بۆ پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی تورکیا سەردانی هەولێر و بەغدا دەکات

ھەفتەی داھاتوو شاندی تایبەتی تورکیا، بەمەبەستی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکات. ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: گرنگە جارێکی دیکە بەرھەمھێنان و ھەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە، دەشڵێ: ئەو تێچووەی حکوومەتی عێراق، دەستنیشان کردووە بۆ دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان، لەچاو تێچووە ڕاستییەکە کە دایناوە زۆر کەمە، بەوەش ھەتا ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیاتر دوا بکەوێت، قەبارەی زیانەکانی زیاتر دەبێت لەسەر عێراق.

زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەھۆی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا تێدەپەڕێت، ڕۆژی ٢٥ـی ئاداری ٢٠٢٣، عێراق سکاڵاکەی تورکیای بردەوە و تورکیا بە پێدانی یەک ملیار و چوار سەد ملیۆن دۆلار بە عێراق پابەندکراوە.
بەمەبەستی تەواوکردنی ڕێکارەکانی دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ وەزارەتی نەوت کۆبووەوە. وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت: لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ھەیە و، چاوەڕێ دەکەین کۆتایی ئەمساڵ نەوت ھەناردە بکرێتەوە.
ڕۆژی سێ شەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا.
بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا کە دواتر لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ جێگیرکرا، پێویستە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لەبەرامبەردا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دابینبکرێت، بەڵام بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوو.
ڕۆژی یەک شەممە، ١٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتە ھەولێر و، دواتر لەگەڵ ھەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ عێراق ڕۆژانە سێ ملیۆن و پێنج سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات، لەو بڕە چوار سەد ھەزار بەرمیل لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە دەبێت، بەھای ھەر بەرمیلێک نەوتیش بە حەفتا دۆلار خەملێندراوە.
لەسەرەتای ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان تا ئێستە نزیکەی ھەشت ملیار دۆلار زیانی لە داھاتی عێراق داوە، ھەتا ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیاتر دوا بکەوێت، قەبارەی زیانەکانی زیاتر دەبێت لەسەر عێراق.
ڕۆژی سێ شەممە، ١٤-١١-٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکە، ڕایگەیاند: کۆبوونەوەیەکی باشمان ھەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی کە لە ھەمان کاتدا جێگری سەرۆکوەزیرانیشە، ئەوەی لەسەر ھەرێم بووە لەڕووی کاری تەکنیکی یاخود یاسایی، ھەرچی ئەرکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێکراوە، ھەمووشمان لەگەڵیان باس کرد، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکو خۆی کە لە دەستووردا ھاتووە، ئەوانیش ڕێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بکەن.
بەگوتەی مەسرور بارزانی، ئەگەر بۆ دووبارە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەیە و لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە، بەڵام دەبێت مافەکانی ھەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور ڕەچاوبکرێت.
ئیبراھیم بەحرعلوم، ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دەڵێت: لێکتێگەییشتنی باش لەنێوان ھەردوو حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھەیە سەبارەت بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە لە داھاتوویەکی نزیکدا.
ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، جەختیشی لەوە کردەوە، ھەوڵەکان لەلایەن ھەولێر و بەغداوە بەردەوامن بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و ھەردوولا توانیویانە گرێ کوێرەکان بکەنەوە.
بەگوتەی ئیبراھیم بەحرعلوم، ھەفتەی داھاتوو چەند شاندێک لە تورکیاوە دێنە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەمەبەستی تاوتوێکردن و چارەکردنی پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.
لە کاتی ھەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆی عێراق، پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارەتی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت ھەڵبگرێت، لەسەر بنەمایەک بە ڕێککەوتن لەسەری.
لە نێوان ھەولێر و بەغدا چەندین کێشەی جیاواز لە کەرتی وزەدا ھەن، وەک حەقدەستی کۆمپانیاکان، جۆری گرێبەستەکان، ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، بەشێک لەوان لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە ھەنە و چارەنەکراون، نەبوونی یاسایەکی تایبەت بەڕێکخستنی کەرتی نەوت و گازیش بە ھۆکار دەزاندرێت.
گرفتی سەرەکی ئێستە پرسی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانە، بەغدا بەگوێرەی یاسای بودجە شەش دۆلاری بۆ تێچووی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوت تەرخان کردووە، کۆمپانیاکان بەمە ڕازی نین، چونکە پێشتر ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەرێمی کوردستان بە سی و یەک دۆلار بەرھەمیان دەھێنا و دەیان گواستەوە.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی دانووستانی نێوان حکوومەتی ھەرێم و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئەوەی قسەی زۆری لەسەر کراوە تێچووی دەرھێنانی نەوتە، ئەو تێچووەی دەستنیشان کراوە بۆ دەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان، بەراورد بەو تێچووەی کە حکوومەتی عێراق دایناوە زۆر کەمە.
لە ٢٠٠٧ـەوە سێ جار پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی، جگە لە ڕەشنووسی ٢٠٠٧، ساڵانی ٢٠٠٨ و ٢٠١١ دوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە ئامادەکران، بەڵام بەھۆی ناکۆکیی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەری لە پەرلەمان پەسەند نەکران.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، گوتیشی: یاسای نەوت و گاز نەخشەی نەوتی لە عێراق دەکێشێتەوە و چارەی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکات و گرێنتی پاراستنی مافەکانی ھەردوولاش دەکات، کە ئێستە بەھۆی نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری بۆ عێراق دروست کردووە، ئەگەر یاساکە ھەبێت، ھەموو ئەو کێشانەی ئێستە ھەن، چارە دەبن.