كوردستان تی ڤی . یادی یۆبیلی زیوینی 25 ســــــاڵەی كاركردنی دەكاتەوە

ئا- كامەران حاجی ئەلیاس

هەرلەكۆنەوە تەلەفزیۆن ئامێرێكی گرنگی نێو كۆمەڵگا بووە،بەبێ ئەوەی لە دەرگا بدات دەبێتە میوانی هەموو ماڵێك بۆیە ناوەرۆك و بەرنامەكانی هەرتەلەفزیۆنێك بۆ خێزان زۆر گرنگە ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی میدیای كوردی بدەینەوە ئەوا 17ـی 1ـی ساڵی 1999 رۆژێكی پرشنگداری راگەیاندنی كوردییە،كاتێ بەبڕیاری سەرۆك بارزانی كەناڵی ئاسمانی كوردستان تی ڤی وەك یەكەمین كەناڵی ئاسمانی كوردستانی لەناو خاكی كوردستانەوە دەستی بە پەخش كرد.

هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەم كەناڵەوە، بۆتە سەكۆیەكی ئازاد بۆ گوزارشتكردن لەبیر و بۆچوونەجیاوازەكان، جەخت لەپتەوكردن و پێشخستنی دەستكەوتەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان دەكاتەوە بەرەو بەجێگەیاندنی ئەركە مێژووییەكانی ئەو بزاڤەو بەدیهێنانی ئامانجە ئازادی خوازییە رەواكانی لەسەر بنەمای مافی بڕیاردانی چارەنووس و هاوكاری و دۆستایەتی لەنێوان گەلاندا و رەتكردنەوەی رەگەزپەرەستی و شۆفێنیەت و دیكتاتۆریەت و مەحكومكردنی تیرۆر و بنیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و شارستانی كەبناغەكەی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسا و یەكسانی و دادپەروەری بێت.
ئەمڕۆچوارشەممە 17-1-2024 كەناڵی ئاسمانی كوردستان تی ڤی كە بەكەناڵی دایك ناسراوە، یادی یۆبیلی زیوینی 25 ساڵەی كاركردنی دەكاتەوە بەو هیوایەی زیاتر خزمەت بە گەلی كوردستان بكات هەربەوبۆنەیەوە بەشێك لە كارمەندانی كوردستان تی ڤی لەرێگەی رۆژنامەی (هەولێر) وە ئەو یادە پیرۆز دەكەن.
سەرەتا (زردەشت ئەحمەد) بەرپرسی ژووری هەواڵ لە یادی یۆبیلی زیوینی 25 ساڵەی دامەزراندی كەناڵی ئاسمانی كوردستان تی ڤی دەڵێت ” لە 17ـی 1ـی ساڵی 1999 بەبڕیاری سەرۆك بارزانی كوردستان تی ڤی وەك یەكەمین كەناڵی ئاسمانی كوردستانی لەناو خاكی كوردستانەوە دەستی بە پەخش كرد و بووە میوانی هەر ماڵێك لەسەرتاپای جیهان .
كردنەوەی كوردستان تیڤی جگە لەوەی پێویستییەكی ئەو قۆناغەی راگەیاندنی كوردستان بوو كەماوەیەك پێویستی پێی هەبوو و چاوەڕوانی لێدەكرا، لەهەمان كاتیشدا مانای ئەوەبوو كەئەم كەناڵە ئاسمانییە بە بەرنامەو تێڕوانینیی نوێ و نەخشەی تازەی راگەیاندنی سەردەمیانە هاتۆتە مەیدانەكەوە و رایەڵ و دەنگ و رەنگی كوردستانیان بەگشت پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانەوە بووە “.
هەروەها زردەشت ئەحمەد دەڵێت”كوردستان تیڤی لەگەڵ بڕینی قۆناغەجیاجیاكانی كاری میدیایی و راگەیاندن لەكوردستان كەهەنگاوی باشی بڕیوەو رەهەندی نێودەوڵەتی تێیدا بەرجەستەبووە، پابەندی بنەماكان و ئیتیكی كاری میدیایی و راگەیاندن بووەو سەرقافڵەی راگەیاندنی كوردی كردووە.
كوردستان تی ڤی خۆی بە پێشەنگ زانیوە لە هاوهسەنگ بوون و گرنگیدان بە بابەتە كۆمەڵایەتیەكان پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە كاری لە پێشینەی خۆی داناوە هیوادارم لە 25 ساڵەیدا بتوانێت بە گرو تینێكی دیكە بەردەوامی بە نەهج و ستراتیژیەكانی خۆی بدات سڵاو لە سەرجەم شەهیدانی كوردستان پیرۆرزە ئەو یادە لە كارمەندان و بینەران”.
(هەڤاڵ نەورۆز )،راوێژ كار لە كوردستان تی ڤی دەڵێت”سەرەتا پیرۆزبای لەسەرجەم كارمەندانی كوردستان تیڤی دەكەم كوردستان تیڤی لەلای من قوتابخانەیەكی مەزنی پێگەیاندنی كادیرانی راگەیاندنە لەكوردستان، بەردەوام وا سەیری كوردستان تیڤی دەكەم كە ماڵی گەورەی منە شانازی دەكەم كە یەكەم دەنگ و باس لە كوردستان تیڤی من خوێندمەوە لەم یادە پیرۆزەدا سڵاو لەسەرجەم شەهیدانی كوردستان بەتایبەتی شەهیدانی كوردستان تیڤی هیوای پێشڤەچوونی زیاتر و بەردەوامی بۆ دەخوازم دووبارە پیرۆز بێت ئەم یادە لەهەموولایەك”.
(هاودەنگ فاروق) پێشكەشكاری سیاسی پێشووی كوردستان تی ڤی، لە ساڵیادی كوردستان تی ڤی دەڵێت:” لەساڵیادی 25 ساڵەی كوردستان تی ڤی دا، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لەهەموو كارمەندان و بەرێوەبەرانی پێشوی كوردستان تی ڤی و بەرێوەبەری ئێستا وهەموو بەرێوەبەری بەشەكان و تەواوی ستافی كارمەندەكان دەكەم، هیودارم سەركەوتووبن و هەرلە پێشكەوتن دابن . كوردستان تی ڤی، ئەو شاشە جوان و سەنگین و میدیا بەرپرسیارە یە، كە نموونەی میدیایەكی نەتەوەیی و نیشتیمانی و كوردستانیانەی بەرپرسیار و خاوەن بەها و ئاكاری میدیایی بووە لە رابردوودا “.
هەروەها هاودەنگ فاروق دەڵێت:” یەكێك لە سیفەتەهەرە بەرز و بەهاداری كوردستان تی ڤی ئەوەیە، كە بە تەلەفزیۆنێكی ڕاستگۆ و پڕمتمانەی بینەرەكانی خۆی لە كوردستان و سەرتاسەری دونیا ناسراوە،ئەمە یەكێكە لە سیفەتەكانی میدیای بەرپرسیار .لەگەڵ ئەوەیشدا خۆم 20 ساڵ لەو كەناڵە كارم كردووە و جێگای شانازییە كەتوانیومە بە بەرنامەیكی زۆر، بیرۆكەیەكی زۆر وە ئایدیایەكی جوانی میدیایی لەو مێژووە جوان و ڕەنگینەدا جێی دەستم دیار بێت لەتەك هەموو هاوكارەكانم. هیوادرم هەر سەركەتوو بن و كوردستان تی ڤی هەرلە گەشانە و بووژانەوەدابێت، كوردستان تی ڤی ئەو شانازییەی پێبڕاوە كەیەكەم تەلەفزیۆنی ئازادە لەسەر خاكی كوردستان هەمیشە سەكۆیەكی ئازاد بووە بۆ بیرو ڕاكان، دووبارە ئەو یادە لە هەموو لایەك پیرۆز بێت”.
بێژەری هەواڵ و پێشكەشكاری بەرنامەی سیاسیی (كەیفی شەمزینی) لەم یادەدا دەڵێت” خۆم بە سەربەرز دەزانم و شانازی بەوە دەكەم كە ماوەی ( 30) سیی ساڵە لە راگەیاندن و تەلەفزیۆن بە تایبەتی، بەبێ دابڕان كاردەكەم، سەبارەت بە كوردستان تی ڤی كە لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستا بە رۆح و كردەوە ئاوێتەی یەكتربووینە، دیارە بە درێژایی ئەو مێژووە درێژە زۆر قۆناغ و كارو و بەرپرسیاریەتی جیاوازمان بینیوە، تا ئێستاش وەك بێژەری سەرەكی هەواڵەكان و پێشكەشكاری بەرنامەی سیاسیی لە كوردستان تی ڤی بەردەوامم..”.
هەوەرها شەمزینی دەڵێت”بە گشتی ئەو میدییایەی لە هەرێمی كوردستان هەیە میدییایە‌كی سیاسییە بۆیە گرنگە هەموو بیاڤ و لایەنە جیاوازەكانی ژیانی كۆمەڵگەی كوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی هاوشانی یەكتر پیشان بدرێن و بخرێنە روو، میدیا بە گشتی و تەلەفزیۆن بە تایبەتی دەبێت سەرچاوەیەكی بەردەوام و دانەبڕاوی ژیانی تاك و كۆمەڵگە بێت، هیوادارم هەروەك چۆن كوردستان تی ڤی لەسەرەتای دامەزراندنیدا دەسكەوتێكی گەورەی بواری میدیا بوو بۆ تەواوی كوردستانییان، لە ئێستادا و بۆ داهاتووش لە رێگەی خۆ گونجاندن لەگەڵ قۆناغی ئەمڕۆی راگەیاندن و سەرەدەریی كردن لەگەڵ پرس و بابەتە سەردەمییەكان هەمیشە هەوڵی خۆنوێكردنەوە و پەرەپێدان بە پەیام و ناوەڕۆك و ئەدای كاركردنی بدات و هەمیشە لەسەر رێچكەی ئەو راستگۆییە بمێنێتەوە كە یەكێك لە درووشمەكانی كاركردنێتی و هەر بەو چەترەش بمێنێتەوە كە هاوشێوەی ناوەكەی” دەنگ و رەنگی دۆزی رەوای گەلەكەمان و هەموو كوردستانییەك بێت لە ناوخۆ و تەواوی جیهاندا..”.
(هەڤاڵ حەمد ) بەرێوەبەری بەرنامە گشتییەكان بۆ ئەو یادە دەڵێت”بە شانازییەوە یادی یۆبیلی زیوین دەكەینەوە كە من لە تەمەنی لاویەوە لەم كەناڵە خزمەت دەكەم. كوردستان تی ڤی وەك یەكەم كەناڵی ئاسمانی لە هەرێمی كوردستان خزمەتێكی بەرچاوی هەمووبوارەكانی كردووە بە تایبەت لایەنی رۆشنبیری و هونەر كە بە شانازییەوە خاوەن گەورەترین ئەرشیفی هونەرین لە بواری گۆرانی و موزیك و دراما و هونەرەكانی دیكە. لە وەرزی نوێ بە كۆمەلێك بەرنامەی هەمەجۆر خزمەتی بینەران دەكەین دەمانەوێ كار لەسەر ئەو بابەتانە بكەین كە پێویستن بۆ بینەر. پیرۆزە ئەم یادە لە هەموو كوردستانیان”.
بێژەری هەواڵ خاتوو( دڵسۆز عەبدوڵڵا ) ئەویش بۆ ئەو یادە قسەی خۆی هەیە دەڵێت” دەزگای میدیایی كوردستان تی ڤی لەمێژوی 25 ساڵەی تەمەنی خۆیدا، پیشەییانە پەیامەكانی خۆی گەیاندووە ھەواڵ و زانیاری و بەرنامەكانی ئاراستەیەكی نیشتمانیی و نەتەوەیی بەرزییان پێشكەشكردوە،ئەمەش رەنگدانەوەی ھەبووە لە قوڵكردنەوەی ھۆشیاری و پێكەوەژیان و بەرقەراركردنی كۆمەڵایەتی”.
هەروەها خاتوو دڵسۆز دەڵێت”كوردستان تی ڤی هەمیشە میدیایەكی سەنگین و بەرپرسیار بووە، لەبەرامبەر پرسە نیشتمانی و مرۆییەكاندا هەڵوێستی باڵای نواندووە، پابەند بە بنەماكانی كاری رۆژنامەوانی ئەركەكانی بەجێگەیاندووە و پیشەییانە مامەڵەی لەگەڵ رووداوەكان كردووە،لەنێو گۆڕەپانی میدیای كوردیدا كوردستان تی ڤی یەكێكە لە كەناڵە گرنگەكان كە بایەخێكی تایبەت بەبواری رۆشنبیری و كلتووری دەدات، توانیویەتی شرۆڤەی هەواڵ و پرسە سیاسیە گرنگەكانی ڕۆژ بخاتەڕوو بەتێڕوانینێكی دروست هەنگاو بنێت، ئاواتە خوازم بەردەوام بین و هەمیشە لە پێشەنگی كاری میدیایی بمێنینەوە پردی بەهێزی گواستنەوەی خەم و ئازارەكانی میللەتەكەمان بین”.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت”هیوادارم ساڵی نوێی كاركردنمان بە وزەیەكی زیاتر و پێشكەوتنی بەرچاوەوە لەمەیدانی كاردابین”.
(مەسعود لاوە ) نووسەر ی هەواڵ لەم یادە دەڵێت”هیوای بەردەوامی و كاری جوانتری میدیایی و هونەری و فرەڕەنگی بۆ كوردستان تی ڤی دەخوازم، لەم یادەدا خزمەتی زیاتری كادرانی دڵسۆزی كەناڵەكە بكرێت، هەمیشە دەزگایەك بێت بۆ پێگەیاندنی راگەیاندنكاران و رۆژنامەنووسان، بە جۆرێك پەرە بە كاری میدیایی بدات لە ئاست خواستی گەلی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانی بێت “.
پرۆدیوسەری دەنگوباس (بڕیار غازی ) لە پەیامەكەی دا دەڵێت” كوردستان تی ڤی وەك پێویستییەكی هەنووكەیی لە بڕیاری قۆناغێكی سەخت و دژواری ئابووری و سیاسی كەوتە كۆڕی خەبات، وەك یەكەم ئەزموونیش لە سەر ئەرزی واقعی كۆمەڵگەی كوردستان كەوتە جموجۆلێكی تازەی رۆژنامەوانی و هونەری و سیاسی و كۆمەڵایەتی. كوردستان تی ڤی سەرەتایی شۆڕشێكی ڕاگەیاندن بوو لەنێو میدیای هەرێمی كوردستان و نموونەی میدیای نەتەوەیی و نیشتیمانی بووە و هەردەمیش پابەندی بنەماكانی ڕاستگۆیی و پابەندبوونی نیشتیمانی بووە. كوردستان تیڤی لە ماوەی كاركردنی خۆیدا ڕۆڵی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی و خۆشەویستیی نیشتیمان و پاڵپشتیكردنی پێشمەرگە، كوردستان تی ڤی هەموو كات پشت بە بنەماكانی دادپەروەری و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و و یەكسانی لەناو گەلاندا دەبەستێت”.
(بەهزاد ئەرگۆشی ) بێژەرەی هەواڵ لە پەیامەكەی دەڵێت” كوردستان تی ڤی وەك یەكەمین كەناڵی ئاسمانی كوردی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاكو ئەمڕۆ خاوەنی پەیامی ڕوون و ڕاستگۆیانەی خۆی بووە و بەرجەستەكارێكی راستەقینەی مافە نەتەوەیی و نیشتیمانیەكان بووە و بۆتە جێ متمانەی هاووڵاتیان.كوردستان تی ڤی لەو ماوەی تەمەنی كار و چالاكیەكانیدا هەمیشە بڵندگۆی ئازادیخوازو پێشكەوتنخوازان بووە، هەروەها خاوەن سەنگ و پەیامی سیاسی و میدیایی جیا بووە، بەمەش مسداقیەتی خۆی پاراستووە و هەمیشە پردێكی پڕ لە متمانە بووە لەنێوان خەڵك و دەسەڵات، و وەكوو كەناڵی دایك پێگەیەك بووە بۆ پێگەیاندنی سەدان كادیری ڕاگەیاندن.خۆشحاڵم و جێگای شانازییە كە منیش قوتابی ئەم قوتابخانەیە مەزنەم.پیرۆزە 25 ەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی جەنابی سەرۆك بارزانی و دەنگ و رەنگی هەر چوار پارچەی كوردستان”.
پێشكەش كاری بەرنامەی بەیانی باش كوردستان( میران محەمەد )لەم یادەدا دەڵێت” 25ساڵەی دامەزراندن و پەخشی یەكەمین كەناڵی ئاسمانی (كوردستان تی ڤی) لە خۆم و هاوكارانم پیرۆز دەكەم.
مێژووی 25 ساڵ كاركردنی بەردەوام لە پێناو گەیاندنی پەیامی نیشتیمانی و نەتەوەیی دا لە ئەركە لە پێشینەو ئامانجە بنەڕەتییەكانی بووە،بەخۆشحاڵیەوە تەمەنی كاركردنی منیش دەبێتە 18 ساڵ بەشێك بم لەم خێزانە جوانە.
‎هیوای بەردەوامی و كۆششی بەردەوام لە پێناو پەیامە نەتەوایەتیەكەیدا بەردەوام لە میانەی كاری ڕۆژانەماندا كارمان لە سەر ئاشتی كۆمەڵایەتی و هۆشیاری كۆمەڵگا كردۆتەوە كە ئەوە بەگرنگ دەزانین بۆ ئەوەی مینبەرێكی هاوسەنگ بین بۆ گەیاندنی پەیامی دەنگی هاوڵاتیانی كوردستان”.
(لوقمان خەلیل) دەرهێنەری بەرنامەی بەیانی باش كوردستان لەم بۆنەیەدا دەلێت” لەدڵەوە پیرۆز بایی لەسەرجەم كارمەندان و بینەران دەكەم،هیوادارین توانیبێتمان لە ئاستی رۆشنبیری گشتی بینەران دابووبین و لە ململانێی ناپڕۆفیشۆناڵی هەندێك كەناڵ دوور بین و ئەو متمانەیەی بە دەستمان هێناوە بپارێزین ئامانجمانە لەگەڵ بینەر و وەرگری بەڕێز وەكو یەك خێزان مامەڵە بكەین.
25ساڵ بەردەوامبوون بۆ گەیاندنی راستی بەلەبەرچاوگرتنی ئاسایشی نیشتمانی، هەوڵ و تێكۆشان و شەونخونی پێویستە،هەمیشە پێشمەرگەئاسا پابەندبووین بە پاراستنی بەها بەرزەكانی نیشتمان و پیشەگەرانە رووماڵی هەواڵ و زانیارییەكان دەكەین دووبارەپیرۆزە سڵاو لەسەرجەم شەهیدانی كوردستان”.
“(كەلسوم شوان ) پەیامنێر و پێشكەشكار بەم شێوەی باس لەو یادە دەكات”كوردستان تیڤی یەكەم میدیای بینراوی ئاسمانی بوو لە باشووری كوردستان ساڵی 1999 وەشانی خۆی دەست پێكرد، گەورەترین شانازیم بەركەوتووە كە لە 25 ساڵ تەمەنی ئەو كەناڵە 23 ساڵ وەك پێشكەشكارو پەیامنێر بێ پچڕان لە تێكڕای بوارەكان خزمەتم كردووە،ئەو شانازیەش كە بۆ هەتا هەتایە لە گەڵ كەلسوم شوان دەمێنێتەوە بەدەستهێنانی خۆشەویستی خەڵكە، من بە هۆی ئەو تیڤیە ناسرام، كە ئەوو بۆ من سەرمایەیەكی گەورەیە”.
هەروەها كەلسوم شوانی دەڵێت “لەو یادەدا بە بینەرەكانی ئەو دەزگایەو خۆشم دەڵێم لە گەڵمان بەردەوام بن و تاكە سەرچاوەی هەواڵ و زانیاریەكانتان بە شێوەیەكی راست و دروست كوردستان تیڤی بێت، وەك چۆن لە رابردوو جێی متمانەتان بووین، لە داهاتووش هەروا دەبین”..