سەیدۆ چەتۆ: پارتی پەیامی پێکەوەژیان و تەبایی و ئاشتیی بۆپارێزگاکە پێیە

بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان بە گڕوتینەوە لە مووسڵ بانگەشە دەکات، پشتیوانی خەڵکی مووسڵیش بۆ پارتی تا دێت فراوانتر دەبێت، ھەر بنکەیەکی بانگەشەی بەربژێرانی پارتی تا دێت قەرەباڵغتر دەبێت و خەڵک زیاتر ڕوویان تێ دەکات. دەشڵێ: دەمانەوێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ مووسڵ، لەڕووی ئەمنی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی مووسڵ، بۆیە گرنگە خەڵک جارێکی دیکە متمانە بە پارتی بکات بۆ ئەوەی ئەو خزمەتەی بۆیان کراوە لەڕێگەی ئێمەوە زیاتر بێت.

ھەڵبژاردن ستوونێکی سەرەکیی دیموکراسییە و میکانیزمێکە بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ھاووڵاتییان ویستی خۆیان دەربڕن و نوێنەرەکانیان ھەڵبژێرن، دەکرێت ئاستەنگ و کەموکورتی لە سیستمەکانی ھەڵبژاردندا ھەبێت، بەڵام ئەوە ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ھەڵبژاردن ڕەوایەتی بە دامەزراوە ئیدارییەکان و حکوومەتی ناوەندیی خۆجێیەکان دەدات.
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ٥٢ کاندیدی ھەیە و دەیەوێت زۆرینەی دەنگەکانی ئەو سنوورە بە دەست بهێنێت.
بڕیارە لە ١٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت کە زیاتر لە بیست و سێ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان لەو ھەڵبژاردنە ھەیە و کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت ھەزار و حەوت و سەد و شەست و پێنج بنکەی دەنگدان کە چل و ھەشت ھەزار و چل وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.
لەگەڵ دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن زۆربەی کاندیدانی پارتی ئوفیسیان لە سەنتەری مووسڵ و دەوروبەری کردووەتەوە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن و ڕۆژانە دەچنە نێو خەڵک بۆ ئەوەی پەیامی پارتی بە دەنگدەرانی سنووری پارێزگای مووسل بگەیەنن. ھەموو ناوچەکانی نەینەوا دەگەڕێین بۆ ئەوەی زۆرترین دەنگ بۆ پارتی کۆ بکەنەوە. چونکە وەکو خۆیان دەڵێن، بۆ ئێمە گرنگە پارتی سەرکەوێت نەک کاندید، لەبەر ئەوەی ھەموو کاندیدانی پارتی سیاسەتی پارتی جێبەجێدەکەن ئەویش خزمەت کردنی ھاووڵاتییانە.
ھەموو پێکھاتەکانی مووسڵ پشتگیری لیستی ١٩٧ی پارتی دەکەن و لیستی پارتی بۆ ھەڵبژاردن براوە دەبێت، چونکە لیستی پارتی لیستی ھەموو چین و توێژەکانی نەینەوایە و پارتی بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکانی سنوورەکەی کردووە، لەبەر ئەوەش خەڵک و دەنگدەران پاڵپشتی لیستی پارتین بۆ ھەڵبژاردن.
سەیدۆ چەتۆ، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، دەڵێت: جیاوازیی لیستی پارتی لەگەڵ لیستەکانی دیکە لە مووسڵ ئەوەیە ڕاسپێردراون بانگەشەیەکی ئارام و بێکێشە ئەنجام بدەن، تا بتوانین دەنگی کورد و نەتەوەکانی دیکەی شارەکەش بەدەست بێنین، پارتی پەیامی پێکەوەژیان و تەبایی و ئاشتی بۆ شارەکە پێیە، ھەر بۆیە لیستی ١٩٧ی پارتی زۆرترین ئومێدی لای خەڵکی مووسڵ دروستکردووە، ھەروەھا سوپاسی ئەو ھەموو پێشوازییەی خەڵکی مووسڵ دەکەین بۆ لیستی پارتی، ئێمەش وەک پارتی بەڵێنیان پێ دەدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جێی متمانەی ئەو دەنگدەرانە بین کە متمانە بە پارتی و کاندیدانی دەدەن.
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، دەشڵێ: پارتی خاوەن جەماوەر و پێگەیەکی تایبەتە لە شاری مووسڵ ھەموو پێکھاتەکانی ئەو شارە لەنێو پارتیدا ھەنە، پێشبینی دەکەین جارێکی دیکە خەڵکی مووسڵ متمانە بە لیست و کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، پارتی لە مووسڵ ڕکابەری نییە، چونکە خاوەن پێگەیەکی جەماوەری بەرفراوانە، لەبەر ئەوەش پێشبینی دەکەین لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە مووسڵ لیستی ١٩٧ی پارتی پلەی یەکەم بەدەست بێنێت.
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، ئاشکراشی کرد: بەدرێژایی مێژوو پارتی بەرگری لە خەڵکی مووسڵ کردووە، لە شەڕی داعش ھەرێمی کوردستان دەرگای بۆ ئاوارەکان کردەوە و ھەزاران ھاووڵاتی ھەموو پێکھاتەکانی مووسڵ ڕوویان لە ھەرێمی کوردستان کرد و تا ئێستەش بەشێکی زۆری ئاوارەکانی مووسڵ لە ھەولێر و دھۆک نیشتەجێن؛ بۆیە دڵنیاین لە ڕۆژی ھەڵبژاردن خەڵکی مووسڵ ئەو ھەڵوێستەی پارتی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبیر ناکەن و دەنگ بە کاندیدانی پارتی دەدەن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، چونکە لەکاتی تەنگانەدا کێ بە ھانای خەڵکەوە دەچێت خەڵک لەبەر چاویان دەبێت.
سەیدۆ چەتۆ، بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، گوتی: زۆر گرنگە ئەمجارە خەڵک دەنگ لەو ناوچانە بداتە پارتی بەھۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٩ لیستی پارتی بە ناوی برایەتی و پێکەوەژیان بوو ئێستە لیستی ئیرادە و برایەتییە و دەمانەوێت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بگوازینەوە بۆ مووسڵ، لەڕووی ئەمنی و دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی مووسڵ، بۆیە گرنگە خەڵک جارێکی دیکە متمانە بە پارتی بکات بۆ ئەوەی ئەو خزمەتەی بۆیان کراوە لەڕێگەی ئێمەوە زیاتر بێت، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان دەکات بەبێ جیاوازی و خۆشی بە خەمخۆری ھەموو پێکھاتەکان دەزانێت، ھەر بۆیە پارتی کاندیدی لە ھەموو پێکھاتەکان ھەیە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ.
بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتی لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە مووسڵ، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: بەشێک لە کاندیدانی پارتی نووسینگەیان لە نەینەوا کردووتەوە و بڕیارە لە ڕۆژانی داھاتوو ھەموو کاندیدانی پارتی نووسینگە بۆ پێشوازی خەڵک بکەنەوە و ھەڵمەتی ھەڵبژاردن فراوانتر ببێت.