سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات کار بۆ وەستاندنی هێرشە بەردەوامەکانی “هێزەکانی دەرەوەی یاسا” بۆ سەر هەرێمی کوردستان بکات و ئەو هێزانە سزا بدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 31-12-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، پەیامێکی لەبارەی “هێرشە تیرۆریستییەکەی” سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەولێر بڵاوکردەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: “نیگەرانیی قووڵی خۆمان بەرامبەر هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر بارەگایەکی پێشمەرگە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر دەردەبڕین. بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشی هێزەکانی دەرەوەی یاسا و هاوکارەکانیان دەکەم”.
مەسرور بارزانی ئاماژە بەوە دەدات: “ئێمە باش لەو یارییانە تێدەگەین کە کەسانی لە یاسادەرچوو لە پشتیانەوەن، مافی ئەوەشمان هەیە بەرگری لە گەلەکەمان بکەین”.
سەرۆکوەزیران بە پێویستی دەزانێت “حکومەتی فیدراڵ هەر هێرشێک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە هێرش بۆ سەر هەموو عێراق ببینێت و هەڵوێستی جیددی هەبێت و بە کردەوە وەڵام بداتەوە، چونکە بێ هەڵوێستیی، میلیشاکان زیاتر هان دەدات بۆ دەستدرێژی، ئەوان پارە و چەکی دەوڵەت بەکاردەهێنن بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان و ناسەقامگیرکردنی هەموو وڵات و دروستکردنی شەڕو ناکۆکی لە وڵاتێکدا کە خوێنڕشتنی زۆری بەخۆیەوە دیتووە”.
مەسرور بارزانی داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی دەکات “بە کردەوە ڕێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ وەستاندنی ئەم هێرشانە و سزادانی گرووپەکان و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی بۆ هێرش بەکار دەهێنرێن”.
ئەمە لە کاتێکدایە شەوی ڕابردوو (شەممە، 30-12-2023)، کاتژمێر 11:45 خولەک؛ بە دوو درۆنی بۆمڕێژکراو هێرشی کردە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنووری پیرمام-هەولێر. حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا گوتی، “هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی لێ کەوتەوە”.