چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان: لێکۆڵینەوەکان سەلماندیان پاساوەکانی هێرشەکەی سەر هەولێر لە ڕاستیەوە دوورن

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەوڵی ئەوە درا، كە هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر پەردەپۆش بكرێت، ئەویش بە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵیك درۆ و تۆمەتی هەڵبەستراو، بەڵام لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان سەلماند كە ئەو قسانە لە ڕاستییەوە دوورن.

دوێنێ، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، كە هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكی لەگەڵ ئێران نەبووە، بە پێچەوانەوە پەیوەندییەكی لەمێژینەی پتەو لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا هەبووە، دەشڵیت: ” ئەو هێرشەی كە بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان كرا كارەسات بوو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هەوڵی ئەوە درا كە هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر پەردەپۆش بكرێت، ئەویش بە بڵاوكردنەوەی كۆمەڵیك درۆ و تۆمەتی هەڵبەستراو، بەڵام لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان سەلماند، كە ئەو قسانە دوورن لە راستییەوە”.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: “هەرێمی كوردستان هەرگیز هەڕەشە نەبووە لەسەر دراوسێكانی و هەمیشە دەستی هاوكاری و دۆستایەتی درێژ كردووە. هیوادارین كە ڕووداوی لەم چەشنە دووبارە نەبێتەوە”.
ئاماژەی بەوەش كرد: “كە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرپرسیاریەتییان لە ئەستۆدایە، پێویستە رێگری لە دووبارە بوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە بكەن”.
سەبارەت بە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی حكوومەتی فیدراڵیش لەسەر ڕووداوەكە، سەفین دزەیی گوتی: “جارێ زووە باس لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیجنەكان بكەین، بەڵام قسەی سەرەتایی ئەو لیجنانەی كە لە عێراقەوە هاتوون ئاماژە بەوە دەكەن ئەو شوێنەی كە لەلایەن ئێرانەوە هاژەکباران کران شوێنی نیشتەجێبوونە، بەڵام وردەكاریی لێكۆڵینەوەكان ماون بۆ ئەوەی ئەنجامەكەی ڕابگەنرێت”.