دیداری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە مێپس 2023 دەستیپێکرد

دیداری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پانێلی سێیەمی، چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) لەگەڵ مریەم موشیری، رۆژنامەنووسی بەنێوبانگی BBC دەستیپێکرد.

بەشێک لە گوتەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەمیانی دیدارەکەدا:

زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بەدڵنیاییەوە ئێمە وەکو گەلێک زۆر شەڕمان بینیوە و دەزانین چەند خراپ و وێرانکەرە. با لەوە دەستپێبکەم کە ئێمە دژی شەڕین و نابێت بۆ چارەسەرکردنی كێشەکان بەکاربهێندرێت. 

ئەگەر ئێمە سەیری دۆخی غەززە بکەین. ئەو خەڵکەی لەوێن، ئێستا دۆخیان خۆشترە یان پێش 7ـی ئۆکتۆبەر؟ پێم وابێت وەڵامەکەی زۆر روونە. خەڵکی سڤیل و بێ تاوان باجێکی زۆر قورس دەدەن، ئێمە سەرکۆنەی شەڕەکە و هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل دەکەین. پێمانوایە دەبێت چارەسەرێکی ئاشتییانە هەبێت بۆ هەر ململانێیەک کە ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

زۆر ناخۆش و جێگەی خەمبارییە کە دەبینین ململانێیەکی دەیان ساڵە پشتگوێخراوە، هەتا کاتێک کە بووە شەڕی رووبەڕوو، بۆیە ئێمە وەکو ئەوەی دوێنێش لە گوتەکەمدا باسم کرد، دەبێت چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە پێش ئەوەی بگەنە رووبەڕووی سەربازی. کە شەڕ دەستیپێکرد نازانیت کەی کۆتایی دێت، بەڵام یەک شت بەدڵنیاییەوە دەزانین کە قوربانییەکان خەڵکی سڤیل و بێ تاوانن. دەبێت خەڵکی سڤیل بپارێزرێت و هەموومان نیگەرانین لە فراوانبوونی شەڕەکە و مەترسی بڵاوبوونەوەی لە ناوچەکەدا. هیوادارین کۆتایی شەڕەکە ببینین و چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ ئەم ململانێیە بێتە دی.

پێموایە باشترین شت عێراق دەتوانێت بیکات، ئەوەیە کە خۆی دووربخاتەوە لەم ململانێیە. عێراق بەشی خۆی کێشەی هەیە، ئەگەر رێگەیەک هەبێت هاوکاری مرۆیی بگەیەنێت، ئەمە شتێکی باشە. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە لە رێگەی دەزگای خێرخوازییەوە هاوکاری مرۆیی بگەیەنینە ئەو خەڵکەی پێویستییان پێیەتی، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ دەرفەتێک نەبووە ئەم هاوکارییانە بگەن.

ئەوانەی دەسەڵاتییان هەیە لەوێ، نەیانتوانیوە ئەو دەروازەیە بکەنەوە و دەرفەتیان نەداوە هاوکارییە مرۆییەکانمان بگەیەنینە ئەوێ، بۆیە عێراق دەتوانێت نێوەندگیری بکات و بە شێوەی ئاشتی دەتوانێت هاوکاریی مرۆیی بگەیەنێت، کە ئەمە شتێکی زۆر باش دەبێت، بەڵام پێموانییە دروشم هاوکاری ئەو خەڵکە بێت، کە پێویستی بە دەرمان و خۆراک و ئاسایشە. دروشم هیچ سوودی نییە، بۆیە باشترین شت کە عێراق دەتوانێت بیکات، گەیاندنی هاوکارییە بۆ ئەو خەڵکەی پێویستیی پێیەتی.