ئەمڕۆ زاخۆ ناڕەزایی دژی هێرشەکەی سەر هەولێر دەردەبڕێت

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ڕایگەیاند، ئەمڕۆ گەورەترین خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دژی هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ هەولێر لە زاخۆ بەڕێوەدەچێت.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە لێدوانێکدا، ڕایگەیاند؛ گەنج، لاو، پیر و هەموو چین و توێژەکانی زاخۆ بەشداری لە خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە دژی هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکەن و ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن. گوتیشی، “ئامادەکارییەکان تەواوبوون و دەبێتە گەورەترین خۆپیشاندان لەسەر ئاستی کوردستان”.
گوتیشی: هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر “تیرۆریستی” بوو و پێشێلکارییەکی ئاشکرا بوو، بۆ سەر سەروەریی خاک و سەربەخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان.
ئەوەشی خستەڕوو، دەیانەوێت لە رێگەی خۆپێشاندانەکەوە پەیامی ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی هێرشەکەی سەر هەولێر ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن “بۆ ئەوەی چیدیکە هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان نەکرێنە قوربانی ئەو جۆرە هێرشە بێ پاساوانە”.
باسی لەوەشکرد، وەکو پارێزگای هەولێر و پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، ژووری بازرگانی و پیشەسازیی زاخۆش داوای لە هەموو هاووڵاتی و بازرگانان کردووە بایکۆتی هاوردەکردنی کاڵا و بەرهەمەکانی ئێران بکەن و نەیانکڕن. روونیشیکردەوە، هەوڵدەدرێت بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و بەرهەمی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پێداویستییەکانی خەڵک پڕبکرێنەوە.