گەرمیان گلی – هەولێر
ساڵیادی ڕۆژنامەی هەولێر لە هاوکارانم و لە هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسە ئازیزانەی کە لە قۆناغە جیاجیاکاندا کە لەو ڕۆژنامەیە کاریان کردووە، پیرۆز دەکەم. پیرۆزبایی لە خۆشم دەکەم کە یەکێک بووم لەوانەی کە شەرەفی ئەوەم پێدراوە لەو ڕۆژنامەیەدا کار بکەم. ڕۆژنامەی هەولێر لە سەردەمی خۆیدا پەرەسەندنێکی گرنگ بوو لە ڕۆژنامەگەریی کاغەزین لەکوردستاندا، لەو ئان و ساتەدا ڕۆژنامەی هەولێر توانی بە تیراژێک کە تا ئەو کاتە ڕۆژنامەگەری کوردی بەو تیراژە ئاشنا نەبوو بڵاوبکرێتەوە، دەیان هەزار ژمارەی لێ بڵاوبووەوە، بیرۆکەی ئەوەی کە ئەو ڕۆژنامەیە بەخۆڕایی بە دیاری بگاتە دەستی خەڵک، خۆی لە خۆیدا جۆرێک بوو لە هاندان و پشتیوانیی و بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕۆژنامە خوێندنەوە لەناو خەڵکدا.
جگە لەوە ڕۆژنامەی هەولێر هەر لە سەرەتاوە وەکو ڕۆژنامەیەکی سیاسی بەرتەسک خۆی نەنواند، بەڵکو ڕۆژنامەیەک بوو هێندەی بایەخ بە سیاسەت و بەبواری گشتی و بواری نیشتیمانی دەدا، ئەوەندەش لە بوارەکانی فەرهەنگ بە گشتی و وەرزش و ئەدەب و هونەر، هەتا لە باس و خواسی کۆمەڵایەتی لاپەڕەیەکی باشی تەرخان کردبوو و پانتاییەکی زۆری کردبووەوە. وە بەدرێژایی دەرچوونیشی تاکو ئێستایش هەمیشە هەناسەیەکی باشی بۆ ڕاوبۆچوونی جیاواز تێدایە، هەمیشە هەوڵی داوە مینبەرێک بێت بۆ گفتووگۆ و دیالۆگ. ڕۆژنامەی هەولێر بەبەردەوامبوونی لە ئەوسا و ئێستایش کە قسەی تێدا دەکەین، ڕەنگە تەحەدای ئەو ڕاستیەی کردبێت کە ڕۆژنامەی کاغەزی بەرەو کۆتایی دەچێت و سەردەمی بەسەرچووە. بەردەوامی ڕۆژنامەی هەولێر ئەگەر بە تیراژێکی کەمتریش بێت، بەڵگەی ئەوەیە کە ڕۆژنامەگەری کاغەزی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام باس و بابەتەکان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، واتە ئەگەر ڕۆژنامە جاران ئامرازی گەیاندنی هەواڵ بووبێت، ئێستا دەبێ خۆی ڕابێنێت لەسەر ئەوەی کە هەواڵ ڕەنگە کاری ئەو نەبێت، پێویستە ئەو خۆی بە بەدواداچوونی هەواڵ و قوڵاییەکانی تری هەواڵ و کاروباری دیکەوە سەرقاڵ بکات. دەبێ بابەتی تر و پانتایی و فەزای تر بۆخۆی بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی پێوەی سەرقاڵ بێت و بتوانێت شتێکی جیاواز پێشکەش بە خوێنەرەکانی بکات و بەهانە و هەنجەت بەبەردەوامی خۆی بدات. ڕۆژنامەی هەولێر گەر لەمەدا سەرکەوتووبێت پێم وابێت تەمەنی درێژ دەبێت و دەتوانێت بەردەوام بێت. وە هاوکاتیش سەردەمی ئەوەیە کە هەموو ڕۆژنامەیەک نوسخە ئەلیکترۆنییەکەی زۆر بەهێزتر بکات و زیاتر تەرکیزی بخاتە سەر، دەبێ ڕۆژنامەی هەولێریش گرنگیی بەو بابەتە بدات، وە ئەوەندەی من ببینم لەو بابەتەوە ئێستا ئەو برادەرانەی لەوێ کار دەکەن هەنگاوی زۆر باشیان هەڵهێناوە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بە بڕوای من بۆ ئەوەی ڕۆژنامەی هەولێر هێشتا سەرکەوتووتر و خوێنەری زیاتر بێت، وا باشە ئەوەندە زیاد لە پێویست خۆی لەناو بواری سیاسەتدا قەتیس نەکات، چونکە ژیان هەمووی هەر سیاسەت نییە، ئەو مینبەر و سەکۆ و مێدیاییانەی کە خەبەری سیاسی و بەدواداچوونی سیاسی و شرۆڤەی سیاسی بڵاودەکەنەوە یەکجار زۆرن، من کە دەڵێم ژیان تەنیا سیاسەت نییە، چونکە پێداویستی خەڵکی ئێمە بە بابەتی دیکەوە ڕەنگە لە هەندێک قۆناغدا وەکو ئێستا زۆر لە سیاسەت گرنگتر بێت، ئێستا بە دەنگەوە هاتنی بابەتەکانی وەکو ئەدەب و هونەر و بابەتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، هەموو ئەوانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا ئێستا بەرەو پاشەکشە دەچن و سیاسەت باڵی بەسەر هەموو بوارەکانی تردا ڕاکێشاوە، لەو بارودۆخ و بوارەدا، ڕۆژنامەیەک کە بتوانێت ئەو بوارانەی دیکە بایەخ پێبدات و زیندووی بکاتەوە، بەبڕوای من ڕۆژنامەیەکی خۆشەویست تر دەبێت لەناو خەڵکدا.
ڕواڵەت و دیزایین بە نیسبەت هەر ڕۆژنامەیەکەوە گرنگە، پێم وایە ڕۆژنامەی هەولێر چانسی ئەوەی هەیە هەر لەسەرەتای دەستپێکردنەوە بەو شێوازەی کە قەبارەکەی بچووکتر بوو لە ڕۆژنامەکانی دیکەی کوردستان و خوێندنەوەی ئاسانترە، بۆیە باشی هێنا و پێموایە بەردەوامبوونی لەسەر ئەو شێوازە وەکو ڕۆژنامەیەکی قەبارە بچووکتر لەوانی تر کارێکی باشە، بەڵام بێگومان ڕۆژ بەڕۆژیش تەکنیکی جوانکاری پەرەدەسێنێت و باشتر پێش دەکەوێت و ڕۆژنامەکە دەتوانێت لەو ڕووەوە زۆر باشتر سوود وەربگرێت.
ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ڕۆژنامەی هەولێر وەکو ڕۆژنامەیەکی سەنگین بەلای ئەو جۆرە بابەتەدا نەچێت کە ئێستا لە سۆشیالمێدیای کوردی بووە بەباو، کە ناونیشانێکی سەرنجڕاکێش بنووسیت و کە دەچیتە سەر ناوەڕۆک هیچی تێدا نەبێت و تەنیا بۆ چاوخەڵەتاندن و سەرنجڕاکێشانی خەڵک بێت، ئەوە لە ڕۆژنامەی هەولێر ناوەشێتەوە.