سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

مەسرور بارزانی پێشوازی لە فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەکات

ئه‌مڕۆ سێشەممە ‌1/9 مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ جەنەراڵ جۆوڵ ڤاوڵ، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندێکی یاوەری کرد. 

له کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا ئاڵوگۆڕ کرا.

پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوە بوو. هەردوولا جەختییان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەرکەکانی خۆیان کردەوە لەپێناو هاوکاریکردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری.

پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و خێراکردنی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.