شەپۆلی سەرکۆنەکردنی هێرشە دوژمنکارییەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر شەقامەکانی ئەورووپا و خۆرئاوای تەنی

شەرمەزارکردن و سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردیە سەر هەولێری پایتەخت، بەردەوامە و جگە لە ناوخۆی کوردستان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و کەنەدا و ئەمەریکا دەستی پێ کردووە و لە هەندێکیان بەڕێوەچووە و لە هەندێک وڵاتی تر ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی دەکرێت.

هێرشە دوژمنکاری و ناوجوامێرانەکەی ئێران لە شەوی پازدە لەسەر شازدەی مانگی کانوونی دووەم کە بەهۆیەوە وەبەرهێنەرێکی نیشتمانپەروە و میوانێکی و منداڵێکی و خزمەتگوزارێک شەهید بوون و ژمارەیەکی تر لە ئەندامانی خێزانی پێشڕەو دزەیی خاوەنی پڕۆژەکانی ئیمپایەر و ڤالکۆن گروپ بریندار بوون، زۆرترین هاوسۆزی و هاوخەمیی ناوخۆیی و جیهانی بەدواوە بووە و کۆماری ئیسلامیی خستووەتە گۆشەیەکی پەراوێزخراو و مەحکوومکراو و سەرجەم دامەزراوە و وڵات و هێزەکانی تری خستووەتە بەرەی پاڵپشتیکار لە قوربانییانی ئەو هێرشە.
هاوسۆزییەکان بۆ گەلی کورد سەرەتا لە چوارچێوەی لێدوان و بەیاننامەی سەرۆکی وڵاتان و باڵوێز و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و سیاسەتەمداران و کەسایەتییەکانی جیهان ڕەنگی دایەوە و دواتر شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی گەیشتە سەر شەقامەکان و ئێستاکەش شەقامەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و ڕۆژئاوای تەنیوە.
لە خۆپێشاندانەکانی هەولێر و دهۆک و سۆران و چەند شوێنێکی تری کوردستان هێرشی دڕندانەی ئێران بۆ سەر خەڵکی سڤیل بە توندی سەرکۆنە کراوە و بڕیارە ئەمڕۆ لە ئاکرێ و چەند شارێکی تر خۆپێشاندان بەڕێوە بچن. لە دەرەوەی وڵاتیش بە تایبەت لە ڕۆژی شەممە، بیستی مانگەوە خۆپێشاندان لە بەشێک لە شارەکانی ئەوروپا و کەنەدا و ئەمەریکا دەستی پێ کردووە.
دوێنێ شەممە لە کۆپنهاگنی پایتەختی دانمارک ڕەوەندی کوردی لە بەردەم باڵوێزخانەی ئێران لەو وڵاتە کۆ بوونەوە و بە کۆمەڵێک دروشم، کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لەو کردەوە تیرۆریستییەی کردیە سەر هەولێری پایتەخت، بە توندی سەرکۆنە کرد.
لە ئەڵمانیا بە تایبەت لە هامبورگ و هانوڤەر ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی تاراوگە لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە هەڵگرتنی ئالای پیرۆزی کوردستان و سروودی ئەر ڕەقیب هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێریان شەرمەزار کرد.
هەر دوێنێ لە شاری ئامستردامی پایتەختی هۆڵندا خۆپێشاندانێکی گەورە بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر بەڕێوە چوو و خەڵک بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی پازدە لەسەر شازدەی ئەم مانگە بۆ سەر هەولێریان کرد. هاوکات لە هێلنسکی فینلاندیش خۆپێشاندانی هاوشێوە بەڕێوە چوو.
لە بەلجیکا هاوشێوەی وڵاتانی تری ئەوروپا خۆپێشاندان کرا و داوا لە وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرا بە پێوەندییەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بچنەوە و ڕێ لەوە بگرن چی تر بە بیانووی جیاواز و دوور لە ڕاستی زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت کە ئارامترین ناوچەی عێراق و مەڵبەندی ئاشتی و پێکەوەژیان بووە.
دوێنێ شەممە لانی کەم لە شازدە شاری گرنگی ئەوروپا خۆپێشاندانی جەماوەری بەڕێوە چوو و جگە لە خەڵکی کوردی تاراوگە، خەڵکی ئەوروپی و نوێنەرانی پەرلەمان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی وڵاتانی ئەوروپا بەشدارییان لەو خۆپێشاندانانەدا کرد.
بڕیارە خۆپێشاندان لە چەندان شاری تری ئەوروپا و ئەمەریکا و کەنەدا بەڕێوە بچن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و خەڵکی جیهان لە دەستدرێژییەکان بۆ سەر سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان و کوشتنی منداڵ و ژن و خەڵکی بێ تاوان ئاگادار بکرێنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئەو خۆپێشاندانانە، لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسی، چ لە میانەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس و چ لە کەناڵی تری دیپلۆماسی، سەرکردە و دامەزراوەکانی جیهان، لەو پێشێلکاریییە یاساییە و هێرشە تیرۆریستییە ئاگادار کراونەتەوە کە هاوسۆزی و پاڵپشتییەکی گەورەی نێودەوڵەتی بەدواوە بووە و سکاڵاکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش کە لە ئەنجوومەنی ئاسایش تۆماری کردووە چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنی لێ دەکرێت.