هیچ پاساوێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دادگەی باڵای فیدراڵی سکاڵای لایەنی تورکمانی و عەرەبەکانی دواخست بۆ ١٢ی ئەم مانگە، کە داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکەن. بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردن لە کەرکووک نین.

عەرەب و تورکمانەکان داوا دەکەن ناوی دوو سەد و پەنجا و حەوت ھەزار ھاووڵاتیی کورد لە تۆماری دەنگدەران دەربھێندرێت، دادگەی ئیتحادییش بۆ دانیشتنی داھاتوو داوای ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە تاکو بڕیاری کۆتایی لەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بدات، لایەنە کوردییەکان، دەڵێن: بەھیچ شێوەیەک ڕازی نابین ھەڵبژاردن لە کەرکووک دوابخرێت.
سکاڵاکە لەلایەن نەجاح حەسەن تائی، کاندیدی ھاوپەیمانی قیادە بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تۆمارکراوە، نەجاح، کەسێکی نزیک لە ڕاکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی ھاوپەیمانی سیادە دادەندرێت.
دوو سەد و پەنجا و حەوت ھەزار کوردی دانیشتووی کەرکووک پێش ساڵی ٢٠٠٣ بەھۆی ڕژێمی پێشووی بەعسەوە، ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوون، دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ و دوای ئەوەی ڕژێمی بەعس ڕووخا، گەڕانەوە کەرکووک و فۆڕمی خۆراکیان بۆ ئەو شارە گواستەوە و مافی دەنگدانیان ھەیە، ئێستە عەرەب و تورکمانەکان داوا دەکەن ھەر ھەموویان لە دەنگدان بێبەش بکرێن، ئەمەش لەلایەن کوردەوە ڕەتدەکرێتەوە و دەڵێن، ئەو ھاووڵاتییانە خەڵکی ڕەسەنی کەرکووکن و لە سەردەمی ڕژێمی بەعس بەر شاڵاوی تەعریب کەوتوونە و لە کەرکووک دەربەدەرکراون، ئێستە نابێت لە مافی دەنگدان بێبەش بکرێن.
دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٥ کراوە، وابڕیارە، ڕۆژی ١٨ـی ئەم مانگە و دوای ١٨ ساڵ، جارێکی دیکە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بکرێتەوە، ئەنجوومەنەکە بۆ ئەم جارە لە ١٥ کورسی پێکدێت و، ٢٤٨ کاندید لە ١٠ ھاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.
لەم ھەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانەی کارتی بایۆمەترییان ھەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران ھەیە، دەنگ دەدەن، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە ھەشت سەد و حەوتا ھەزار و نۆ سەد و بیست دەنگدەر، لەو ژمارەیە، ھەشت سەد و سێزدە ھەزار و پێنج سەد و نەوەد دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و پەنجا و حەوت ھەزار و سێ سەد و بیست دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.
ھەرچەند لە پرۆسەی ھەڵبژاردن نزیکتر دەبینەوە بانگەشە گەرموگوڕتر دەبێت و خەڵک پشتگیرییەکی زۆر باشی کاندیدەکانی پارتی لە کەرکووک دەکات و کاندیدەکان گەشبینن لەم ھەڵبژاردنە خەڵکی کەرکووک پاداشتی پارتی دیموکراتی کوردستان دەداتەوە بەھۆی ئەو ھەموو خەبات و قوربانییەی لەپێناو کەرکووک داویەتی، چونکە خەڵک دەزانێت پارتی خاوەنداریەتی ڕاستەقینەی کەرکووک دەکات، ھەر بۆیە بە شێوەیەکی فراوان و بەرچاو پشتگیری لە پارتی دەکەن. بەگوتەی کاندیدەکانی پارتی، پارتی لە ھەر شوێنێک بێت خزمەتی خەڵک دەکات و ئاوەدانی و ئارامی دەگەڕێنێتەوە ناوچەکە خەڵکێکی زۆر باوەڕیان بە پارتی ھەیە و ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لیستی پارتی سەربکەوێت. کاندیدەکان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو داوایەی عەرەب و تورکمان بۆ دادگەی فیدراڵی بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، داوایەکی ناڕەوایە ترسیان لە کورد ھەیە کە ئەو ھەڵبژاردنە زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دەھێنێت، بەڵام ئەگەر دادگەیەکی دادپەروەر ھەبووایە دەبوو، لێپێچینەوە لەوانە بکات کە ئیداری شارەکەیان گۆڕیوە و دەستکاری فۆڕمی ھەڵبژاردنیان کردووە، لە ئۆکتۆبەری٢٠١٧وە کورد ھیچ دەستەڵاتێکی نەبووە، چەندین پۆستی گرنگی لەدەستداوە ئەوان بە ئارەزووی خۆیان ئاڵوگۆڕییان کردووە.
محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، دەڵێت: سکاڵای عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک بۆ ئەوەیە کە دەڵێن، تۆماری دەنگدەران پاک نەکراوەتەوە، کاتێک لە ساڵی ٢٠٠٥ دوایین ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کراوە، تاکو ٢٠٢٣ بۆچی تۆماری دەنگدەران لەماوەی ئەو ١٨ ساڵە پاک نەکراوەتەوە.
بەرپرسی لقی سێ، زیاتر دەڵێ: ئەگەر دادگەی فیدراڵی بڕیاری دواخستن بدات، شتێکی باش نابێت، چونکە ئامادەکاری باش کراوە، بۆیە بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردن لە کەرکووک نین.