لە هەولێر …پرۆژەیەکی گرنگى ڕێرەوی کۆنکرێتی ئاوی باران و بۆکس کەلڤەرت کرایەوە

ئەمرۆ چوارشەممە 2023.11.14، بەئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و د.محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەیی وەبەرهێنانى حکومەتى هەرێم و بەرێوەبەرانى گشتی وەبەرهێنان و کشتوکاڵى هەولێر و بەرێوەبەرانی ئاوی ژێر زەوی و ئاو و ئاوەڕۆکانى هەولێر و بەرپرسانى دیکە فەرمانگا خزمەتگوزارییەکان، لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی لافاو و لە درێژەی ئامادەکاریەکان بۆ وەرزی زستان و بارانبارین و بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەرێکی گۆڕانی کەش و هەوا، لەڕێورەسمێکدا دواى تەواوبوونى پرۆژەی ڕێرەوی کۆنکرێتی ئاوی باران و بۆکس کەلڤەرت کرایەوە، کە لەلايەن کۆمپانيای ئارتيما بە درێژایی نزیکەى 1 کیلومەتر و بە (گوژمەى 700 ملیۆن دینار) دروستکراوە.

پڕۆژەکە بەشێوەیەکى ئەندازەیی و زانستى و هونەری دروستکراوە، بە جۆرێکە لە ئەگەری دروستبوونى هەر لافاو و گرفتێکى بەرزبوونەوەى ئاو، یان ڕووداوێکى نەخوازراوى پێشبینی نەکراوى گۆڕانى کەش و هەوا دەتوانێت بەئاسانى کۆنترل بکرێت و بەر لە ئاستەنگەکانى بگیرێت.

لەوبارەیەشەوە، پارێزگاری هەولێر، لەوتارێکدا ڕایگەیاند: “ئەم پڕۆژەیە لە چوارچێوەی ئەو پرۆژانەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرنامە و پلانى بۆ رێگیریکردن لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى کەش و هەوا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەنجامیداون، بۆ نمونە هەر لەم شوێنەدا کە ئێستا پڕۆژەکەى لێ ئەنجامدراوە، رۆژگارێک مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەر بوو، بەڵام ئەمرۆ خۆشبەختانە بەهۆى دروستکردنى ئەم پڕۆژەیەوە مەترسی لافاوى لەسەر نەماوە”.

گوتیشى: “وەرزی باران بارینی ساڵی رابردوو چەند جارێک لافاو لە شارە جیاکانی هەرێمی کوردستان دروستبوو بەتایبەت لە شاری هەولێر، بەڵام بۆ ئەمساڵ چەندین پڕۆژە جۆراو جۆرمان ئەنجامدراوە، جگە لە پاککردنەوەى کۆڕنیش و ڕێرەوەکانى ئاوی سروشتى باران و کەند و مەنهۆل و چەپەرەکانى ئاو وەرگرتن لە گەڕەک و شوێنە گشتییەکان”.