوێ درۆنەکان تێک شکێنرابوون و هیچ زیانێکیان بەدواوە نەبوو.
پێویستە بگوترێ چ لە ڕووی یاسایی، چ لە ڕووی سیاسی و چ لەرووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەرکی دراوسێیەتی، ئێران تووشی دۆخێکی نالەبار بووە و پێشبینی دەکرێ لە داهاتوودا دوای یەکلاییبوونەوەی ئەو سکاڵایە کە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە دژی تۆمار کرا و چ لە ئاستی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە، کۆماری ئیسلامی، زیاتر شەرمەزار و سەرکۆنە بکرێت و تەنانەت تووشی سزادان و لێپێچینەوەی نێودەوڵەتیی ببێتەوە.
لە دە ڕۆژی ڕابردوودا جگە لەوەی کە لەڕووی بازرگانی بایکۆتی کاڵای ئێرانی کراوە، لە دەیان شاری ئەوروپا و ڕۆژئاوا و هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان کرا و لەم ڕۆژانەی دواییدا خۆپێشاندان لە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین و هەڵەبجەش بەڕێوە چووە و سەرکۆنەی ئێران کراوە.
بەگشتی هێرشەکەی سەر هەولێر و نەبوونی پاساوی لۆجیکی، ئێرانی خستووەتە دۆخێک کە تەنانەت هانای بۆ وێنەی فۆتۆشۆپ و چەواشەکاریی دیکە بردووە، بەڵام چەواشەکارییەکان هەر لەو ساتەی بڵاو کرانەوە، ڕاستییەکان ئاشکرا بوون، لەم چەند ڕۆژەدا بە فۆتۆشۆپ وێنەی شەهید پێشڕەو لەگەڵ کەسێکی ئیسرائیلی داندرابوو و دواتر دەرچوو فڕی بە کەسەکەوە نییە و وێنە ڕاستەقینەکە ئاشکرا بوو.
دیار نییە لە ڕۆژانی داهاتوودا چ سناریۆ وچەواشەکارییەکی تر دەخاتە ڕوو بەڵام ئەوەی لە ئەرزی واقیع هەیە ئەوەیە ناڕەزایەتی و ڕاپۆرتەکانی سەرکۆنەکردن و شەرمەزارکردنی ئێران چ لە ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و ئاستەمە ئێران بتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشە دەرباز بکات کە بەهۆیەوە خەڵکێکی بێتاوانی سڤیلی شەهید و بریندار کرد.

ھەواڵی زیاتر