بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەیەکی هەڵەبجە نەشتەرگەرییەکی دەگمەن ئەنجامدەدرێت

بۆ یەکەمجار لە نەخۆشخانەی کیمیاباران لە هەڵبجە نەشتەرگەرییەکی دەگمەن ئەنجامدەدرێت، دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، بۆ یەکەمجارە لە مێژووی تەندروستی هەڵەبجە نەشتەرگەری کردنەوەی کاسەی سەر بۆ منداڵێک ئەنجامدرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023)، دکتۆر ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، نەشتەرگەرییەکی دەگمەن لەلایەن دکتۆر نەشئەت، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک، دەمار و بڕبڕەی پشت بۆ منداڵێک ئەنجامدرا ئەویش نەشتەرگەری کردنەوەی کاسەی سەری بوو.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە، سوپاسی لیژنەی دابەشکاری پزیشکان لە وەزارەتی تەندروستی کرد کە پزیشکێکیان بۆ ناردووە، هاوکات گوتیشی: ئێمە بەوپەڕی توانای خۆمان و لیژنەی دابەشکاری پزیشکانمان لە وەزارەتی تەندروستی بەکارهێنا بۆ ئەوەی ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە دەگمەنە لەو نەخۆشخانەیە ئەنجامبدرێت.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەشدا، لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا شەش پڕۆژەی گرنگی تەندروستی لە هەڵەبجە دەکرێتەوە بەڕووی هاووڵاتییان.