سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرەو کوەیت بەڕێکەوت

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسەی میری کوەیت بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 12/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی شاندێکی حکومی، بەرەو کوەیت بەڕێکەوت بۆ بەشداری لە پرسەی میری کوەیت شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح.

رۆژی شەممە 16/12/2023، نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح میری کوەیت، لە تەمەنی 86 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەو بۆنەیەوە سێ رۆژ پشوو لە سەرتاسەری وڵاتەکە و 40 رۆژ ماتەمینی راگەیەندرا.

شێخ نەواف ئەحمەد جابر ئەلسەباح، لەدایکبووی 25ـی حوزەیرانی 1937ـە، لە 29ـی ئەیلوولی 2020ـەوە وەک میری کوەیت دەستبەکاربووە، کوڕی شەشەمی شێخ ئەحمەد جابر ئەلسەباح، حاکمی پێشووی کوەیت بوو.

شێخ نەواف سێیەم وەزیری ناوخۆ و چوارەم وەزیری بەرگرییە لە مێژووی کوێتدا، درێژترین ماوەی سەرۆکایەتی وەزارەتی ناوخۆی هەیە لە دوای شێخ سەعد عەبدوڵڵا ئەلسالم ئەلسەباح، بەو پێیەی کە لە ساڵی 1976 تاوەکو 1986 ئەوپۆستەی بەڕێوەبردووە، کە لەو ماوەیەدا کوەیت بەهۆی چەندین کردەوەی دوژمنکارانە هەڕەشەی لێکراوە، هەروەها سەرۆکایەتی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە لە یەکەمین حکومەتی دوای ئازادکردنی کوەیت.

دوای‌ چه‌ند كاتژمێرێك لە کۆچی دوایی‌ میری‌ وڵاته‌كه، شێخ مشعه‌ل ئه‌لئه‌حمه‌د ئه‌لجابر ئه‌لسه‌باح، وه‌ك میری نوێی‌ كوه‌یت دیاریكرا.