بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ، هەنگاوێکی گرنگە بۆ هەمەچەشنیی سەرچاوەکانی داهات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی ھەلی کار و ساغ کردنەوەی بەرھەمی جووتیاران، بایەخێکی تایبەتی بە کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرھێنان داوە، لە ھەمان کاتدا کارئاسانییەکی تەواوی کردووە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمە خۆماڵییەکان؛ لەو چوارچێوەیەشدا لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێک لە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی وڵاتان کردووە و لە بازاڕەکانی جیھان دەفرۆشرێن. بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەڵێت: بایەخ پێدانی حکوومەتی ھەرێم بە کەرتی کشتوکاڵ، بۆ ئەوە بووە سەرچاوەکانی داھات ھەمە چەشن بکات و ھەناردەی دەرەوە بکات.

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە جددی کار لەسەر دروستکردن و دۆزینەوەی بازاڕ بۆ بەرھەمەکانی کوردستان دەکات لە وڵاتان، بۆ ئەمەش سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەردەوام لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆڕبەند و دیدارە سیاسیی و ئابوورییەکانی دونیا بەشدارە و گفتوگۆ لەوبارەیەوە دەکات و ھەر ئەو ھەوڵانە بوون، کە ھەنار وەک یەکەم بەرھەم ھەناردە بکرێت و دواتریش سێوی بەرواری و ترێ و ھەنگوینی بەدوادا ھات.
لە نوێترین ھەنگاویشدا لەو چوارچێوەیەدا بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دوو تۆن ھەنگوینی کوردستان ھەناردەی قەتەر کرا، ھەناری کوردستانیش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە ھەناردەی وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا.
ئەو بەرھەمانەی ڕەوانەی دەرەوە کراون، بریتین لە ھەنار، ترێ، سێو و ھەنجیر، ھەروەھا برنجی کوردی و تەحین، سماق و ھەنگوین، ئەوانەش دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێک دابەش دەکرێن، جیا لەوانە بۆ ساڵانی داھاتوو کار بۆ ڕەوانەکردنی بەرھەمەکانی تریش دەکرێت.
ئەمریکا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، تورکیا، ئێران، ئیمارات، سعوودیە و قەتەر، کە تا ئێستە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستانیان لە پەتاتە، ھەنار، برنج و ھەنگوین، تەحین و دۆشاوی تەماتە و بەشێکی لە بەرھەمەکانی دیکەیان بۆ ڕەوانە کراوە لەڕووی کوالێتییەوە دوای پشکنین سەرکەوتنی گەورەیان بە دەستھێناوە.
ئەم دەستپێشخەرییەی کەرتی تایبەت بە ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەبێتە بنەمایەک بۆ ھەناردەکردنی زیاتر و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی بازرگانی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداو.
ئامانجێکی دیکەش لەم ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێم، بەھێزکردن و بەشداری پێکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە پرۆسەی ھەناردەکردندا دەبێتە ھۆی بەھێزکردنی کەرتی تایبەت لە ھەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی: ھەمەچەشنکردنی ئابووری و پشتیوانیکردنی جووتیاران و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت، ئەو بەڵێنانەن کە جێبەجێیان دەکەین.
ھەروەھا مەسرور بارزانی، نووسیوویەتی: ھەنگوین بەشێکی گرنگی بەرھەمی نیشتمانیمانە، خۆشحاڵم ھەنگوینی بەچێژ و کوالێتی بەرزی کوردستان لە بازاڕەکانی قەتەر بەردەستە و زیاتر لە دوو تۆن ھەنگوین بە سەرکەوتوویی لە ڕێگەی ئاسمانییەوە ھەناردە کرا.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، دەڵێت: زیاتر لە دوو سەد ھەنگەوان بەشدارن لە ھەڵمەتی ھەناردەکردنی ھەنگوین.
ئەوەشی خستەڕوو، حکوومەتی ھەرێم کار بۆ دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆیی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و تا ئێستە پتر لە تۆنێک ھەنگوین فرۆشراوە.
جووتیاران، دەڵێن: پێشتر بەرھەمی ناوخۆ لە دەستی ئێمە دەمایە و ساغ نەدەکرایەوە، بەڵام لە ئێستەدا پاڵپشتییەکی زۆری جووتیارانی کوردستان دەکرێت و بەرھەمی ناوخۆ لە ئێمە دەکڕێتەوە و ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە زیاتر پەرە بە بەرھەمی ناوخۆ دەدرێت ھاندەرێکیش دەبێت بۆ ئەوەی جووتیاران زیاتر گرنگی بە بەرھەمی ناوخۆ بدەن.
خاوەنی کارگەکانیش، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لابردنی باجی گومرگ لەسەر ئەو بەرھەمە خۆماڵیانەی ھەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن، ھۆکارێکی گرنگە بۆ گەشەسەندن و فراوانکردنی کاری وەبەرھێنان و ھەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵات.
بەرھەمەکانی ھەرێمی کوردستان لەڕووی کوالێتی و نرخەوە گونجاون، ھەر ئەوەش وای کردووە کە لە دەرەوە خواست لەسەر بەرھەمی ناوخۆ ھەبێت. کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕایگەیاند: بایەخ پێدانی حکوومەتی ھەرێم بە کەرتی کشتوکاڵ، بۆ ئەوە بووە سەرچاوەکانی داھات ھەمەڕەنگ بێت و لە ھەمان کاتدا پێداویستی ناوخۆ پڕ بکاتەوە و ھەناردەی دەرەوە بکات.
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، دەشڵێ: کاتێک باسی ئاسایشی خۆراک دەکەین، دەبێت لە وڵاتەکەمان بەرھەمی ناوخۆ ھەبێت و پشتی پێ ببەستین، پلانی حکوومەتی ھەرێمیش ئەوەیە بگەینینە ئاستێک کە بەرھەمی جووتیاران ڕەوانەی دەرەوە بکرێت و ھاوکار دەبین بۆ بە بازاڕکردنی بەرھەمی جووتیاران.