لە کەرکووک سوپا دژی هاووڵاتیانی کورد بەکار دەهێنرێت

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جارێکی دیکە لە کەرکووک سوپا دژی هاووڵاتیان و دانیشتووانی کورد لە کەرکووک بەکارهات و لە هەوڵێکدا ویستیان گەڕەکێکی کوردنشین بە دانیشتووانی چۆڵ بکەن و دوابەدوای ئەوەش حکوومەتی هەرێم لە ڕێگای نوێنەرەکانیەوە و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی خۆیان نیشاندا.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەو بارەیەوە، هەڵوێست و پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک نیشان دا و ڕایگەیاند؛ دەستوەردانی سوپای عێراق لەکێشەکانی گەرەکی نەورۆز لە کەرکووک جێگەی نیگەرانی قووڵی ئێمەیە، هەروەها پێچەوانەی دەستوور و پێکەوژیانی ئاشتییانەیە، چونکە ئەگەر سوپا یان پۆلیس هەرقسەیەکیان هەبێت دادگا هەیە ئەتوانن لەو رێگەیەوە سکاڵای خۆیان بکەن.
گوتیشی: ئەوەی بەخەڵکی ئێمە و دانیشتوانی ئەو گەڕەکە کراوە، لەناو گوتارەکانی حکوومەتی عێراق جێگای نابێتەوە کە بەرامبەر بە پێکەوەژیان هەیبووە، بۆیە ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووین تاوەکو پشتیوانی خۆمان ڕابگەیێنین، هەروەها هەرچی لەسەرمان پێویست بێت دەیکەین بۆ ئەوەی ئەوکەیسە لە دادگا بجولێنین و ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی یەکجارەکی چارە بکەین. سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان ڕاشیگەیاند، دەبێت هەوڵ بدرێت کە سوپا دەستوەردان لە کارێک نەکات کە کاری ئەو نییە چونکە ئەرکی سوپا بریتییە لە پاراستنی ئاسایشی شار و سنوورەکان، ئەوە ئەرکی پۆلیسە بەدەم ئەوکێشانەوە بێت و لەگەڵ هاووڵاتیان کێشەکان چارە بکات. ڕاشیگەیاند؛ هەرچیمان پێبکرێت بۆ دانیشتوانی خۆمان دەیکەین، چونکە بەکار و وەزیفەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ئەزانین، بۆ ئەوەی چیدیکە نەهێڵین ئەو کێشانە رووبەڕووی خەڵکی ئێمە ببێتەوە لە کەرکووک.