لە چوار ساڵی ڕابردوو ١٨ بەنداوی بچووک و مامناوەند لە هەرێمی کوردستان دروست کراوە

بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو حکوومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی ستراتیجی داناوە، هەتا ئێستە ١٨ بەنداوی بچووک و مامناوەند بە گوژمەی زیاتر لە سەد و بیست ملیار دینار جێبەجێ کردووە و سێزدە بەنداو و پۆندی دیکە بەگوژمەی پێنج سەد و پەنجا و پێنج ملیار دینار لە قۆناغی جێبەجێ کردندان. وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: حکوومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە گرنگیدان بە پڕۆژەکان بۆ پاراستنی سامانی ئاو. دەشڵێ: بەتێکڕا ڕۆژانە هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان پێنج سەد لیتر ئاو بەکاردەهێنێت.

حکوومەتی هەرێم دیدگایەکی زۆر ڕوونتر و ڕۆشنتری بۆ بابەتی ئیدارەدانی ئاو هەبووە، لەسەر ئەو بنەمایە کارکردن لەسەر سێکتەری ئاو لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دوو هێلی هاوتەریب بووە، یەکەمیان، پەرەپێدان بووە بە ئیدارەدانی ئاو، دووەمیان، پەرەپێدانی ژێرخان بووە. لە بواری ئیدارەدانی ئاو، یاسای ئاو هێنرایە کایەوە، هاوکات پێداچوونەوە بە هەموو یاسا و ڕێنماییە کۆنەکان کردووە، وەک یاسای کەناراوەکان، ڕێنماییەکانی ئیدارەدانی ئاو و ڕێنمایی لێدانی بیر، هەروەها پڕۆژەی گرنگ بۆ گلدانەوەی ئاو و ژیاندنەوەی کانیاوەکان هەیە.
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: جیهان لەبەردەم گۆڕانکاری گەورەدایە کەشوهەوای جیهان بەردەوام گۆڕانکاری بەسەردا دێت، ئەوەی مەترسی گەورەی لەسەرە ئاوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت سەرۆکوەزیران دەمێکە دڕکی بەوە کردووە لەناو کابینەکەیدا بابەتی ئاو یەکێک بووە لەو بابەتانەی کە ئەولەویەت بووە، لەو بارەوە کاری وورد و جددی کراوە.
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێ: حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستە هەژدە بەنداوی بچووک و مامناوەندی بەگوژمەی سەد و بیست ملیار دینار تەواو کردووە، سێزدە بەنداو و پۆندی دیکەش بەگوژمەی زیاتر لە پێنج سەد و پەنجا و پێنج ملیار دینار لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، کە توانای گلدانەوەی زیاتر لە دوو سەد ملیۆن مەتر سێجا ئاو هەیە، هەرێمی کوردستان ئێستە خاوەنی سەد و دە پڕۆژە تەواوکراوی پۆندە کە بۆ کەرتی گەشتیاری، کشتوکاڵی، باخداری و ئاژەڵداری بەکاردەهێنرێن، چل پڕۆژەش لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، هەروەها پێشنیازی دروستکردنی حەفتا و یەک پۆندی دیکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران کراون، هەشتا و نۆ پڕۆژەی ئاودێری لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاریان لەسەرکراوە و زۆربەیان جێبەجێ کراون.
پێشەوا هەورامی، ئاشکراشی کرد: حکوومەتی هەرێم تەنیا گرنگی بە ئاوی سەر زەوی نەداوە، چونکە ئاوی ژێر زەوی ئەو بابەتەیە کە مەترسییەکی زۆری لەسەرە، کە لە ساڵانی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر بیری نایاسایی لێدراون، یاساییش هەن کە بیست و شەش هەزار و هەشت سەد و هەژدە بیر بە یاسایی لێدراون، لەگەڵ ئەوەش بیرە نایاساییەکانی هەرێم بیست و هەشت هەزار و چوار سەد و دە بیر دەبن، ئێستە حکوومەتی هەرێم ڕێگری دەکات لە لێدانی بیری نایاسایی بۆ ئەو مەبەستە ڕێوشوێنی توندی گرتووەتەبەر ئەمساڵ پێنج سەد ئامێری بیر لێدان کە بە نایاسایی کاریان کردووە دەستی بەسەردا گیراوە، لە هەمان کاتدا دوو پڕۆژەی دیکە هێنراونەتە هەرێمی کوردستان کە لە ئایندەدا کاریگەری گەورەیان لەسەر دۆخی ئاوی ژێر زەوی دەبێت لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بووژانەوەی کانیاوەکان، هەروەها چەند بیرێکیش بە شارەزایانە لێ دەدرێن، بۆ ئەوەی ئاو بگەڕێتەوە بۆ ژێر زەوی.
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر دەڵێ: کۆی بڕی ئاوی خواردنەوەی بەرهەمهاتوو ڕۆژانە تێکڕا بریتییە لە دوو ملیۆن و هەشت سەد و حەفتا و شەش هەزار و هەشت سەد و بیست مەتر سێجا، لە ڕێگەی وێستگە، بیر و کانیاوەکان بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت، کە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن هاوبەشی ئاو هەیە، تێکڕای ڕۆژانە بۆ هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان پێنج سەد لیتر ئاو دابینکراوە، حکوومەت بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاوی پاک پێوەری زیرەکی داناوە و تائێستە ٨٢%ی هاوبەشانی ئاو پێوەری ئاویان بۆ بەستراوە بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگری بکەین لە بەهەدەردانی ئاو، خەرجی تێچووی دابینکردنی ئاوی پاکیش بەبێ تێچووی کارەبا لە ئەستۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ نموونە تەنیا لە چوار ساڵی ڕابردوودا پێنج سەد و سی و هەشت ملیار دینارە، لەبەرامبەردا سەد و حەفتا و دوو ملیار دینار گەڕاوەتەوە بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.