مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی تەنمییەی عێراقی کرد

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی (التنمية)ـی عێراقی کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، 19-12-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە زیاد خەلەف، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی (التنمية)ــی عێراقی كرد.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، “لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی گەشەپێدانی ئابووری و چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی بانکی کرا و ئاماژە بەوە درا کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق، زەمینەی وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکان لەبارە”.

ئەوەش خراوەتەڕوو: “سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی بانکی (التنمية)ــی عێراقی، خۆشحاڵيی خۆی بەرانبەر بە دیدگای سەرۆکی حکومەت لەبارەی هەمەچەشنکردنی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخان و پێشخستنی سیستەمی بانکی دەربڕی”.

سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی خۆی بۆ بانکەکانی کەرتی تایبەت لە هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات کردەوە لە پێناو پێشخستنی سیستەمی دارایی و ئابووری.