سەرۆك بارزانی بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینیەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەرۆك بارزانی لە پەیامێکیدا بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینیەوە رایگەیاند، پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم، گوتیشی: پێویستە هەموو لایەك ئەوە باش بزانن گەلانی ناوچەكە مافی خۆیانە بتوانن لە ئاسوودەیی و ئاشتی و دوور لە نكۆڵیكاریدا بژین و چیتر ناوچەكەمان بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و ناسەقامگیری ناگرێت.

سەرۆك بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختیکردەوە، لە ساڵی تازەدا ئەو چاوەڕوانییە لە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەیە كە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی دەستوور و بەرژەوەندیی گەلانی عێراق هەنگاو بنێت

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئاساییش و رێگەگرتن لە فراوانبوونی قەیران و هەڕەشەكان لەناوچەكەماندا رۆڵی خۆی بگێڕێت و كار بە پابەندییەكانی بكات.

دەقی پەیامەکەی سەرۆك بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زاینییەوە پیرۆزبایی لە هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەك دەخوازم.

لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكە بە گشتی لەژێر هەڕەشەی ناسەقامگیری و نانەوەی قەیران و شەڕ و ئاژاوە دایە. پێویستە هەموو لایەك ئەوە باش بزانن گەلانی ناوچەكە مافی خۆیانە بتوانن لە ئاسوودەیی و ئاشتی و دوور لە نكۆڵیكاریدا بژین و چیتر ناوچەكەمان بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و ناسەقامگیری ناگرێت. لەونێوەدا ئەركی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە لەپێناو پاراستنی ئاشتی و ئاساییش و ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی قەیران و هەڕەشەكان لەناوچەكەماندا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و كار بە پابەندییەكانی بكات. لە ساڵی تازەدا ئەو چاوەڕوانییە لە حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ هەیە كە بە ئاراستەی چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پابەندبوون بە بنەماكانی دەستوور و بەرژەوەندیی گەلانی عێراق هەنگاو بنێت. پەیامی گەلی كوردستانیش بۆ هەموو لایەك هەمیشە پەیامی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن و چارەسەری بووە و ئەمە باشترین ڕێگەیە بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتن.

هیوادارم ساڵی 2024 ساڵی كۆتاییهاتنی گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەمان بێت و ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ هەموو هاووڵاتیانی كوردستان و عێراق و گشت ناوچەكەمان بێتە دی.

مسعود بارزانی

31ی كانوونی یەكەمی 2023