پڕۆژەی دروستکردنی دەروازەی دیانای کۆن کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە

گەرمیان گلی – هەولێر

دوای دانانی بەردی بناغەی بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و هەشت سەد و بیست ملیۆن دینار، دەستكراوە بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی دەروازەی دیانای كۆن، بە شێوەی مۆدێرن و سەردەمیانە، ئەوەیش بووەتە جێگای دڵخۆشی دانیشتوانی سنوورەكە.

غەفور فەتاح، هاوڵاتی دانیشتووی ناحیەی دیانا لە سنووری قەزای ناوەندی سۆران، دەڵێت: ئەوەی پێی دڵخۆشین لە زۆربەی گەڕەك و شوێن و شەقامەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەی خزمەتگوزاری تیادا ئەنجام دەدرێت، ئەوەیش هۆكارێکە كە هاووڵاتی متمانەی زیاتری بە حكوومەتەكەی بێت و جێگەی دەستخۆشی كردنە. ئەگەرچی پێشوتر هاووڵاتییان گلەییان لەوە هەبوو كە لە شەقامە گشتییەكانی ناحیەی دیانا، خزمەتگوزاری وەك پێویست نییە، بەڵام لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەڵمەتێكی خزمەتگوزاری لەم شەقامانە دەستی پێكردووە، لە درەوازەی دیانای كۆن بگرە كە لە ئێستادا پڕۆژەیەكی ستراتیژی تیادا ئەنجام دەدرێت، تا دەگاتە بینایەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە زۆربەی شوێنی شەقامەكە كاری چاككردن و سەوزكردنی تیادا بەردەوامی هەیە، ئەمانەش ئومێد بەخشن.
سەلمان سەباح، گەنجێكی دانیشتووی سنووری ناحیەی دیانا، دەڵێت: ئەگەر پڕۆژەی دەروازی ناحیەی دیانا بەپێی نەخشەكە جێبەجێ‌ بكرێت، جگە لەوەی سیمایەكی شارستانی بە ناحیەكە دەبەخشێت، لە هەمانكاتیشدا دەبێتە هۆكارێك بۆ كەمكردنەوەی جەنجاڵی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل لە شەقامەكەدا، كە ڕۆژانە قەرەباڵغی زۆری لەسەرە. جگە لە دروستكردنی دەروازەكە بەپێی ئەو نەخشەیەی بڵاوی كردەوە پاركێكی بچوك لە شوێنەكە دروست دەكرێت، ئەمەیش هۆكارێكی باشە بۆ پشووی گەنجان و هاووڵاتییان بەگشتی و بەسەر بردنی كات.
لای خۆیەوە هەژار حەكیم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڵێت: دوای ئەوەی لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەژێر چاودێریی هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە ئامادەبووانی چین و توێژەكانی دەڤەرەكە، بەردی بناغەی پرۆژەی دەروازەی دیانای كۆن لە سنووری قەزای ناوەندیی سۆران دانرا، ئێستا دەست كراوە بە جێبەجێكردنی بە گوژمەی دوو ملیار و هەشت سەد و بیست ملیۆن و چوار سەد و حەفتا و حەوت هەزار دینار، لەلایەن كۆمپانیای كاڤین گرووپەوە لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جێبەجێ دەكرێت و دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتییان. كاروانی خزمەتگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە زۆربەی شارو شارۆچكەو گوند و ناوچە جیاوازەکان بەردەوامی هەیە.