دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی، پێشوازی لە سەرۆکی pwk کرد

فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە بایرام بۆزیەل سەرۆکی گشتی پارتی سوسیالیستی کوردستان PSK و شاندی یاوەری کرد.

لە دانیشتنێکدا کە ئازاد بەرواری، هوشیار زێباری، سیداد بارزانی و مەحمود محەمەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی ئامادەببوون، فازڵ میرانی بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی کرد و پوختەیەکی لەسەر ڕەوشی ناوچەکە پێشکەشی شاندی میوان کرد و دوپاتی کردەوە، ناوچەکە بە بارودۆخێکی ناسەقامگیردا تێدەپەڕێت و باندووری خۆی لە سەر ناوچەکە دەبێت.
هەروەها میرانی دووپاتی کردەوە: پارتی دیموکراتی کوردستان، هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دووپات دەکاتەوە کە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشە و دۆزی گەلی کوردە بە ڕێگای ئاشتییانە و دیموکراتییانە چارەسەر بکرێت.
هاوکات میرانی ئاماژەی دا بەو پەیوەندییە مێژووییەی لە نێوان هەردوولادا لە خزمەتی دۆزی گەلی کورددایە و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە تایبەتمەندییەکانی یەکتر.
لای خۆیەوە بایرام بوزیەل سەرۆکی شاندی پارتی سوسیالستی کوردستان PSK سوپاسی م.س پارتی کرد بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە بایەخێکی زێدە دەدەن بە دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان و ئەرکە لەسەر شانی هەر وڵاتپارێزێک ئەم دەستکەوتانە بپارێزێت و گەشەی پێ بدرێت.
هەروەها سەرۆکی گشتی PSK دووپاتی کردەوە، پارتەکەیان لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی کوردە بە ڕێگای دیالۆگ و ئاشتییانە و هیوای خواست ئەم جۆرە دیدارانە بەردەوام بن و هەرێمی کوردستان هەر لە پێشکەوتندا بێت.