پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

میدیا و ئاژانسەکان گوتەکانی مەسرور بارزانی لەبارەی رەتکردنەوەی بیانووەکانی ئێران بڵاودەکەنەوە

هێرشە مووشەکییە بالیستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر و شەهیدکردنی هاووڵاتی سڤیل، دواتریش دروستکردنی تۆمەتی بێ بنەما بۆ پاساودانی هێرشەکان، بووە جێی بایەخی ئاژانس و میدیا جیهانییەکان.

ئاژانس، رۆژنامە، تەلەفزیۆن و رۆژنامە گەورەکانی جیهان گوتەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان لە داڤۆس سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی دەنگۆکانی ئێران بۆ هەبوونی بارەگای سیخوڕی لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردنەوە.

لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز نووسیویەتی: سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتەکانی ئێران بۆ هەبوونی بارەگای مۆساد بە بێ بنەما ناودەبات.

ئاژانسی فرانس پرێسی هەواڵیش چەند هەواڵێکی لەسەر کاردانەوەکان بڵاوکردووەتەوە و باس لەوە دەکات، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە هیچ بارەگایەکی سیخوڕی لە هەرێمەکە هەبێت، دەنگۆکان بە ناڕاست و دروستکراو ناودەبات.

هاوکات، رۆژانامەی زە گاردیانی بەریتانی لە رووپەڕی رۆژنامەکە گوتەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستانی داناوە و ئاماژە بەوەدەکات. “سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هێرشەکانی ئێران بە کوشندە و زیانبەخش بۆ سەر هاووڵاتیانی سڤیل ناو دەهێنێت.”

لەدرێژەی کاردانەوەی میدیا نێودەوڵەتیەکان سەبارەت بەهێرشەکانی سەر هەولێر، پێگەی زە ناشوناڵ ئەوەی خستەڕوو، “هەرێمی کوردستان لەرێگەی سەرۆک وەزیرانەکەیەوە دەنگۆی ئێران بۆ هەبوونی بارەگای سیخووڕی بەدرۆ دەخاتەوە”.

لەلایەکی دیکەوە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی نووسیویەتی، “سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، رەتیدەکاتەوە ئەو جۆرە کردەوانە ئیرادەیان بشکێنێت”.

پێگەی سی ئێن بی نیوزی ئەمەریکیش بڵاویکردووەتەوە، “سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێرشەکانی ئێران بە دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری هەرێم و بەغدا ناودەبات، هێرشەکەش رەتدەکاتەوە”.

پێگەی ئەلۆمۆنیتەری ئەمەریکیش راپۆرتێکی لەسەر کاردانەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دژی هێرشەکەی ئێران بلاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، وەک ناڕەزایەتی دیداری خۆی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندەوە.