ئەمڕۆ یەکشەممە 2023.12.3، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە بۆنەى ڕۆژى جیهانى خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان، بە یاوەرى یوسف چاوشین، بەڕێوەبەرى گشتیى چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر و سەڵاح فەیلی و شێرزاد کەریم، ئەندامانی بەشی رێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکان، سەردانی کۆمەڵگەی خاوەن پێداویستی تایبەت و کورتە باڵایانی هەولێرى کرد و لە لایەن دڵشاد خۆشناو، سەرۆکی ئەنجوومەنی کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەندامانی دیکەى دەستە پێشوازى لێکرا.
پارێزگاى هەولێر، وێڕاى پیرۆزبایى بەبۆنەى ساڵڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستى تایبەتەکان، پشتگیری پارێزگای هەولێری بۆ کەمئەندامان و خاوەن پێداویستی تایبەت دووپاتکردەوە و جەختى لەوە کردەوە کە حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە خزمەتگەیاندن بە کۆمەڵگا بەگشتى و بەتایبەتى ئاوڕدانەوە لەو چین و توێژانەى کە پێویستیان بە زیاترخزمەتکردن هەیە و لە نێویشیاندا خاوەن پێداویستى تایبەتەکان بە بەردەوامى لەسەر ئاستى هەموو دام و دەزگاکان هەوڵى داوە ئاوڕى زیاتر و جدیتر لە خواستەکانیان بدرێتەوە.
جێگەى باسە، 3ى 12 لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1992ەوە وەک رۆژی جیهانی خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان دیاری کراوە و هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا خاوەن پێداویستیە تایبەتیەکان به شێوەی جۆراو جۆر ئەو ڕۆژە یادی دهكهنهوه، بەمەبەستی پشتگیریکردن و دابینکردنی مافەکانیان.