سەنگەر كانەبی گەورە، بەرپرسی لقی 23 ـی مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان: دانیشتووانی سنوورەکە تەنیا متمانەیان بە هێزەکانی پێشمەرگەیە بۆ پاراستنیان

فەیسەڵ شێخانی – هەولێر

سەنگەر كانەبی گەورە، بەرپرسی لقی 23 مەخمووری پارتی دیموكراتی كوردستان، لە، گفتوگۆیەدا باسی پێگەی پارتی لە سنووری لقەكەی دەكات و دەڵێ‌، سەرۆك بارزانی ئامۆژگاری كردووین لەگەڵ نەتەوەكانی تر پێكەوەژیان دروست بكەین. باس لەوەش دەكات كە بەردەوام گۆڕانكاری لە ئۆرگانەكانی حزبدا هەیە. لەبارەی چارەسەری كێشەكانی خەڵكی سنوورەكەیش دەڵێ؛ سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەی خەڵكی ئەو سنوورە بەردەوام لەسەر هێڵە و چەندان بەرنامە هەیە بۆ خزمەتكردنیان.

  • سنووری لقی 23ی مەخموور زۆر فراوانە و گۆڕانكارییەكان چی دەبن لە داهاتوودا؟
  • بێگومان لقی 23ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مەخموور، سنوورێكی فرەیە لە كاری حزبی و پانتاییەكی گەورەی هەیە لە كاركردندا و ئەو سنوورە لە ڕووی ئیداریشەوە بەشێكی بریتییە لە سنووری پارێزگای هەولێر بەشێكی بریتییە لە سنووری پارێزگای مووسڵ. لە ڕووی كاركرن پلانمان هەیە لە سنوورەكە، هەم كاری حزبی هەمیش كاری سیاسیی بۆ خزمەتگوزاری بۆ دانیشتووانی سنوورەكە، بۆ برا جوتیارەكان ئێمە هەموو هەوڵ و توانای خۆمان خستووەتە گەڕ، بە سوپاسە لەلایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ و پارێزگاری هەولێر و وەزارەتی تەندروستی بە دەنگ هەموو داواكارییەكانی خەڵكی ئەم ناوچەیەوە هاتوون، بەشێكی زۆری داواكارییەكان جێبەجێكراون، بەشێكی تریشی لە ئایندەیەكی نزیكدا بەپێی توانای حكوومەت، جێبەجێ دەكرێت، لە ئەنجامدا لە بەرژەوەندی خەڵك تەواو دەبێت.
  • پێشەوەچوونی كاری حزبایەتی لە سنوورەکە چی بووە؟
  • كاری حزبی لە ئۆرگانەكاندا بەردەوام لە گۆڕانكاری و نوێ بوونەوەدایە، لەدوای کۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە فەرمانی سەرۆك، كۆمەڵێك گۆڕانكاری بەتایبەتی لە لقەكاندا كرا، ئەوەیش جارێكی تر بووە هۆی نوێ بوونەوەی كاری حزبی، لەگەڵ پێڕەو و پڕۆگرامی كاری حزبی ئێمە دەستمانكردووە بە ئەنجامدانی كاری حزبی و رێكخستنەوە لە سنوورەكەدا، كە درێژەپێدەری كارەكانی حزبەكەیە لە ڕابردوودا، بۆ خزمەتی هەڤاڵان و دەنگدەران و پێشمەرگە دێرینەكان، گۆڕانكاری لە رێكخراو و لیژنەكان و ناوچەكاندا کراوە.
  • پەیوەندی پارتی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە چۆنە لە سنووری ئێوە؟
  • پێگەی پارتی لە سنووری لقەكەماندا، پێگەیەكی پتەو و تۆكمەی هەیە، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی خەباتمان، لە پێناو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان، بە تایبەتی لەگەڵ عەرەبەكان چ لە سنووری قەراج یا لە هەموو سنوورەكان، كە عەرەبەكان كەسانی ڕەسەنی ناوچەكەن و مێژوویەكی دوور و درێژیان لەگەڵ خەڵكەكەدا هەیە، كە هەمیشە پەیامی سەرۆك بووە، كە پیویستە لەگەڵ ئەو خەڵكە بە ئاشتی و تەبایی و تێگەیشتن ژیان بكەین. دەتوانم بڵێم ژمارەیەكی زۆریان لەگەڵ پارتی نزیكن و هاوڕان، لە هەڵبژاردنەكانیشدا زۆرینەیان دەنگدەری پارتی دیموكراتی كوردستانن، ئێمەش هەموو كات لە هەموو پێکهاتەکانەوە كاندیدمان هەبووە، كە بووەتە هاوبەشی و تەبایی كە ئەوە ڕێبازی بارزانی نەمرە ئێمە لەسەری پەروەردە كراوین، هەمیشە ئەوانیش كە هەندێك ناوچە لەبەشە خاكی مادەی 140ی هەرێمی كوردستانن، لە كاتی ریفڕاندۆمدا دەنگیان بەسەربەخۆیی هەرێمداوە، ئەمیش بۆ ئەوە بووە كە ئەوانیش ببن بە بەشێك لە هەرێمی كوردستان.
  • هێنانە پێشەوەی گەنجان لە کایەی سیاسی و حزبیدا بە تایبەت لەناو پارتیدا چۆن دەبینن؟
  • بێگومان هێنانە پێشەوەی گەنج لە بواری حزبی بێت یا هەر بوارێكی تر، بێتە ناو كایەی سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتی، دەتوانن خزمەتێكی باش بكەن، ئێمەش بەش بە حاڵی خۆمان هەرچی لە تواناماندا هەبووبێت لەم سنوورە درێغیمان نەکردووە، بە ئامادەگی بێت یا بەرنامە، بەفەرمانی سەرۆكیش بەرنامە و پلانمان هەیە، كە پێویستە گرنگی بە گەنجان و هێنانە پێشەوەی ئافرەتان بدرێت، لەم دوو ڕووەدا ئێمە هەوڵی زۆرمانداوە لە ئۆرگانەكانی حزب جێیان بكەینەوە، جا چ لە ڕێگای ڕێكخراوەكانی یەكێتی قوتابیانەوە بێت یا لە رێگای ڕێكخراوە مەدەنییەکانەوە، تا بتوانرێت سوود لە توانای گەنجانی ئەم سنوورە ببینرێت.
  • پێتان وایە کاری حزبی لە سنووری ناوچە دابڕێنراوەکان ئەستەمتر بێت بۆ ئێوە؟
  • ناوچە دابڕاوەكان، بە هەرێمی كوردستان دەزانین، بەتایبەتی ئەوەی دەكەوێتە سنووری قەزای مەخموور هەموومان دەزانین قەزای مەخموور لە كۆتاییەكانی ساڵانی 1996یش بەشێك بووە لە پارێزگای هەولێر. بەڵام دوای ئیدارەی حكوومەتی عێراق سنووری ئەم پارێزگایەیان خستە سەر پارێزگای مووسڵ. سنووری مادەی 140 و بەتایبەت قەزای مەخموور، تایبەتمەندی خۆی هەیە، تا 16 ئۆكتۆبەریش ئەم سنوورانە لە ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە و دەیپاراستن، لەرووی ئەمنی و ژیانی خەڵكی ڕاستە تۆزێك سەختە، بەڵام ئێمە بەرنامە و پلانی خۆمان هەیە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی.
  • دەستکەوتە ئیدارییەکانتان لەم سنوورە چی بووە؟
  • لەماوەی رابردوودا هەوڵی زۆرمانداوە بۆ بەقەزاكردنی ناحییەی قوشتەپە، ئێستەش ئەو سنوورەی كە هەیە، لە سنووری شەمامك ئەوانەش وەك ناحییە دەخرێنە سەر قوشتەپە بۆ ئەوەی بتوانن بۆ هاتوچۆ و دەستگەشتن بە یەكە ئیدارییەكان و خزمەتگوزارییەكان، بتوانین خزمەتی خەڵكی بكەین، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش ڕەزامەندی دەربڕیووە بۆ ئەوەی ئاسانكاری بكرێت بۆ خەڵكی لەم سنوورە، بۆ ئەوەی بتوانن كاروباری خۆیان ڕایی بكەن. هەوڵی زۆرمانداوە لە رێگای پارێزگاری هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ، دیوانی وەزیرانیش كە ئەو زەوییانەی كە بە زەوی سندوقی ناو دەبران و خاوەنیان هەبوو، بەڵام یاساكان رێگەیان نەدەدا، كە خانووی تێیدا دروست بكەن، ئێستە خەڵكی دەتوانێت لەسەر زەوی خۆی خانوو بكات ئەو زەویانەی كە كارت بوون كران بە تاپۆ و ئیستا دەتوانن زەوییەكانیان بەكار بێنن.
  • كێشەكەی قەرەچووخ چی بوو كە مانگی ڕابردوو تێیدا روویدا و بەداخەوە بووە هۆی شەهید بوونی چەند فەرماندەیەك و برینداربوونی چەند پێشمەرگەیەك؟
  • پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بەردەوام سنگیان كردووەتە قەڵغان بۆ هەموو ڕووداوێك، ئەوەی كە ڕووشیدا هەمووان دەزانن ئەو سەنگەرانەی كە هەبوون لەم سنوورە، لەلای پەكەكە بوون، بەداخەوە بەبێ ئاگاداری هەرێمی كوردستان و هاوئاهەنگی، سەنگەرەكانیان ڕادەستكردبوو بە سوپای عێراق، هەمووانیش دەزانن زنجیرەی ئەو چیانەش پێشمەرگەی كوردستان دەیپارێزێت، نەدەبوو ڕادەستی سوپای عێراق بكرێت، هەموو هێزە دەرەكییەكە بە ئەنقەست وایانكرد، چەكدارانی داعش لەو سنوورە هەن كە بوونەتە هۆكاری گرفت بۆخەڵكی ئەم سنوورە، ڕەنگە لە ئایندەشدا ببنە سەرچاوەی مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی بۆ ئەوەی ئەو مەترسییەش بڕەوێتەوە هێزی پێشمەرگە پارێزگاری لێ دەكات و پێشمەرگە تێیدا باڵا دەستە، سەرباری ئەوانەیش پێكهاتەكانی ئەو سنوورە لایان پەسەندە كە تەنیا هێزی پێشمەرگەی كوردستان پارێزگاریان لێ‌ بكات و لەو سنوورە پێگەی بە هێزیان هەبێت.