سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى تيمێكى باڵاى يووئێن كۆبووه‌وه

دوێنێ، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ ڤۆلكه‌ر پێرسێس، سه‌رۆكى تيمى سه‌ربه‌خۆى پێداچوونه‌وه‌ى ستراتيژى به‌ ئه‌ركى نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كاندا له‌ عێراق (يوونامى) كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا بيروڕايان ده‌رباره‌ى ئه‌رك و سه‌ردانى پێرسێس بۆ عێراق و ديدار و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى عێراق گۆڕييه‌وه‌ و تيشكيان خسته‌ سه‌ر ئه‌رك و كاره‌كانى تيمى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ئاژانسه‌كانى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.
سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى سوپاس و پێزانينى بۆ ڕۆڵ و پشتگيريى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ئاژانس و ڕێكخراوه‌كانى له‌ عێراق و هاوكارييه‌كانى له‌ بوار و قۆناغه‌ جياكاندا، ئاماژه‌ى به‌ هه‌وڵ و كاره‌كانى يونامى كرد كه‌ دواى پرۆسه‌ى ئازادى، يارمه‌تيى عێراقى داوه‌ بۆ سه‌قامگيرى و به‌ره‌وپێشبردنى ديموكراسى و باشكردنى كارى دامه‌زراوه‌كان.
لاى خۆيه‌وه‌ پێرسێس، ديد و بۆچوونه‌كانى ده‌رباره‌ى ئه‌ركى يونامى له‌ عێراق و داواكاريى عێراق بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ركى نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كاندا خسته‌ ڕوو، هه‌روه‌ها سوپاسى سه‌رنج و بۆچوونه‌كانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى ده‌رباره‌ى كار و ئه‌ركى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و ئاژانسه‌كانى بۆ هاوكارى و يارمه‌تيدانى عێراق كرد‌.
له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسيى عێراق و ناوچه‌كه‌يان به‌ گشتى، تاوتوێ كرد.‌