عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ: لیستی پارتی لیستی هەموو پێکهاتەکانی سنووری مووسڵە

پێکهاتەکانی مووسڵ پشتیوانی خۆیان بۆ کاندیدانی پارتی دووپات دەکەنەوە و دەڵێن: پارتی هەمیشە پشتیوانی پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینیی و نەتەوەکانە. عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، گوتی: لیستی پارتی لیستی ھەموو پێکهاتەکانی سنووری مووسڵە. نازم ھەرکی، یاریدەدەری ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، دەڵێت: تا نزیکدەبینەوە لە هەڵبژاردن ھەڵمەتی هەڵبژاردن فراوانتر دەبێت و لەو بڕوایەداین کە دەتوانین دەنگێکی باش لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بەدەست بێنین.

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سنووری پارێزگای مووسڵ بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پەنجا و دوو کاندیدی ھەیە و دەیەوێت زۆرینەی دەنگەکانی ئەو سنوورە بە دەست بھێنێت.
بڕیارە لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت کە زیاتر لە بیست و سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لەو ھەڵبژاردنەدا ھەیە و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و حەوت و سەد و شەست و پێنج بنکەی دەنگدان کە چل و هەشت هەزار و چل وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن زۆربەی کاندیدانی پارتی ئۆفیسیان لە سەنتەری مووسڵ و دەوروبەری کردووەتەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و ڕۆژانە دەچنە نێو خەڵک بۆ ئەوەی پەیامی پارتی بە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای مووسڵ بگەیەنن، ھەموو ناوچەکانی سنوورەکە دەگەڕێین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بۆ پارتی کۆ بکەنەوە، چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، بۆ ئێمە گرنگە پارتی سەرکەوێت نەک ئێمەی کاندید، لەبەر ئەوەی ھەموو کاندیدانی پارتی سیاسەتی پارتی جێبەجێ دەکەن ئەویش خزمەتکردنی ھاووڵاتییانە.
پێکهاتەکانی دەشتی نەینەوا پشتگیری خۆیان بۆ لیستی پارتی دووپات دەکەنەوە و دەڵێن، لیستی پارتی هەمان لیستە کە لە ڕابردوودا ماف و داخوازییەکانی ئێمەی لە بەرچاو گرتووە و لە خۆشی و ناخۆشی خۆی لە ئێمە کردووەتە خاوەن.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، دەڵێت: لیستی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە پەنجا و دوو کاندید پێکھاتووە و کاندیدانی پارتی لە کەسانی شایستە و ناسراون، واتە لیستی پارتی لیستی ھەموو پێکھاتەکانی سنووری پارێزگای مووسڵە و ٢٥%ـیشیان ئافرەتن.
عەلی خەلیل، ئاشکراشی کرد: ھەر چەند پارتی بەھێزبێت و دەنگی زیاتر بەدەست بێنێت زیاتر خزمەتی خەڵک دەکات، ئەوەش وا دەکات خەڵکی مووسل دەنگ بە لیستی پارتی بدەن و ئەو ھەموو پشتگیرییەی لیستی پارتی لەلایەن جەماوەری مووسڵ و دەوروبەری بۆ خزمەتی پارتی دەگەڕێتەوە لە ناوچەکە، چونکە پارتی ھەر لە دامەزراندنییەوە تا ئێستە حزبی خەڵک بووە و تا ئەو خەڵکەش بمێنێ پێگەی پارتی لە کوردستان و عێراقیش ھەر بە بەھێزی دەمێنێت.
بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، گوتیشی: بانگەشەی پارتی لە مووسڵ بەشێوەیەکی زۆر هێمنانە بەڕێوەدەچێت، ڕۆژانە کادیر و کاندیدانی ئێمە بەرنامەی پارتی بۆ ھەڵبژاردن دەگەیەننە هاووڵاتییانی سنووری مووسڵ و ئەوانیش پێشوازیەکی زۆر گەرم لە لیستی پارتی و کاندیدانی دەکەن.
لەلایەکی دیکەوە نازم هەرکی، یاریدەدەری ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، دەڵێت: تا نزیک دەبینەوە لە ھەڵبژاردن ھەڵمەتی ھەڵبژاردن فراوانتر دەبێت، لەو بڕوایەداین کە دەتوانین دەنگێکی باش لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ بەدەست بێنین و ژمارەی کورسییەکانمان زیاتر بکەین.