شاندی هەرێم لە بەغدا بەردەوامە لە دانووستاندن

سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەم دیدارەدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: دەبێت مووچەی فەرمانبەران لە خەرجییەکانی دیکە جیابکرێتەوە، بە ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە، کۆتایی بە کێشەی مووچەی فەرمانبەران دێت، لەگەڵ ئەوەش چەند لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە کە بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت، ئەوەندەش لە بەرژەوەندیی بەغدایە. دەشڵێ: ھەر لایەنێک دژی مووچەخۆرانی کوردستان بوەستێتەوە و پشتگیریی حکوومەتی ھەرێم نەکات خیانەت لە مووچەخۆرانی کوردستان دەکات، بۆیە پێویستە تەواوی لایەنەکان پابەندی ڕێککەوتی حکوومەتی ھەرێم بن لەگەڵ بەغدا تا چی دیکە مووچەی مووچەخۆران نەبێتە گەمەی سیاسی.

ڕۆژی شەممە ٦ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیی ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و خالید ھادی چاوشلی و محەممەد شاکر ڕاوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەک ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی کۆبوونەتەوە، بۆ ئەوەی چارەی یەکجارەکی بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، ھەمواریی یاسای بودجە، تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەسەر مێزی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان یەکلا بکرێنەوە.
یەکێک لە ئامانجە گرنگەکانی چوونی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا چارەی بنەڕەتیی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانە لە ڕێگەی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بەشێوەیەک کە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق لێ بکرێت، لەم مانگەدا دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت، ئامانجەکە ئەوەیە ماددەی ١١ ھەموار بکرێتەوە، مووچەی فەرمانبەرانی لە “ئینفاقی فعلی” بخرێتە سەر بودجەی حاکیمە.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە نۆ سەد و سێزدە ملیار دینارە بۆ دابینکردنی مووچە، بەڵام ھەموو ئەو بودجەیەی لە بەغداوە دێت شەش ترلیۆن و سێ سەد ملیار دینارە، واتە مانگانە پێنج سەد ملیار دینار دەکات، بۆیە ئەگەر بەگوێرەی خەرجیی کرداریی بێت، لەبری شازدە ترلیۆن دینار، شەش ترلیۆن دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دێت، ئەوەش مانای وایە، پێنج ترلیۆن دینار کورتھێنان دروست دەبێت، کە دەکاتە مووچەی شەش مانگ، چونکە ھەرێمی کوردستان لە ساڵێکدا یازدە ترلیۆن دیناری پێویستە.
وەزارەتی دارایی، مانگانە سێ سەد و بیست ملیار دینار داھات لە گومرگ، باج، کارەبا، ھاتووچۆ، بەڕێوبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە و داھاتەکانی ناوخۆ کۆدەکاتەوە، کە ئەو بڕە ھەمووی کاش نییە، بەڵکو بەشێکی بریتییە لە ئەمانەت و چەک و قەرز، واتە پوختەی کاش، داھاتی ناوخۆ سەد و حەفتا تا دوو سەد ملیار دینارە، بەشێکی دیکەی داھاتی ناوخۆ بۆ خەرجیی بەکارخستن دەڕوات.
وەزارەتی دارایی، دەڵێت: ئەگەر ١٠٠٪ داھاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی مووچە تەرخان بکەین ھێشتا بەتەواوی ناتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکەین، بۆیە ھەندێک مانگ ناچاربووین داھاتی ناوخۆی دوو مانگ بۆ کورتھێنانی مووچەی مانگێک تەرخان بکەین کە کورتھێنانەکە نزیکەی سێ سەد و چل ملیار دینار بووە.
ڕۆژی ١٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا دوو ترلیۆن و سەد ملیار دینار بە قەرز بداتە ھەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران و بە سێ گوژمەی حەوت سەد ملیار دیناری ئەو پارەیەی نارد، کە بڕیارە لە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی ٢٠٢٤ یەکلایی بکرێتەوە.
پێشەوا ھەورامانی،‌ گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان و ھەمواریی یاسای بودجە و تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان ئەو بابەتانەن کە لەسەر مێزی گفتوگۆ باس دەکرێن.
ھەروەھا دووپاتی لەوە کردووەتەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەدوای گەیشتنە بە چارەی کۆتایی لەسەر ئەم پرسانە.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: ئاماژەی باش ھەن بۆ ڕێککەوتن، دەبێت مووچەی فەرمانبەران لە خەرجییەکانی دیکە جیابکرێتەوە، بە ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە، کۆتایی بە کێشەی مووچەی فەرمانبەران دێت، بۆیە ھەموو ھەوڵێک دەدرێت کە ڕێگەچارەیەک بدۆزرێتەوە، ھەر بۆ ئەو مەبەستە شاندی کوردستان لە بەغدایە، ئێمەش وەکو پەرلەمانتار ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە ئەمساڵ کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم چارە بکرێت، چونکە تا کەی یاری بە ھەست و سۆزی مووچەخۆرانی کوردستان دەکرێت و مووچەکانیان دوادەکەون.
سەبارەت بەوەی زۆرجار ڕێککەوتن دەکرێت و بەغدا پێوە پابەند نابێت ھۆکار چییە؟ ئەو پەرلەمانتارە، ڕایگەیاند: دەبێت بەغداش پابەند بێت بە ڕێککەوتنەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان ڕەوانە بکات، چونکە تاکەی بەغدا پێگر نابێت بە ڕێککەوتنەکان و مووچەخۆرانی کوردستان سزا دەدات، لەگەڵ ئەوەش چەند لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانە کە بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکان بێت ئەوەندەش لە بەرژەوەندی عێراقە، چونکە کوردستانیش بەشێکە لە عێراق، ھەر کێشەیەک لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت واتە لە عێراقیش کێشە ھەیە، بۆیە ئەو بابەتە تەنیا پەیوەندی بە ھەرێمەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ھەموو عێراقەوە ھەیە.
سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئاشکراشی کرد: ئێستە شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدایە، گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی عێراقی لەسەر بابەتی ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکات، بۆ ئەوەی لەسەر سیاغەی بودجە ڕێک بکەون، پاش ئەوە لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند دەکرێت و ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، ئەو کات پەرلەمان یاسای بودجە ھەموار دەکاتەوە. لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، ھەموارەکە چۆن دەبێت، چونکە چەندین کێشە لەناو یاسای بودجەدا ھەن، ئەگەر ھەموو ئەو بەند و ماددانەی کە پەیوەندییان بە ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە ھەموار بکرێنەوە، کێشەی مووچە چارە دەبێت، بەڵام ئەگەر ھەموارەکە بەس بۆ ئەوە بێت وشەیەک بگۆڕن ھیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێت، حکوومەتی ھەرێم ھەشت سکاڵای لە دادگەی ئیتحادی تۆمار کرد، تەنیا یەک سکاڵا پەسەند کرا، ئەویش ھیچی لە بارودۆخەکە نەگۆڕی، بۆیە گرنگە ئەو ھەموارەی دەکرێت چارەنووساز و کاریگەر بێت.
سەبارەت بە ناردنی حەوت سەد ملیار دیناری دیکە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارە، گوتیشی: پێویست بە داواکاری و داواکردن ناکات، ئەگەر بەپێی یاسا کار بکەین بەپێی ماددەی ژمارە ١٧ی یاسای دارایی، ھەرێمی کوردستان ھەموو مەرجێکی سلفەی تێدایە، نەک قەرز، بۆیە پێویستە بەغدا سلفە بنێرێت نەک بە قەرز پارە ڕەوانە بکات، کە ئێستە بە قەرزیش پاڕە ڕەوانەی ھەرێم ناکات.
لە کۆتاییدا سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ئەگەر لایەنەکانی کوردستان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم یەک دەنگ نەبن، لەسەر چی یەک دەنگ دەبن، ھەر لایەنێک دژی مووچەخۆرانی کوردستان بوەستێتەوە و پشتگیری حکوومەتی ھەرێم نەکات خیانەتێکی دیکە لە مووچەخۆرانی کوردستان دەکات، بۆیە پێویستە تەواوی لایەنەکان پابەندی ڕێککەوتی حکوومەتی ھەرێم بن تا چی دیکە مووچەی مووچەخۆران نەبێتە گەمەی سیاسی لە نێوان مزایەدەی سیاسی ھەندێک لایەنی کوردستانی و عێراقی.

ھەواڵی زیاتر