هەرێمی کوردستان لە پرسی ڕاپۆرتەکانی خەرجی و داهات زۆر پێش عێراق کەوتووەتەوە

خەریکە ساڵی ٢٠٢٣ تەواو دەبێت هێشتا وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق ژمێرەی کۆتایی خەرجییەکانی شەش ساڵ لەمەوبەری ڕادەست نەکردووە، کەچی بینرا ماوەی ڕابردوو تەنیا لەبەر ئەوەی ڕاپۆرتی خەرجییەکانی چەند مانگێکی هەرێمی کوردستان ئەویش بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ڕادەست نەکرابوو، مووچەی فەرمانبەرانی بۆ ماوەیەک دوا خست.

ڕۆژی دووشەم ١٣ی تشرینی دووەم وەزارەتى دارایی عێراق ڕایگەیاند، ژمێرەى کۆتایی خەرجکردنى بودجەى ساڵانى ٢٠١٧ تا ٢٠١٩ی ئامادە کردووە و بەتەمایە ڕادەستی دیوانی چاودێری دارایی عێراقی بکات.
جێی باسە ژمێرەى کۆتایی تایبەتە بە وردەکاریى داهات و خەرجیی بودجەى ساڵانە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە هیچ ڕاپۆرتێک لەم بارەیەوە نە بە دیوانی چاودێری و نە بە پەرلەمانی عێراق نەدراوە.
ئەو هەنگاوەى وەزارەتى دارایی عێراق لەدواى ئەوە دێت کە ڕۆژێک پێشتر دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق بڕیارێکى دژی ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەرکرد و پابەندی کرد بەوەى ژمێرەى کۆتایی خەرجکردنى بودجە ڕەوانەى پەرلەمان بکات.
بەگوێرەى بڕگەى سێى مادەى یەکەمی یاساى کارگێڕیی دارایی ساڵى ٢٠١٩، دەبێت لە کۆتایی هەموو ساڵێکدا ژمێرەى کۆتایی بودجە بۆ ئەو ساڵە بخرێتە ڕوو، کە داهات و خەرجى ئەو ساڵەى تێدا بێت و پێویستە لە لایەن وەزارەتى داراییەوە ئامادە بکرێت و بدرێتە حکومەت تاوەکو لەوێوە ڕەوانەى پەرلەمان بکرێت.
بە پێچەوانەی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ مانگ یان شەش مانگ جارێک سەرجەم خەرجی و داهاتەکانی خۆی خستووەتە ڕوو و بە ئامارێکی ورد ڕوون کراوەتەوە ئەو داهاتەی دەستی حکوومەت کەوتووە چەندە و سەرچاوەکانی کامانە بوون و بۆ چ مەبەستێکیش خەرج کراون.
لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ئاکامی بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس لە بەندەری جەیهانەوە وەستاوە. هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە هیچ بڕە نەوتێک هەناردەی دەرەوە بکات بۆیە داهاتەکانی لە خوارووی خەرجییەکانە و بە پشتبەستن بە قەرزێکی حکوومەتی عێراق کە لە چوارچێوەی ڕێکەوتندا ئیمزا کراوە، لەگەڵ کۆکردنەوەی داهاتی ناوخۆ مووچەی چەند مانگێکی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دابین کردووە.
ئەم دۆخە لەکاتێکدایە بە گوێرەی یاسای بودجە دەبوایە حکوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەران و سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی دابین کردبا، بەڵام لەم بابەتەدا بە بیانووی جیاواز خۆی دزیوەتەوە و هەرێمی کوردستانی تووشی دۆخێکی نالەباری ئابووری کردووە.
لەگەڵ هەموو ئەو نەهامەتییانە و سەرەڕای ئەوەی کە بەپێی ڕێککەوتنێک کە لە نێوان هەر دوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا ئیمزا کراوە دەبێ عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ بە قەرز مانگانە حەوت سەد ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت بۆ ئەوەی وەک مووچە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت بەڵام لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەش هەندێک جار لەمپەر دروست کراوە و لە دووەم مانگدا وەزیری دارایی عێراق بیانووی بە هەرێمی کوردستان گرت کە ڕاپۆرتی خەرجییەکانی چەند مانگ لەمەوبەری ڕەوانەی بەغدا نەکردووە.
دوای بیانووەکەی وەزارەتی درایی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆتایی مانگی ڕابردوو خەرجی و داهاتی مانگەکانی تەمووز و ئاب و ئەیلوولی ئەمساڵی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کرد، دوای ئەو هەنگاوەش دوو ڕۆژ وردبینی لەو ڕاپۆرتەدا کرا بەڵام هیچ کێشە و کەم و کورتییەک نەدۆزرایەوە و ئەوجا قەرزەکە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان کرا.
ئەو بیانووانەی بە هەرێمی کوردستان و حکوومەتەکەی دەگیرێن بەشی زۆریان ناڕەوان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا لە چوارچێوەی چاکسازی و شەفافیەتی دارایی هەوڵی داوە داهات و خەرجییەکان بۆ خەڵک ئاشکرا بکات. ئەگەر دامەزاوە داراییەکانی عێراق هاوشێوەی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا بە ڕێکوپێکی کاریان کردبا و بەدواداچوونیان کردبا ئەوا ڕێ لە گەندەڵییەکی گەورە لە عێراق دەگیرا.