هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێککەوتن نزیکن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٢٣٤ ڕۆژ بەسەر ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت، لەو ماوەیەدا زیانی ھەناردەنەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بەرھەمھێنەرەکان بەرزبووەتەوە بۆ زیاتر لە ھەشت ترلیۆن دینار لە بودجەی عێراق، کە دەکاتە نیوەی پشکی ھەرێمی کوردستان لەو بودجەیە کە لە ساڵێکدا شازدە ترلیۆن دینارە.

حکوومەتی عێراق تێگەیشتووە دانیشتن بەدیار کێشەکانەوە ھیچی لێ شین نابێت، بۆیە دەستی بە جووڵە کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ ھەولێر بگەنە ئەنجامێک بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
ڕۆژی یەک شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و تیمەکەی، جەختمان لە دابینکردنی پێداویستی دارایی و تەکنیکیی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە لەسەر بنەمای دەستوور و گرێبەستەکان کە لە بەرژەوەندیی ھەموو ھاووڵاتییانی عێراق و ھەرێمدایە.
ڕۆژی یەک شەممە شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتنە ھەولێر. پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاندبوو ئەم سەردانە لەسەر ڕێککەوتنی ھەردوو سەرۆکوەزیران بووە، تاکو بێنە ھەولێر و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتیەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دۆسیەی نەوتی ھەرێم و کێشەکان پێکەوە چارە بکەن، بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەکان کێشەی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوت و ڕێکارەکانی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بوو.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، پێویستە ڕۆژانە ھەرێمی کوردستان چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی وەزارەتی نەوتی عێراق بکات. وەزیری نەوتی عێراق، دەڵێت: ھەوڵدەدەین ھەموو کێشەکان چارە بکەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی ئاسانتر دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
لە ٢٥ی ئاداری ٢٠٢٣وە ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی عێراق، بودجەی عێراق لە سەد و نەوەد و نۆ ترلیۆن دینار پێکھاتووە، پشکی ھەرێمی کوردستان بە زیاتر لە شازدە ترلیۆن دینار بۆ ساڵێک ھەژمار کراوە.
ڕۆژی سێ شەممە ٤ی نیسانی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی ھەردوولا لە ڕێوڕەسمێکدا ڕێککەوتنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە ئیمزا کرا.
بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغدا کە دواتر لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ جێگیرکرا، پێویستە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لەبەرامبەردا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە دابینبکرێت، بەڵام بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوو.
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت، لە ٤ـی ئەیلوولی ٢٠٢٣ ڕایگەیاند، لە ٢٥ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، ڕۆژانە پەنجا ھەزار تا سەد و دوو ھەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی بەغدا کراوە، بەگشتی ڕۆژانە ھەشتا و پێنج ھەزار بەرمیل نەوت دراوەتە بەغدا، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستە ھیچ بڕە پارەیەک خەرجنەکراوە.
لەنێوان ھەولێر و بەغدا چەندین کێشەی جیاواز لە کەرتی وزەدا ھەن، وەک حەقدەستی کۆمپانیاکان، جۆری گرێبەستەکان، ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز، بەشێک لەوان لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە ھەن و چارە نەکراون، نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە ڕێکخستنی کەرتی نەوت و گازیش بە ھۆکار دەزاندرێت.
گرفتی سەرەکی ئێستە پرسی شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکانە، بەغدا بەگوێرەی یاسای بودجە ٦ دۆلاری بۆ تێچوونی بەرھەمھێنان و گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک نەوت تەرخان کردووە، کۆمپانیاکان بەمە ڕازی نین، چونکە پێشتر ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەرێمی کوردستان بە ٣١ دۆلار بەرھەمیان دەھێنا و دەیان گواستەوە.
حکوومەتی تورکیا لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەشێوەیەکی فەرمی بەرپرسانی حکوومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە لوولەی نەوتی نێوان ھەردوو وڵات ئامادەیە بۆ دووبارە ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان. ڕۆژی دوو شەممە، ٢-١٠-٢٠٢٣، ئاڵپئەرسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت لە ئەبوزەبی تیشکی خستە سەر بابەتی گواستنەوەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیھان کە لە ٢٥ـی ئاداری ئەمساڵەوە ڕاگیراوە. گوتیشی: لە ئەمڕۆوە ھێڵی لوولەی نەوتی عێراق – تورکیا بۆ کارکردن ئامادەیە و ئەو لوولە توانای ئەوەی ھەیە نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی نەوتی جەیھان بگوازێتەوە.
کامەران یوسف، شارەزای بواری وزە، دەڵێت: نزیکەی ھەشت مانگە ھەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیھان ڕاگیراوە، ڕاگیرانی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیانێکی گەورەی دارایی بە عێراق و ھەرێمی کوردستان گەیاندووە، بەتایبەت لە ئێستەدا کە نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان بەرزبووەتەوە.
ئەو شارەزایە، دەشڵێ: جگە لە زیانە ماددییەکان، ھەناردەنەکردنەوەی نەوت زیانی بە ھاووڵاتییان و دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان گەیاندووە، بەتایبەتی ئەوانەی کە نزیکن لە کێڵگە نەوتییەکان، چونکە کارەکانیان لەدەستداوە، بۆیە ئەگەر حکوومەتی عێراق بیەوێت چی دیکە زەرەر نەکات، دەبێت بە پەلە کێشەکان بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە چۆنێتیی قەرەبووکردنەوە و پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی بەرھەمھێنەری نەوت لە ھەرێمی کوردستان چارە بکات.
ئازاد پشتیوان، شارەزا لە بواری کارگێڕی و ئابووری، گوتی: ڕاگیرانەی هەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کەمتەرخەمیی ھەولێری تێدا نییە، دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری دەبێت لەسەر پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجە و تەرخانکردنی پارە بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرھێنانی نەوت، بەڵام ئەو بڕەی بەغدا دایناوە کە شەش دۆلارە، بەس نییە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان و یەکناگرێتەوە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنەی کۆمپانیاکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیانە، ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە.
ئاشکراشی کرد: دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا، سوودی سێ لایەنەی بۆ تورکیا، عێراق و ھەرێمی کوردستان دەبێت.
بەگوتەی پەرلەمانتاران، ئاماژەی ئەرێنی ھەیە و بەم نزیکانە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە، حکوومەتی ناوەندی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتن نزیکن بۆ ئەوەی دیدگەیەکی ئابووریی ھاوبەش و یەکگرتوویان ھەبێت بۆ وڵات. سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: بەپشوو درێژی و ئارامگرتن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان مامەڵەی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کردووە، بۆ ئەوەی بەشێوازێکی دەستووری ئەوان بڕوا و متمانەی ئێمە بەدەست بھێنن، کورد بۆ داواکارییەکانی و جێبەجێکردنیان ڕێگەی سیاسیی و یاسایی و دەستووری ھەیە.
ئەو پەرلەمانتارە، دەشڵێ: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە بەغدا جێبەجێکردووە، دەبێت بەغداش پابەند بێت و ڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکات.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: ھەرێمی کوردستان بەردەوام ئامادەیی خۆی دەربڕیوە ھەم بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت ھەمیش بۆ بەکارھێنانی نەوت لە ناوخۆدا، وەک لە یاسای بودجەی گشتی عێراق ئاماژەی پێکراوە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت چوار سەد ھەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکات لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ، حکوومەتی ھەرێم ڕێگر نییە لەو بابەتە و پابەندی خۆی ڕاگەیاندووە.
بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق، دەڵێت: ھەولێر و بەغدا گفتوگۆ لەسەر ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، تورکیاش ھیچ کێشەیەکی بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت نییە و لە کۆتاییدا ھەموو لایەک لە بەرامبەر ھەناردەکردنەوەی نەوت ڕێک دەکەون.