د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی: ڕۆژنامەی هەولێر، لە بواری تەکنەلۆجیا و دیجیتاڵییشەوە حزوور و بینەری خۆی هەیە

د.سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە یەکێک بووە لە سەرنووسەرانی ڕۆژنامەی هەولێریش لە ڕابردوودا، لە ساڵیادی ڕۆژنامەی هەولێردا، باس لە حزووری دیجیتاڵی ڕۆژنامەی هەولێر و ڕۆڵی هەبوونی ڕۆژنامەی کاغەز دەکات.

د.سالار عوسمان دەڵێت: قسەکردن لەسەردەمی سۆشیالمێدیا و بوونی ڕۆژنامە. ڕۆژنامەی کاغەز باوی ماوە یان نا. ئەم بابەتە (وەک دەڵێن هەویرێکە ئاو زۆر دەکێشێت)، من لەگەڵ ئەو ڕایە نیم، کە ڕۆژنامەی کاغەز باوی نەماوە، لەگەڵ ئەو ڕایەشم کە ئێستا هەموو دونیا بۆتە سۆشیالمێدیا و مێدیای دیجیتاڵ و گلۆبالیزم، ئەم تەکنەلۆجیا خێرایە هەموو دونیای لەگەڵ خۆی ڕاکێشاوە. لەگەڵ ئەو بۆچوونەشم. بەڵام دیسان بوونی ڕۆژنامەی کاغەز، بوونی کاغەز (لەمس)، ئیحساسی لەمس، هەتا لە کتێبیشدا، گفتوگۆی قووڵ لەو بوارەدا هەیە. تا ئێستا دیجیتاڵ و تەکنەلۆجیا بەم هەموو گەورەیی و شییان و قودرەتەی خۆی نەیتوانیوە لە بەهای کاغەز و مێدیای نەریتی و کۆن کەم بکاتەوە.
دەشڵێت: دەبێت ئێمە هەوڵ بدەین وەکو حزبێکی سیاسی هەم ڕۆژنامەی کاغەزمان هەبێت، کە خۆی ئەرشیف و دیکۆمێنتکردنە و خستنە نێو نامەخانەکانە بەمانای ئەرشیفکردن و دیکۆمێنتکردن. هەمیش زۆر بلەز و خێرابین بچینە نێو مێدیای دیجیتاڵ و دونیای گلۆبالیزم و دونیای تەکنەلۆجیا و دونیای خێرایی. لێرەدا ئێمە گرنگە ڕۆژنامەیەکمان هەبێت، کە بوارە دیجیتاڵییەش تەنزیم بکەین و بەم شێوەیە ئەم بابەتە ببینین.
ڕۆژنامەی هەولێر هەم کاغەزە، هەم لەمسە، هەم ئەرشیف و بە مێژووکردن و دیکۆمێنتکردنە، هەمیش لە بواری تەکنەلۆجیا و دیجیتاڵییەوە حزوور و بینەری خۆی هەیە و وەقعی خۆی هەیە. توانیویەتی ئەم ئەرکەش لە ئەستۆ بگرێت.